حكومه‌ت و خۆپيشانده‌ران عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن!!

ئه‌مڕۆ 122 رۆژ به‌سه‌ر دواين خۆپيشاندانه‌كانى عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، هێشتا جگه‌له‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى و كابينه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى هيچ گۆڕانكارييه‌كى جه‌وهه‌رى له‌ عێراق و كايه‌ى سياسيدا رووى نه‌داوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌توانين بێژين، له‌ رووى كرده‌ييه‌وه‌ گۆڕانكارييه‌ك رووى نه‌داوه‌، چونكه‌ تا ئێستاش حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كار به‌ڕێده‌كات، خۆپيشانده‌رانيش سه‌ركوت ده‌كات، بگره‌ هه‌ندێك جاريش حكومه‌ت به‌پێى ويستى خۆى ئه‌و كارانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ردا نين، هه‌ندێكيش پشت گوێ ده‌خات كه‌ بۆ ژيان و گوزه‌رانى رۆژانه‌ى هاوڵاتيان گرنگ و به‌سوودن.

له‌ماوه‌ى خۆپيشاندانه‌كان به‌پێى نوێترين راپۆرتى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، له‌ رۆژى يه‌كى كانونى يه‌كه‌مى 2019ى يه‌كه‌مين رۆژى دواين خۆپيشاندانه‌كان 476 خۆپيشانده‌ر كوژراون، ده‌يان خه‌ڵك برفێنراون، (9000) نۆ هه‌زار خه‌ڵك له‌ خۆپيشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان برينداربوون، زيانى گه‌وره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و تايبه‌تى گه‌يشتووه‌، جوڵه‌ى بازرگانى و ئابووى عێراق به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى بۆ دروست بووه‌، به‌و هۆيه‌وه‌ ئه‌و كه‌رته‌ كه‌ خۆى له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌خۆش و پڕكێشه‌يه‌، به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى بۆ دروست بووه‌.

سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ چه‌ندين كێشه‌ى ترى بۆ عێراق دروست كردووه‌، هاوكات خۆپيشانده‌ران و هێزه‌ سياسييه‌كانى ده‌سه‌ڵات و كايه‌ سياسييه‌كه‌ى عێراق، به‌وانه‌شه‌وه‌ ئێستا له‌ ئۆپۆزسيۆنن، بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست بۆ يه‌كترى له‌ دريارى كردنى كانديدێك بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى كاتى عێراق.

له‌ماوه‌ى ئه‌و ئه‌م چوار مانگه‌ى خۆپيشاندان، له‌لايه‌ك حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و لايه‌نه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌ توندوتيژى نواندن، له‌لايه‌كى تريش خۆپيشانده‌ران به‌ داواكردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بى و هه‌رێمايه‌تييه‌كان، دۆخى عێراق به‌ ئاقارێكدا ده‌به‌ن، دياره‌ مه‌به‌ستم سه‌ركۆنه‌كردنى ئه‌و كاره‌ى خۆپيشانده‌ران نييه‌، رێگه‌ به‌خۆيشم ناده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ بزانم، ئه‌وه‌نده‌ هه‌يه‌ باس ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌كه‌م، له‌وانه‌يه‌ پرسى عێراق و خواست و داواى خۆپيشانده‌ران و كێشه‌ى بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى و دياريكردنى كانديدێك بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زيرانى كاتى عێراق و، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت و دادگايى كردنى بكوژانى خۆپيشانده‌ران و گه‌نده‌ڵكاران بكاته‌ پرسێكى نێوده‌وڵه‌تى.

له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى رابردوودا، چه‌ند ئاماژه‌يه‌ك هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ى پرسى خۆپيشاندانه‌كانى عێراق، به‌ ئاراسته‌ى به‌ نێوده‌وڵه‌تى كردن ببه‌ن، دياترين ئه‌و هۆكارانه‌، باڵوێزخانه‌ى 16 وڵاتى دنيا له‌به‌غدا، كه‌ هه‌ندێكيان وڵاتانى زلهێز و ئه‌ندامى هه‌ميشه‌يى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و كاريگه‌رى نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانن، له‌ دژى به‌كارهێنانى هێزه‌ ئه‌منييه‌ عيراقييه‌كان به‌يانناكه‌يه‌كى هاوبه‌شيان بڵاوكرده‌وه‌، داوايان له‌ حكومه‌تى عێراق كرد، رێز له‌ مافى مرۆڤ و ئازادى راده‌ربڕين و مافى گردبوونه‌وه‌ى ئاشتييانه‌ بگرێت، لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ پرسى كوشتنى خۆپيشانده‌ران بكات، بكوژه‌كانيش بداته‌ دادگا.

دياره‌ هۆكارێكى تر داواكارى خۆپيشانده‌رانى گۆڕه‌پانى ته‌حرير و پارێزگاكانى ترى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقه‌، له‌ رێككخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆئه‌وه‌ى ته‌ده‌خول بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندين لافيته‌يان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى خۆپيشانده‌ران به‌ شه‌ش زمانى زيندووى دنيا نووسيوه‌ و داوياى هاتنه‌ده‌نگى به‌په‌له‌يان كردووه‌، هه‌روه‌ك به‌ هه‌ماهه‌نگى و چه‌ند كه‌سايه‌تييه‌كى سياسى عێراق، نوێنه‌رى خۆپيشانده‌ران له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، چاويان به‌ نوێنه‌رى كۆمكارى عه‌ره‌بى كه‌وتووه‌ له‌ به‌غداى پايته‌خت، بڕياريشه‌ چاويان به‌چه‌ندين رێكخراو و نێرده‌ى نێوده‌ڵه‌تى بكه‌وێت، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌لاى چاودێرانى ياساى نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌، ئه‌و كارێكه‌ له‌گه‌ڵ ميساقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ، رێكخراوى مافى مرۆڤى نێوده‌وڵه‌تى و رێكخراوى لێبورده‌يى نێوده‌وڵه‌تى ده‌گونجێت، ئه‌وه‌ش هانى ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌دات، بێنه‌سه‌ر خه‌ت و هه‌وڵى وه‌رگرتن و دۆزينه‌وه‌ و ده‌ستخستنى به‌ڵگه‌ى وێنه‌ و ڤيديۆى سه‌ركوتكردن و داپڵوسين و سه‌ركوتكردنه‌كان و كوشتنى خۆپيشانده‌ران بده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ تاوانى دژه‌ مرۆڤايه‌تى له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، ئه‌و ديكۆمێنتانه‌ش بدرێنه‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى، كه‌له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند دانيشتنێكى گفتوگۆ و گوێگرتنى له‌سه‌ر دۆخى عێراق ئه‌نجامداوه‌.

به‌و پێيه‌ش، ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى بۆى هه‌يه‌، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ ئاينده‌دا بگرێته‌به‌ر له‌وانه‌، هۆشدارى دانه‌ عێراق، ناردنى ليژنه‌ى تايبه‌تى لێكۆڵينه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ ئه‌گه‌ر راپۆرتى ليژنه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌سه‌ر دوخه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى عێراق نه‌نووسرێن، ره‌نگه‌ عێراق بخرێته‌ ژێر وه‌سايه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ندى حه‌وته‌مه‌وه‌.

دياره‌ به‌رده‌وامى حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و لايه‌نه‌ چه‌كداره‌كان، له‌ نواندنى توندوتيژى و سه‌ركوتكردنى خۆپيشانده‌ران له‌به‌رچاو و گوێى ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمايه‌تييه‌كان، دواى ئه‌و به‌ياننامه‌ى باڵوێزى وڵاتان و راپۆرتى سه‌رۆكى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (يونامى) كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، بارودۆخى عێراق گه‌يشتۆته‌ ئاستێك ته‌حه‌موا ناكرێت، ئه‌م وڵاته‌ به‌ ئاراسته‌ و ئاقارى ئيفليج بوونى سياسى و ئابووريدا ده‌ڕوات، عێراق رووبه‌ڕووى سزاى نيوده‌وڵه‌تى ده‌بات، به‌پێى ماده‌كانى 39 تا 51ى ميساقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، وه‌ك شاره‌زايان و پسپۆڕانى ياساى نيوده‌وڵه‌تى باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، كه‌ كۆتاييه‌كه‌ى وه‌سايه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت بۆ عێراق، هه‌روه‌ك دادگاى نێوده‌وڵه‌تيش چاوه‌ڕێى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و توندوتيژييانه‌ ده‌كات.