یاری نێوان امریکاو ئێران بەرەو گۆڵی زێڕین دەڕوات

دوو یاریزانی محنک و بێ ڕەحم و بەرژەوەند خواز و نەفەس درێژ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس هاتنە ساحەکەوە، دوای ئەوەی امریکا ڕژێمی بەعسی ڕوخاند و لە ڕۆژانی دوایی هەزاران ترلیۆن دۆلاری بە هەدەردا و سێ هەزار سەربازی بوونە قوربانی، بەڵام ئێران نەرم خۆی خزاندە نێو عێراق و دیار و نادیار دەستی خستە ناو کاروباری عێراق و لەوێشەوە دەستی هاوکاری زیاتری گەیاندە خانە نوستووەکانی لە لوبنان و دواتر سوریا و یەمەن.

امریکا سزای ئێرانی دا بە کوشتنی قاسم سلێمانی و ابو مهدی مهندس و کوشتنی ئەو کەسایەتیە شیعیانەش بەشێک بوو لە هەوڵی امریکا بۆ دەست گرتنەوە بە ڕێشمەی حوکمڕانی لە عێڕاق و ویستی ئێران لاواز بکات.

بەڵام کاردانەوەکە لە چاوەڕوانی امریکا گەورەتر بوو چونکە ئێران یەکەم شت کە کردی سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاو چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەو مەراسیمی گەورەی بۆ ناشتنی تەرمەکان انجامدا کە لە دوای خومەینی یەکەم گردبوونەوەی شیعەیە کە ئەم هەموو خەڵکە زۆرە کۆبکاتەوە بە تایبەت گریانەکەی خامەنی ڕابەری گشتی ئێران.

بە جۆرێک ماڵی شیعەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێک خستەوەو ئەم جارە هەمووان پێکەوە بۆ یەک ئامانج کەوتنە کار ئەویش دژایەتی کردن و فشار خستنە سەر امریکا بوو، ئێران زیرەکانە هەنگاوی ناوە تا ئێستا بە تایبەت دوای پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای دورخستنەوەی هێزەکانی بیانی و (امریکا) لە لایەن پەرلەمانی عێڕاق کە وا نیشان دەدات کە امریکا دوای ئەم هەموو قوربانی دانەی لە خاکی عێڕاق وەک دەرکراو بێتە بەرچاو لە جیهان و شکۆی ئەم زلهێزەی خستە ژێر پرسیارەوە. هەنگاوی دواتری ئێران لە دژی امریکا لێدانیەتی لە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی و کێشە دروست کردنە بۆ سوودە داراییەکانی امریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لێرەدا کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاریگای یاری هەردوو ووڵاتە و عێراقیش سەنتەری یاریگاکەیە. بەڵام جێگەی ئاماژەیە کە امریکاش پلانی خۆی هەیە و دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و بڕینی دەستێکی مەترسیدار لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی بەوە ناوەستێ و بە ئاسانی یاریەکە جێ ناهێڵێ، ئەوەتا هەڕەشەی ئابوری و ئەمنی لە عێڕاق دەکات و ئێران بە کێشە هەرە گەورەکەی عێراق وەصف دەکات.

دوا بڕیاری امریکا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی دوو ئەگەری هەیە:

یەکەم/ وەک دەڵێی ناز دەکات و دەیەوێ عێڕاقیەکان ناچار بە داوا لێکردنیان بکات بۆ مانەوەیان لە ناوچەکە، بە تایبەت دوای هەڕەشە ئابوریەکانی بۆ سەر عێراق.

دووەم/ لە ئەگەری جێ بەجێ کرنی بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق پلانی حصاری ئابوری دەخاتە سەر عێراق و داوای قەرزەکانی دەکات کە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلارە و جوڵە بە سوننەکان دەداتەوەو لە ڕێگەی هێزێکی وەک داعش ئاساوە دەست بەسەر ناوچەی سوننەدا دەگرێتەوەو کوردیش لەم نێوەندەدا پێدەچێت پرسی سەربەخۆیی دوبارە بخاتەوە بەرباس و امریکاش ام جارە وەک تاکتیک پێدەچێت پشتگیری کورد بکات.

دوای هەموو ئەو ڕوداوانە پرسیارێکی گرنگ دێتە کایەوە ئایا جەنگی نێوان امریکا و ئێران ڕوودەدات؟ ئەستەمە، چونکە ئێران ناتوانێت سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی کە هەیەتی بچێتە جەنگێکی خۆ کوژەوە، امریکاش لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیە ئابوریەکانی لەناوچەکە دروست دەبێت، بۆیە چاوەڕێی جەنگی ڕاستەوخۆی ئەم دوو ووڵاتە مەبن.

هێزەکانی امریکاش ئەستەمە عێراق جێ بهێڵن چونکە:

۱- عێراق سەرچاوەیەکی گەورەی پاڵپشتی داراییە بۆ امریکا.

۲- عێڕاق ئەو ووڵاتەیە کە ووڵاتانی عربی بە اوڕوپا دەبەستێتەوە.

۳- عێراق ئەگەر بکەوێتە خۆی مەترسی دەبێت بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوندیەکانی امریکا لەناوچەکە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کورد چۆن هەنگاو دەنێت و تا چ ئاستێک دەتوانێت سوود لەو یاریە بێ ڕەحمانەی هەردوو ووڵاتی دەست ڕۆیشتووی ناوچەکە ببینێت، پێشتر کورد یان بەکارهێنراوە، یان بۆتە بەشێک لە ئەجێندای زلهێزێک.

بەڵام ئەم جارە پێویستە ڕۆڵی بەژەوەند خوازێک ببینێت و یەکلانەبێتەوە بەیەر هیچ کام لە تەڕەفەکان و ووریایانە سوود لە ڕووداوەکان وەرگرێ و گەلەکەی لە مەینەتی دیکە ڕزگار بکات، چونکە هەم امریکا دەیەوێت هەژموونی ئێران لەناوچەکە کەم بکاتەوە، هەمیش ئێران دەیەوێ پایتەختێکی دیکە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی کە بەغدایە.

امریکا یان ئێران کامیان گۆڵە زێڕینەکە دەکات؟ کێ براوەی یاریەکە دەبێت؟ کورد دەرفەتی زێڕینی خۆی دێتە پێشەوە؟ ئایا خۆی ئامادە کردووە بۆ سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک؟ گۆڕانکاریەکانی داهاتوو ئەمە دەردەخەن، کێشەکەش ئەوەیە گەلی عێراق دەبێ باجە گەورەکە بدەن.