لە ئێستادا گەرچی بابەتی سەری ساڵ و رۆژژمێر بووەتە ئامرازێکی ململانێی کلتووریی و شوناسە جیاوازەکان. لە بنچینەدا ئەم بابەتە پەیوەندییەکی بە ئاین و ئایدۆلۆژیاکانەوە نییە، بابەتێکی دنیاییە، ئاینەکان و پێغەمبەرانیان شتێکیان بەناوی رۆژژمێرەوە دانەهێناوە و بۆیان نەهاتووە، نە عیسا و نە موحەممەد هیچ یەکێکیان ئاگای لەوە نییە کە ساڵژمێرێکیان بە ناوەکانی "زاینی" و "کۆچی" بۆ دانراوە.

مرۆڤ و شارستانێتە دنیاییەکەی، بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی بە پێی خولانەوەی زەوی و یەک خولی تەواو بەدەوری خۆردا کە ساڵێك تەواودەکات و ٣٦٥.٢٥ رۆژی دەخایەنێت، ساڵژمیر و رۆژژمیری داهێناوە، لەمەشدا پشت بە دیاردەیەکی فەلەکی و سروشتی بەستراوە، مەرجیش نییە ئەو خولە لە ١/کانونی یەکەم یان ١ی موحەڕەم یان ١ی خاکەلێوە یان ١ی فەروەردین و ...تاد بێت.

ئەبورەیحانی بیرونی(٩٧٣ز-١٠٤٨ز) مێژوونوس و زانای فەلەکناس و لێکۆڵەری بواری ساڵنامەکانی گەلان، لانیکەم زیاتر لە970ساڵ لەمەوبەر ئەم گرێ و ململانێیەی بۆ رۆشنکردووینەتەوە تا نەیکەینە کێشە و بزانین رۆژژمێرەکان تەنها پەیوەستی ئاین و پەرستشە ئاینییەکان نین، ئەو لە کتێبی (اثار الباقية عن القرون الخالية)دا دەڵێت: 

رۆژژمێر کاتێکی دیاریکراوە لە سەرەتای ساڵەوە دەست پێدەکات کە لەو ساڵەدا پەیامبەرێک نێردراوە یان پادشایەک شۆڕشێکی ئەنجامداوە یان نەتەوەیەک بە تۆفان و بوومەلەرزە وێران بووە یان وڵاتێک لەناوچووە، یان پەتا و برسێتییەکی بەهیز رویداوە، یان گواستنەوەی حکومەتێک یان ئاڵوگۆڕی نەتەوەیەک یان روداوێکی مەزن لە نیشانە ئاسمانی و نیشانە دیارەکانی سەرزەوی کە لە ماوەیەکی دورودرێژدا نەبێت روونادەن، رویانداوە و لە رێگەی رۆژژمێر و کاتە دیاریکراوەکانەوە دەناسرێنەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا چ دینی و چ دنیایی ناتوانرێت لە رۆژژمێر خۆلابدرێت.

سەرجەمی ئاین و نەتەوەکان کە لە سەرزەوی بڵاون، هەریەک رۆژژمێرێکی تایبەت بە خۆی هەیە و سەرەتای ئەو رۆژژمێرەش لە سەردەمی پادشا مەزنەکان یان پەیامبەران یان دەوڵەتەکانی ئەوان، یان یەکێک لەو هۆکارانەی کە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، دەبێت. بە یارمەتی ئەو رۆژژمێرانە پێویستییەکانی خۆیان لە مامەڵە و کاتناسی رێکدەخەن و ئەڵبەتە هەر رۆژژمێرێک تایبەت بەو نەتەوەیەیە کە دایهێناوە.(آثار الباقیه عن القرون الخالیه/ محمد بن احمد ابوریحانی بیرونی/ترجمه اکبر داناسرشت/جلد1/ص19)

*

پەراوێزێک: گرنگ ئەوەیە ئێوە لە خۆشیدابن گەروایە ساڵی نوێتان پیرۆز و بەختەوەربن، وەلێ بۆ خۆم گەرچی ساڵێکی بەهات بوو بۆ ژیانی کەسێنییم، بەڵام تا کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئاوا ببینم گەر دڵخۆشیش بم کورت و تێپەڕ و قورسە لەسەر دڵم. دۆخی دنیا و ناوچەکەش وا دەیبینن دەکوڵێت و ئەوەی تەوەر و خولگە نەبێت مرۆڤ و مرۆڤگەراییە، بەداخەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە، ساڵێک لەمەوبەر لە 31/12/2018 بڵاوم کردەوە. 

#کوردستان

#مەهاباد

#ئامەد

#قامیشلو

#کەرکوک