دوای عه‌بدولمه‌هدى، عێراق به‌ره‌و چاره‌نوسێكى نادیار

هه‌مووان ده‌زانین عێراق چۆن دروست بووه‌ و چۆن قۆناغه‌كانى ده‌وڵه‌تدارى به‌ڕێكرد هه‌ر له‌ دامه‌زراندنى سیستمى پادشایه‌تى و سه‌رده‌مى داگیركاری ئینگلیزی تا گۆڕانى به‌ سیستمى كۆمارى و سه‌رده‌مى كوده‌تاكان و دواتر سیستمى دیكتاتۆرى و پاشان عێراقی تازه‌ى دواى 2003 , ئه‌وه‌ى كه‌ خاڵى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو سیستم و قۆناغه‌كانه‌, ئیستیبدادی ده‌سه‌ڵات و ناڕه‌زایی خه‌ڵك بووه‌ له‌ده‌ستی بێدادی و جه‌هل و هه‌ژارى كه‌ بێ گومان ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه‌ .

شاگه‌شكه‌یی به‌ داگیركاری
عێراقییه‌كان له‌ 9/4/2003 شاگه‌شكه‌بوون به‌ هاتنى داگیركار بۆ وڵاته‌كه‌یان كه‌ كه‌م نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل هه‌یه‌ وه‌ها ره‌فتار و هه‌ستێك ده‌ڕبڕی به‌ هاتنى بێگانه‌ و سوپای داگیركار, به‌ڵام چونكه‌ ئیستیبداد و سته‌مى حوكمڕانى سه‌رده‌مى به‌عس هێنده‌ قورس و پڕئازار بوو ئه‌گه‌ر لای گه‌لان ئه‌مه‌ مایه‌ى سه‌رسوڕمانبووبێ لای عێراقییه‌كان هه‌رسكراو بوو چونكه‌ خه‌یاڵدانى گه‌لانى عێراق پڕیبوو له‌ خه‌ون و ئومێد به‌ ژیان و ژیارێكى تازه‌ , به‌ڵام مخابن ئه‌و خۆشی و ئومێده‌ زۆرى نه‌خایه‌ند هه‌مووى پوچ ده‌رچوو چونكه‌ سیستمێك له‌ عێراقدا له‌دایك بوو راسته‌ له‌ رواڵه‌تدا ده‌ستوور و یاسا له‌سه‌رووى بوو, دامه‌زراوه‌كانى یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنى ئازاد و گۆمه‌لگه‌ى مه‌ده‌نى ئازادى راده‌ڕبڕینى هه‌بوو, به‌ڵام له‌ ناواخنیدا ده‌یان و سه‌دان گه‌وره‌ فاسیدى له‌خۆ كۆكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ره‌نجام هه‌رزوو ناسه‌قامگیرى باڵى كێشا به‌سه‌ر وڵاتدا و ئیرهاب له‌ناوه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى هاڕی و ده‌سه‌ڵاتیش له‌سه‌ره‌وه‌ داهاته‌كه‌ى به‌تاڵان برد و سه‌ركووتى كرد, ده‌ره‌نجام ئه‌وه‌ى كه‌مایه‌وه‌ له‌وڵات هه‌ژارى و جه‌هل و بێئومێدى خه‌ڵك بوو له‌ سیستمی حوكمڕانى .
له‌هه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات حه‌ق به‌لاى خه‌ڵكه‌
ئێستا و له‌ ئه‌نجامى شكستى ده‌وله‌ت له‌ ئیداره‌دانى سیاسی و ئابوورى عێراق خه‌ڵك قسه‌ى خۆى كرد و رژایه‌ سه‌ر شه‌قام و هوتافی(شعل , قلع , كلهم حرامیه‌ , و نازل اخژ حقی, و ماكو وگن ماكو دوام) كارتى سوورى به‌ڕووى فاسیده‌كانى عێراق به‌رزكرده‌وه‌ وله‌ژێر فشارى خه‌ڵك و له‌قبوونى پێگه‌ى مه‌رجه‌عییه‌ت له‌ هزری پێكهاته‌ى شیعه‌ ناچار عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ .
چه‌ند خه‌سله‌تێكى ئه‌م جووڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ :
1- سه‌ره‌تا له‌ پایته‌خته‌وه‌ ده‌ستى پێكرد و ئێنجا چووه‌ شاره‌كانى تر .
2- جووڵه‌كه‌ له‌شه‌قامى شیعه‌ مه‌زهه‌ب ده‌ستی پێكرد و ناوماڵى شیعه‌ى په‌رتكرد و هه‌ره‌شه‌كه‌ش هه‌ر بۆ سه‌ر نوخبه‌ى سیاسی شیعه‌ مه‌زهه‌به‌.
3- كورد و سوننه‌ تا ئێستا له‌ ئاستى شه‌قام و نوخبه‌ى سیاسی ته‌ماشاكارى رووداوه‌كانن , هه‌رچه‌ند ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌رى گۆڕانكارییه‌كان له‌ داهاتوودا .
4- پێگه‌ى مه‌رجه‌عییه‌ت له‌ هزر و ده‌روونى خۆپیشانده‌ران كه‌وته‌ ژێر پرسیار كه‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌كانى رابردوو هێنده‌ موقه‌ده‌س بوو كه‌س جورئه‌تى باسكردنى نه‌كردووه‌ .
5- شه‌ڕی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پارته‌ سیاسییه‌كانه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ سوارى شه‌پۆڵی ناره‌زایه‌تییكان بێت .
6- ئه‌م ناره‌زایه‌تییانه‌ هێشتا خاوه‌ن و ده‌مڕاست و سه‌ركرده‌كانى شاراوه‌ن و دیارنین تاكو ده‌سه‌ڵات زوو ئیحتیوایان بكات و موساوه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ بكات .
پێشبینییه‌كان بۆ داهاتوو

له‌دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى و بوون به‌ حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر هێشتا شه‌قام ده‌كوڵێ و خوێنى لێده‌چۆڕێ ئه‌وان هه‌ر (شلع قلع) ده‌ڵێنه‌وه‌ و داواى گۆَڕینى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و سه‌ركۆمار و ته‌نانه‌ت ده‌ستوور و سیستمى سیاسی ده‌كه‌ن . بۆیه‌ پێشنینی ده‌كرێت ته‌مه‌نى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانیش تا ده‌ركردنى چه‌ند یاسایه‌ك وه‌ك یاسای كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و یاسای هه‌ڵبژاردن و چه‌ند بڕیارێكى گرنگ كه‌ بۆ ده‌ستپێكى قۆناغی تازه‌ى سیاسی له‌ عێراق پێویستن بمێنێت و پاشان ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران هه‌وڵوه‌شێته‌وه‌ و وڵات بچێته‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ , یان قۆناغیكى راگوزه‌ر بێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نێكى یاسادانان دامه‌زرێ بۆ دووباره‌ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورێكى تازه‌ له‌ عێراقدا كه‌ سیستمى په‌رله‌مانى له‌ گۆڕنی و سیستمى سه‌رۆكایه‌تى ئیقرار بكات و ئه‌وكات عێراق له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت كه‌ یان ده‌توانێ باڵانس له‌ نێوان به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان له‌ عێراقدا راگرێ به‌تایبه‌تى (ئه‌مریكا – ئێران ) یان به‌لایه‌كدا ده‌كه‌وێ . چونكه‌ هه‌م گه‌ڵى عێراق بێزاربوونى له‌ سیستمى په‌رله‌مانى چونكه‌ سه‌ركرده‌ى گه‌نده‌ڵى زۆری به‌رهه‌مهێنا , ئێستا له‌ هزرى تاكى عێراق ره‌نگرێژی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ له‌بری ده‌یان كوتله‌ى فاسیدى په‌رله‌مانى كه‌ داهاتی وڵات هه‌ڵده‌لووشن و به‌شی گه‌له‌كه‌ى لێناده‌ن , یه‌ك سه‌ركرده‌ى فاسید سه‌رۆكى عێراق بێ وه‌كو جاریجاران هه‌ندێك بۆ خۆی بدزێ و هه‌ندێكى بۆ گه‌ل خه‌رجبكا . هه‌م ئێران و ئه‌مریكا بیزارن له‌ ده‌ست ئه‌م كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌ زۆر و لاوازانه‌ كه‌ تا ده‌سازێن كاتی زۆری ده‌وێ , به‌ڵام به‌سیستمى سه‌رۆكایه‌تى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك سه‌رۆك ده‌كرێ .

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن ئیسلامى سیاسی شیعه‌ مه‌زهه‌ب ده‌رفه‌تى خۆى له‌ حوكمڕانى له‌ عێراقدا وه‌رگرت و شكستی هێنا, چونكه‌ به‌ عه‌قلییه‌تى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و محرومییه‌ت مامه‌له‌ى كرد ,نه‌ك به‌ عه‌قلییه‌تى باوكایه‌تى و ده‌وڵه‌تى دامه‌زراوه‌یی و تێركردنى خه‌ڵك . ئێنجا پێشبینى ده‌كرێت داهاتووى عێراق بدرێته‌ ده‌ستى كه‌سانێكى عه‌لمانى سه‌ربازى هاوشێوه‌ى میسری سه‌رده‌مى موباره‌ك .