مۆبایلەكەت كەناڵێكی ڕاگەیاندنە

  چوار شەممە, 28 حوزەیران 2017 09:28

 


گەر سەرەتا تەلفۆن تەنها بۆ ئاخاوتن دروستكرابێت، دەی ئەوا ژیری مرۆڤ و پێشكەوتنە چاوەڕوان نەكراوەكانی تەكنەلۆژیا كارێكیانكرد ئەو ئامێرەی كە جاران تەنها بۆ قسەكردن بوو ئێستە بووە بە كەناڵێكی ڕاگەیاندن.


بەڵێ‌ ئەو ئامێرەی كە ئەمڕۆ بەدەست هەموو تاكێكی كۆمەڵگەوەیە ئیتر ئەو ئامێرە سادەی جاران نییە كەسەرەتا دروستكرا، ئەگەر بەوردبینیەوە لێی بنواڕیت ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە ئەو ئامێرە لە دەیان ئامێر و كەرەستە و دەزگای جۆراو جۆریتر پێك هاتووە.


كە دەڵێن مۆبایل ئامێرێكی ڕاگەیاندنە نەك تەنها ئەوە ، بەڵكو لە هەموو جۆرەكەناڵە ڕاگەیاندنە تەقلیدیەكانیتر كاریگەرتر و پێشكەوتوترە ، وەك جۆرەكانی (بینرا و بیسترا و خوێندنەوە) چونكە ئەم لە یەككاتدا هەرسێ‌ جۆرەكەیە ، بەڵكو زیاتریش! ئەمڕۆ ئەوان زۆر ئاتاجی ئەم جۆرە نوێیەن بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانی خۆیان، هەروەها ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە باس كران تۆی بەكار هێنەر وەك كەسێكی تەڵقینكرا و تەنها بینەر یان بیسەر یان خوێنەری بویت، هیچ جۆرە هاوبوشی و كۆنتاكتێك ڕاستەو خۆ لە نێوان تۆ و كەناڵە ڕاگەیانەكەدا نەبوو، بەڵام پاش داهێنانی تەلەفۆن و ئەو پێشكەوتنە لە بواری پەیوەندیدا هاتە ئاراوە كارێكیكرد كە جۆرێكیتر لە دەزگای ڕاگەیاندن بێتە ئاراوە كە بە دەزگای (ئەلیكترۆنی) ناسراوە، كە ئەویش تۆڕەكانی پەیوەندی كردنە، كە وەك چوارەم جۆری دەزگای ڕاگەیاندن ناسێنراوە، بەڵام كاریگەرتر لە هەرسێ‌ جۆری ڕاگەیاندنەكانیتر! چونكە تۆی بەشدار بوی ئەو تۆڕی ڕاگەیاندنە لەهەمانكاتدا دەتوانیت بخوێنیتەوە و بنوسیت و سەیری وێنە جوڵا و نەجوڵاوەكا بكەیت و خۆشت بەهەمان شێوە بەشدار بیت بە وێنەی جوڵا و نەجوڵاو ، بەكورتیەكەی دەتوانیت بە ڕاستە خۆ و ناڕاستەو خۆ بەدەنگ و ڕەونگەوە بەشدار بیت ! نەك هەر ئەوە ئەو تۆڕی ڕاگەیاندنەی كە بە تۆڕی كۆمەڵایەتی ناسراوە خۆی خزاندۆتە هەموو كون و كەلەبەرێكی ژیان و بست بەبستی گۆی زەوی,


گەر دەزگا ڕاگەیاندنەكانیتر شوێن و ئیتیك و سنور و جێگە و ڕێگەی خۆیان هەبوو لە نێوان خۆیان خەڵكیدا ، دەی ئەو ڕاگەیاندنە نوێنە هیچ شتێك لەوانە ناناسێت ، لەناو جێگەی نوستنەوە تا هۆڵەكانی خوێندن و شوێنی كار و ژوری نەشتەرگەری و بەرەكانی جەنگ و كێلگەی كشتوكاڵی و گوند و شار و ژێر دەریا و بۆشایی ئاسمان و بەكورتیەكەی هەمو ژیانی مرۆڤ و پانتایی زەوی داگیر كردووە!
هەر ئەوە نا بەڵكو ئەو تۆڕە ڕاگەیاندنە نوێیە گەورە و بچوك و نێر و مێ‌ و خوێندەوار و نەخوێندەوار و شار و لادێی بەخۆیەوە سەرقاڵ و هاوبەشكردووە، تەنانەت هی واهەیە زیاتر لە یەك تادوو هێڵەوە بەشدارە لەو تۆڕەدا!


ئێستە زانیت كە ئەو ئامێرەی كە جەنابت وەك شتێكی سادە و ئاسایی بەكاری دەهێنیت و سەیری دەكەیت بەتەنها خۆی وەك كەناڵێكی ڕاگەیاندن وایە، بەڵكو كاریگەر تریش لە كەناڵە كانیتر لەسەر ڕای گشتی، بۆیە پێویستە بە هێندەی كاریگەریەكەی ئاگامان لە چۆنیەتی بەكار هێنانی بێت، هەوڵ بدە دەزگاكەت دەزگایەكی ئەرێنی بێت، بۆ خزمەتی خۆت و مرۆڤایەتی بەكاری بێنە، ئتر بەچاوی ئامێرە ئاساییەكەی جارانەوە سەیری نەكەیت.