ئه‌گه‌رو لێكه‌وته‌كانی ئاشتبوونه‌وه‌ی نێوان قه‌ته‌ر وسعودیه‌ !

به‌خۆلادان له‌و پۆلێن ودابه‌شكاریه‌ی كه‌ له‌نێوان وه‌ڵاتانی كه‌نداودا كاری بۆكراوه‌‌ ، له‌وێشه‌وه‌  بۆ هۆگری وله‌خۆگرتنی ته‌واوی گروپ وحزب وڕێكخراوه‌ ئیسلامیه‌كان له‌نێوان خۆیاندا ، كه‌ له‌م مپه‌ڕی جیهانبینی نه‌رمیه‌وه‌ ‌تا ئه‌و دیوووی تووندڕه‌وه‌كانی ، ئه‌ویش به‌پێی دووری ونزیكی وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیی وسه‌رجه‌مسه‌ریه‌كانی وه‌ڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی ، كه‌به‌بڕوای به‌نده‌ جێاوازی و پشتگیری سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی ئیمارات بۆ گروپ ولایه‌نه‌ ته‌قلیدیه‌كانی جیهانی ئیسلامیی به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ڕابردووی ‌سعودیه‌ بۆ سه‌له‌فیه‌تی جیهادی و مه‌دخه‌لی ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ڕاجێایی و تێڕوانینی جێاوازی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر بۆ قوتابخانه‌و حزب وڕیكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ئیخوان موسلیمین هه‌روا له‌خۆڕا نه‌هاتووه‌و ڕه‌نگه‌ ئیراده‌یه‌كی ده‌ولی وخواستێكی ئیقلیمی و به‌رژه‌وه‌دیه‌ تایبه‌تی وبنه‌ماڵه‌و خێڵیه‌كیه‌كانی ناوخۆ ، پێكه‌وه‌ له‌پشت ئه‌م دابه‌شكاری وڕۆڵ پێدانه‌بن ، هه‌تا به‌وجۆره‌ی هه‌موان ئه‌یانه‌وێ به‌رده‌وامی بده‌ن به‌ململانێیه‌كان و گه‌مه‌و یاریه‌ جیهانی وئیقلیمیه‌كانی پێی ساغ بكه‌نه‌وه‌ !

واته‌ جگه‌ له‌م پێشین وناسینه‌وه‌یه‌‌ ئه‌كرێ بڵێن سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌و گرفته‌كانی ئه‌م دوایه‌ی نێوان وه‌ڵاتانی كه‌نداو  بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ، كه‌ ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر پشتگیری وهاوكاری شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی كردوه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ لایه‌نگیری ئیخوان و ئه‌و ڕه‌وته‌‌ ئیسلامیانه‌ی كه‌ له‌سیاسه‌ت وبه‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ی ئیخواندا ته‌بابوون ، دیسان تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌دژی سیاسه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی ئیمارات وسعودیه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی تووندووتۆڵی له‌گه‌ڵ ‌ئێران و توركیادا هه‌یه‌ ، كه‌ئه‌مه‌ی دواتر ڕێخۆشكاربوو بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌كشانه‌وه‌و به‌شداری نه‌كردنی له‌هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی دژی حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن ، كه‌ له‌سه‌ره‌تای سالێ 2015 به‌ڕابه‌رایه‌تی سعودیه‌ و به‌هاندانی ئیمارات ڕاگه‌یه‌نرا !

وه‌لێ پاش ئه‌و هه‌موو هه‌ڵبه‌زه‌و دابه‌زه‌ سیاسیه‌ی كه‌ به‌درێژایی هه‌شت ساڵی ڕابردوو له‌ناوچه‌كه‌ ڕوویدا ، ڕه‌نگه‌ جارێكیتر و له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕانكاریه‌ تازه‌كان ، وابخوازێ گۆڕانكاری وڕیزبه‌ندی نوێ بێته‌ئاراوه‌ ، یه‌كێكـ له‌و گۆڕانكاری و ڕێخستنه‌وه‌یه‌ ئاشتبوونه‌وه‌و پێكهاتنه‌وه‌ی نێوان وه‌ڵاتانی كه‌نداوه‌ بێ ، به‌تایبه‌تی له‌نێوان ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر و هه‌ر سێ وه‌ڵاتی سعودیه‌ وئیمارات وبه‌حره‌ین ! وه‌كـ مه‌علوومه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ ‌‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ڕیكه‌وتن و ئاشتبوونه‌وه‌ سه‌ردان وهاتووچۆ له‌نێوان به‌رپرسانی قه‌ته‌رو سعودیه‌ كراوه‌ته‌وه ‌! هه‌ر بۆیه‌ له‌ئه‌گه‌ری ئاشته‌وایی وپێكهاتنه‌وه‌ی قه‌ته‌ر وسعودیه‌ ، به‌بڕوای به‌نده‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و وه‌ڵاتانی كه‌نداو ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر ڕیزبه‌ندیه‌كی تر :

یەکـ : ئەگەر ئاشتبوونەوەی نێوان سعودیەو قەتەر ، ئیماراتی گرتەوە ! ئەوا لەسەر حیسابی تورکیا و په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵی وستراتیژیه‌كانی نێوان توركیا وقه‌ته‌ر کۆتایی دێ ! لەوێشەوە بۆ ئه‌گه‌ری قوربانیدان به‌ئیخوانە هەڵهاتووەکانی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ له‌و وه‌ڵاته‌دا چه‌ندین ساڵه‌ به‌ئازادی و دوور له هه‌موو ‌هه‌ڕه‌شه‌و ڕاوه‌دوونان وزیندانیكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی عه‌ره‌بی نیشته‌جێی ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌رن ! لێره‌شه‌وه‌ بۆ یه‌كلابوونه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی كه‌نداو به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مریكا و به‌ به‌ڵێی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاوشێوه‌ی ئێران سنوورێكـ بۆ ده‌ستێوه‌ردان وهه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا دیاری بكه‌ن !

دوو : ‌ئەگەر ئەم ئاشتەواییە دوور له‌ ئیمارات ، به‌ تەنها قەتەر وسعودیە کۆبکاتەوە ، ئەوا لەسەر حیسابی جێاکردنەوەی ئیمارات لەسعودیە کۆتایی دێ و په‌یوه‌ندیه‌كانی سعودیه‌و ئیمارات ده‌چێته‌وه‌ دۆخێكی تره‌وه‌ ! بێ گومان سه‌ره‌ڕای نزیكی وهاوبیرو هاوهه‌ڵوێستی نێوان محمد بن زاید و محمد بن سه‌لمان له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ ، وه‌لێ ئه‌وه‌نده‌ فشاری ئیمارات له‌سه‌ر سعودیه‌ بوونی هه‌یه‌ ، بایی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌بێ به‌م نزیكیه‌ی نێوان قه‌ته‌رو سعودیه‌ گڕ له‌هاوسۆزیه‌كانی هه‌ردوولا به‌ردا و كۆتایی به‌و ‌زۆره‌ملێ بێنێ ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌كـ حه‌قیقه‌تێكـ هاته‌ پێش ، ئه‌وا دەرگاو كرانه‌وه‌یه‌كی پشوو ئامێز بەڕووی ئیخوانە زیندانیکراوەکانی وەڵاتی سعودیە ئەکاتەوە ! كه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ له‌چوار چێوه‌ی سیاسه‌تی به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی دژ به‌ بیری میانه‌ڕه‌وی سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی ئیخوان ، زیندانه‌كانی پڕكردووه له‌ زاناو لایه‌نگرانی ئه‌م ڕه‌وته‌ !

سێ : لەئەگەری ڕاستبوونەوەی دووخاڵی سەرەوە ، ئه‌وا وه‌ڵاتانی كه‌نداو به‌جۆرێكی تر دابه‌ش و پۆلبه‌ندی ئه‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مجاره‌یان هاوپه‌یمانێتی لەنێوان ( ئێران ، ئیمارات ، سوریا ، یەمەن ) دا دروست ئه‌كات ، له‌به‌رانبه‌ر هاوبه‌ندی وهاوپه‌یمانێتی نێوان ( سعودیه‌ ، قه‌ته‌ر ، به‌حره‌ین ) ، ئه‌مه‌ش بۆ ئیمارات ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت ودژوار نیه‌ ، چونكه‌ حكومه‌تی ئیمارات هێشتا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌پچڕاندوه‌ ، هه‌روه‌ها پاش كۆتاییهێنان به‌شه‌ڕی داعش له‌سوریا و ئه‌گه‌ره‌كانی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر حوكم ، ئیمارات وه‌كـ یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی كه‌نداوی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا ئاساییكرده‌وه‌و بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی وه‌ڵاته‌كه‌یدا بۆ دیمه‌شق !

چوار : له‌ئه‌گه‌ری ئاشتبوونه‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ سعودیه‌ ، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ بازنه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ی هه‌ردوولا به‌كه‌مه‌ندكێشكردنی توركیا و میسر فراوانتر بكرێ ، واته‌ توركیا ده‌چێته‌ پاڵ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ی سعودیه‌ و قه‌ته‌ر ، میسر و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی سیسی بۆ ئێران و هاوخولگه‌كانی ئێران ساغ ده‌بێته‌وه‌ ! به‌مه‌ش به‌دیوێكی تر گه‌مه‌و یاریه‌كانی نێوان زلهێزان و وه‌ڵاتانی ئیقلیمی له‌م ناوچه‌یه‌ به‌رده‌وامی ئه‌بێ !   

له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌گه‌رو گریمانه‌ی كه‌ڕیزكران ، ڕه‌نگه‌ به‌شێكـ له‌م نووسینه‌ هێشتا له‌خه‌یاڵ وئاوه‌زی هبچ یه‌كـ له‌و وه‌ڵاتانه‌دا چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردبێ و زۆریش له‌واقیعه‌وه‌ دووربێ ، وه‌لێ له‌گه‌ڵ نیمچه‌ كۆتاییهێنانی داعش و یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ، ئاڵۆزیه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران وناسه‌قامگیری بارودۆخی ناوخۆی عێراق و سوریا و لوبنان ، خۆپیشاندانه‌كانی ناوخۆی ئێران و هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ لاوازكردن و سنوورداركردنی ڕۆڵی ئێران له‌ناوچه‌كه‌ ، نزیكبوونه‌وه‌ی قه‌ته‌ر له‌سعودیه‌ ، هه‌وڵه‌كانی گه‌یشتن به‌ئاگربه‌ستی كۆتایی له‌نێوان سعودیه‌ و حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن ، له‌ولاشه‌وه‌ پێشڕه‌ویه‌كانی توركیا له‌سوریا و لیبیا و بوونی باره‌گاو بنكه‌ی سه‌ربازی له‌سودان وقه‌ته‌ر ، كۆمه‌ڵێ ئاماژه‌و سه‌ره‌داوی گرنگـ و نوێن ، ئه‌كرێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م پێشهاته‌ تازانه‌ ، ڕوخسار وناسینه‌وه‌یه‌كی تری جێاواز له‌ڕابردوو به‌ناوچه‌كه‌ بداته‌وه‌ !