وەڵامێك بۆ موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە دواین لێدوانیدا دەڵێت (كەسە گەندەڵەكانی نێو شیعە نوێنەرایەتی شیعە ناكەن، هەروەها گەندەڵكارانی نێو سوننەش نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە ناكەن، هەر وەك چۆن سیاسییە گەندەڵكارەكانی كورد نوێنەرایەتی گەلی كورد ناكەن).

بەڕێزیان پێی وایە ئەو بەرپرسانەی كە نوێنەری ئەو سێ‌ پێكهاتەی (شێعە و سونە و كورد)ن لە حكومەتی عێراقدا و لە گەندەڵیەوە گلاون نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتانە ناكەن، بە بڕوای بەندە ئەمە جۆرێك لە سازشە بۆ ئەو پێكهاتانە، دەنا خۆ ئەو كەسانەی كە گەندەڵن لە هەسارەیەكی ترەوە نەهاتون، ئایا لە لایەن حیزب و هاوپەیمانیەتەكانی ئەو پێكهاتانەوە دەنگیان لەسەر نەدراوە؟!


- بەڵێ‌ بەرپرسە شێعە گەندەڵەكان پێكهاتەی شێعە لێی بەرپرسیارە و دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتی ئەوە بگرنە ئەستۆ.
- هەروەها بەرپرسە سونە گەندەڵەكانیش پێكهاتەی سونە لێی بەرپرسیارەوە دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتی ئەوە بگرنە ئەستۆ.
- بۆ نوێنەرە كوردە گەندەڵەكانیش ئەوا گەلی كورد لێیان بەرپرسیارە و دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ.


ئەی ئێوە بانگەشەی هەڵبژاردن و دیموكراسی ناكەن بۆ حكومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەی ئەو بەرپرسە گەندەڵانە نوێنەرایەتی كێ‌ دەكەن؟؟؟ ئەگەر ئەوان پشت ئەستور نین بە حیزب و هاوپەیمانیەتیەكانیان ئەی بۆ تا ئێستە هیچ كام لە بەرپرسە گەندەڵە باڵاكان نەك ناگیرێن، تەنانەت ناتوانن پەنجەی تۆمەتیشیان بۆ درێژ بكەن!!!


بەڵێ‌ دەنگدەری ئەو پێكهاتانە بەرپرسیارن لەو ڕەوشەی ئەمڕۆ بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستاندا هاتوە، بەرپرسە باڵاكان نوێنەری زۆرینەی خەڵكن، گەر نوێنەری ئەوان نین ئەی نوێنەری كێن؟ لەسەر بەشی كێ‌ هەڵبژێردراون یان دانراون؟ لەسەر پشكی كێ‌ هەژماردەكرێن؟؟؟


بەكورتی و بەكوردی، بەڵێ‌ لەسەر پشكی كێ‌ هەژماربن نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتە و نەتەوەیە دەكەن، ئەوە ئەوانن كە كەسە گەندەڵ و ناشایستەیان كردۆتە نوێنەری خۆیان.