زيادبوونى ژماره‌ى خۆپيشانده‌ران و ئاينده‌ى پێگه‌ى سه‌در

دواى ئه‌وه‌ى موقته‌دا به‌ پاڵپشتى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى خۆپيشاندانێكى ميلۆنى رۆژى هه‌ينى رابردوو24ى كانونى دووه‌مى، له‌ ده‌ره‌وه‌ى گۆڕه‌پانى ته‌حرير و به‌ هێنانى خه‌ڵكى هه‌موو پارێزگاكان به‌ڕێوه‌برد، دواتريش هێرشى كرده‌سه‌ر، خۆپيشانده‌رانى گۆڕه‌پانى ته‌حرير و پارێزگاكانى تر، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌موو پاڵپشتى و ده‌ستوه‌ردانێكى له‌ خۆپيشاندان كشانده‌وه‌، له‌و ساته‌دا گۆڕه‌پانه‌كان چۆڵييه‌كيان پێوه‌دياربوو، ئه‌و پشت تێكردنه‌ى موقته‌دا سه‌در و چۆڵبووى گۆڕه‌پانه‌كان خه‌ڵكى ناڕازى له‌ موقته‌دا توڕه‌كرد، به‌هانه‌يه‌كيشى دايه‌ نه‌ياره‌كانى ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى سيحرى كاريزكايى سه‌در به‌تاڵ كه‌نه‌وه‌، هێزى جه‌ماوه‌رى بوونى كه‌م كه‌نه‌وه‌.

رۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 26ى 2020 له‌ هه‌موو پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق، خۆپيشاندانى جه‌ماوه‌رى و قوتابيان و چينه‌كانى ترى سه‌رى هه‌ڵدايه‌وه‌، ئەم خۆپيشاندانە ئه‌وه‌نده‌ى توڕه‌يى خه‌ڵكى له‌ پشته‌ بۆ داواكارى خزمه‌تگوزارى و گۆڕانكارى له‌ پرۆسه‌ى سياسى و حكومدارى عێراق، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ بۆ نيشاندانى ئه‌و باوه‌ڕه‌بوو كه‌ هۆشيارى نيشتمانى خه‌ڵك پێشه‌وايى جه‌ماوه‌رى خۆپيشانده‌ر و ناڕازى ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ش خواستى نه‌ياره‌كانى سه‌درى له‌ پشته‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاريگه‌رى و هه‌ژموونى سه‌در له‌سه‌ر شه‌قامى عێراقى، به‌ ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ژموونى سه‌در و كاڵكردنه‌وه‌ى له‌لاى خه‌ڵك، ئه‌و حزبانه‌ ئه‌گه‌رچى نيوه‌شيان له‌ ده‌سه‌ڵاتن، خه‌ڵك و لايه‌نگرانى خۆيان به‌ ژماره‌يه‌كى زۆره‌وه‌ خزاندۆته‌ ناو خۆپيشانده‌ران و بنيشه‌وه‌ پاڵپشتى لۆجستى جوڵانه‌وه‌ ناڕازييه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

دواى ئه‌وه‌ى سه‌در بێبه‌رى خۆى له‌ خۆپيشانده‌رانى ته‌حرير و پارێزگاكانى تر ده‌ربڕى به‌بيانووى ئه‌وه‌ى گومانيان خستۆته‌سه‌رى، چه‌ند لايه‌نى ناوخۆ و ده‌ره‌كى پاڵپشتى خۆيان بۆ خۆپيشانده‌ران ده‌ربڕى، ئه‌وه‌ش واى له‌سه‌در كرد، ناڕاسته‌وخۆ له‌ بڕياره‌كه‌ى هه‌ر  دواى كه‌متر له‌ 48 كاتژمێر په‌شيمان بێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ياره‌كانى هێشتا سورن له‌سه‌ر به‌هێزكردنى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆيان له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و شه‌قامه‌ توڕه‌يه‌ى كه‌ دووجار توڕه‌يه‌ جارێك له‌ ده‌سه‌ڵات و جارێكى تريش له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى رۆژى هه‌ينى سه‌در.

به‌و پێيه‌ى خۆپيشاندانه‌كان تا دێت له‌ هه‌ڵشاندايه‌، ته‌نها له‌ پارێزگاى ديوانييه‌ به‌ريه‌ككه‌وتن هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و گومانه‌ به‌ره‌و حه‌قيقه‌ت ده‌بات، كه‌ نه‌ك نه‌ياره‌كانى سه‌در له‌ ئۆپۆزسيۆن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ى رۆژى هه‌ينى پاڵپشتى خۆپيشاندانه‌ مليۆنييه‌كه‌يان بۆكرد، خه‌ڵكيان بۆ كۆكردوه‌، له‌پشتى خۆپيشاندانه‌كانى ئه‌مڕۆوه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر به‌و پێيه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ رۆژانى ئاينده‌دا ژماره‌ى خۆپيشانده‌ران زياد بكات، له‌هه‌مان كاتدا به‌ريه‌ككه‌وتن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌رم روونه‌ده‌ن، له‌نێوان خۆپيشانده‌ران له‌لايه‌ك و هێزه‌ ئه‌منى و سه‌ربازييه‌كان حه‌شد له‌لايه‌كى تر، ئه‌وا حه‌قيقه‌ته‌كه‌ ده‌كاته‌ حاشا هه‌ڵنه‌گر، كه‌ هاوڕێكانى رۆژى هه‌ينى سه‌در، ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوى له‌پشت خۆپيشانده‌رانه‌وه‌ بوون، چونكه‌ چه‌ند داواكارى چاكسازى هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌وه‌ دووپات ده‌كرايه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌بێ سه‌دريش ده‌توانن بچنه‌سه‌ر شه‌قام و خۆپيشاندان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش واتا وه‌رگرتنه‌وه‌ى ستێرنى شه‌قام له‌ سه‌در.