سێ دەستەو سێ هەڵەی زەق، مەترسیدارتر لە ڤایرۆسی کرۆنا

 

دەستەی یەکەم/ ئەو وتاردەرو نووسەرانەی کە بە پێی ئاراستەکانی قورئان و فەرمانەکانی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) ناجووڵێنەوەو تەشهیرو سووکایەتی دەکەن و ڕێبازی قورئان لە وتاردا: حیکمەت، مەوعظەی حسنە و جدال بالتی هی ٲحسن، ڕەچاو ناکەن و لە بۆچوونە شەخسییەکانی خۆشیاندا بە ناوی خواو نوێنەرایەتیی ئاینی خواوە قسە دەکەن و بەڵگەی شەرعیی بۆ قسەکانیان ناهێننەوە.
دەستەی دووەم/ ئەو نووسەرو هونەرمەندو شاعیرو شانۆنووس و شانۆکارانەی کە پلاری بێ ئەدەبانە دەدەن و هەستی ملیۆنەها هاوڵاتی موسڵمان دەڕووشێنن و ئاوەزیان نیە کە خانەی ڕەخنەو سەرنج لە خانەی سووکایەتی و بێ ڕێزیی، جیا بکەنەوە، یان هەیانەو حیقدی ئایدیۆلۆژیی دەڕێژن و توانای دایەلۆک و گفت وگۆو ڕووبەڕووی ئازادانەیان نیە.
دەستەی سێیەم/ ئەوانەی بە بێ ڕیعایەتی ئادابی گفت وگۆ، دەست دەکەنە ڕەتدانەوەو نازانن خانەی (ڕەخنە و ئامۆژگاریی و سەرنج) لە خانەی (توانجدان و پلاری نەشیاو) تەنانەت (جوێندان) جیا بکەنەوە، هەروەک ئەم ئایەت و فەرموودانەیان نەبیستبێ: (ولا تلمزوا ٲنفسکم)، (ولا تنابزوا بالٲلقاب)، (وقولوا للناس حسنا)، (ولا تسبوا الذين يدعون من دون الله)، (لیس المؤمن بالطعان ولا اللعان ولا الفاحش ولا البذيء)، کە بە داخەوە هەندێک لەمانە بە خەیاڵی خۆیان داکۆکیی لە ئاین و بەهاکان دەکەن، بەڵام خۆشیان دەکەونە هەڵەی گەورەوە.
پێویستە دوو دەستەی یەکەم و سێیەم بە مەبدەئە قورئانیەکانی (حیکمەت) و (باشترین جدال) و (وتەی جوان) و (نەرمیی)و (نوصح)دا بچنەوەو دوور کەونەوە لە ڕەفتە قەدەغەکراوەکانی: زمانپیسیی و جوێندان و پلاردان و تووڕەبوون و سەپاندن و زۆرکردن و ..هتد. دەستەی دووەمیش پابەند بن بە پرەنسیەکانی: ڕێزگرتن و ئازادیی بیروڕاو ئەدەبی دایەلۆک و ڕاو ڕای جیاواز، کە خۆیان بانگەشەی بۆ ئەکەن..
ئەم دەردە بە لای منەوە (ڤایرۆسی کرۆنای ڕەوشت)ەو ئەرکی سەرشانی هەموومانە بە دوای چارەسەریدا بگەڕێین، زیاتر لە ڤایرۆسی ئەو کرۆنایەی ئەمڕۆ بێت یان سبەی باسێ دادەمرکێتەوە.
اللهم ٲصلح حال الجمیع..