25 ساڵ تێ پەڕی بەسەر تەمەنی حكومەتدا، داتای سەیرو سەمەرە

  چوار شەممە, 05 تەمموز 2017 07:22


یەكەمجارە لە مێژودا كە گەلی كورد ئەو هەلەی بۆ دێتە پێش كە چارەكە سەدەیەك خۆی فەرمان ڕەوایی خۆی بكات ، لە سەدەی ڕابردودا چەند جارێك هەلی ئاوا هاتۆتە پێش ، بەڵام تەمەنیان كورت بوە و چەند ساڵێك زیاتری نەخایاندووە.


لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 ی باشوری كوردستان ڕاماڵینی هێزەكانی ڕژێمی بەغدا ، هەموو شارەكانی باشور كەوتە دەست هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، بەشاری كەركوكیشەوە، پاش ساڵێك لەحوكمی بەرەی كوردستانی و پاشان یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەرواری 19/5/1992 و ئیتر كاركرا بۆ دامەزراندنی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرواری 5/7/1992 وەزیرەكانی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا سوێندی یاساییان خوارد،


لە ساڵا نی 1994 بۆ 1997 چوار جەولەی شەڕی ناوخۆ ڕویدا لە نێوان هێزەكانی (ینك و پدك) هاوپەیمانەكانیان ، هەروەها چەند جەولەیەكی شەر لە نێوان (ینك و بزوتنەوەی ئیسلامی)یش ڕویاندا ، ئەو جەنگانەش وایانكرد كە هەرێمی كوردستان دابەش ببێت بۆ سێ‌ دەسەڵاتی (هەولێر ، سلێمانی ، هەڵەبجە).
ئەمڕۆ تەمەنی حكومەتی هەرێم 25 ساڵ تێدەپەڕێنێت، بۆ مێژوو بزانیین لەم چارەكە سەدەیەدا كەدەكاتە یۆبلی زیوین، حكومەتی هەرێم چی بەچیكردووە؟؟؟ ئایا ئەزمون لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگیراوە یان بەردەوام هەڵەی گەورەو گەورەتر تۆمار دەكەین و قەیران بە قەیرانێكیتر چارەسەر دەكەین؟؟؟!!!
ئەمە ئەو دەرەنجامەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێگەشتووە.


- (مسعود بارزانی) لە بەرواری 23-حوزەیرانی 2013 لە لایەن فراكسیۆنی (ینك و پدك) لە پەرلەمانی كوردستانەوە دوو ساڵ ماوەكەی بۆ درێژكرایەوە ، ئیتر لەو كاتەوە سەرۆكی هەرێمە بە بێ‌ هیچ دەنگ پێدان و نوێكردنەوەیەك لە لایەن خەڵك و پەرلەمانەوە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، كە پێشتر و لە خولی هەڵبژاردنی 2009 دا بۆ سەرۆكی هەرێم نزیكەی 69% ی دەنگەكانی هێنا.


- حكومەتی هەرێم لە كابینەی هەشتەمیدایە، كە دەبوو لە كابینەی حەوتەمدا بوایە، ئەمە بێجگە لە سەردەمی دووكابینەیی (هەولێر و سلێمانی) لە نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2003.
- پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوارەمیدایە، كەدەبوو لە خولی حەوتەمیدابوایە.
- حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندمانگ جارێك كۆدەبێتەوە.
- چوار وەزیر بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی دوو ساڵە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە و پۆستەكانیان بەوەكالەت بەڕێوە دەچێت ، ئەوانیش وەزارەتەكانی( پێشمەرگە و دارایی و بازرگانی و ئەوقاف) لەگەڵ دوو دەستەدا.
- نزیكەی دوو ساڵە پەرلەمانی كوردستان پەكی خراوە، لەلایەن پارتیەوە.
- لە ساڵی 2015 وە شاری سلێمانی سێ‌ پارێزگاری گۆڕیوە و ئێستەش پارێزگارەكەی بەوەكالەتە.
- لەساڵی 2014 بڕیاری بە پارێزگا بونی هەڵەبجە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، بەڵام تا ئەمڕۆ بەهۆی ناكۆكی نێوان (ینك و گۆڕان و پدك ) لەسەر سێ‌ پۆست ، بڕیارەكە كاری پێناكرێت.
- هێشتا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەكرداری یەكی نەگرتۆتەوە.
- بانكەكانی هەریمی كوردستان هیچ سیولەیەكی نەقدیان تێدا نەماوە.
- نزیكەی 35 قونسوڵیە و نوێنەرایەتی و نوسینگەی وڵاتان لە هەرێم بونیان هەیە.
- حكومەتی هەرێم تا كۆتایی ساڵی 2016 نزیكەی 30 ترلیۆن دینار قەرزاری كۆمپانیادەرەكی و ناوخۆیی و موچەخۆرانی نێوخۆیە، كە دەكاتە نزیكە 28 ملیار دۆلار، لەگەڵ قەرزی پێشەكی دووملیار دۆلاری كۆمپانیای (ڕوس نەفت).
- ئەو پێنج حیزبە ی كە كابینەی هەشتی حكومەتیان پێك هێناوە دانویان پێكەوە ناكوڵێت.
- بەپێی لێدوانی وەزارەتی سەرچاوە سروشتیەكان ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بەبۆری هەناردەی دەرەوە دەكرێت..
- لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت نزیكە 49 دۆلار و بەرمیلیك نەتی خاوی ئەمریكیش نزیكەی 5/46 دۆلارە.
- هێشتا جوتیاران پارەی گەنمی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 یان بەتەواوەتی وەرنەگرتووە و 2017 هیچی لێ‌ وەرنەگیراوە.
- ساڵی پار حكومەتی مەركەزی بڕی 900 هەزار تەن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرتووە ،بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تەنێك گەنمی دەرەجە یەك، كەچی ئەم ساڵ ئامادەیی دەڕبڕیوە كە تەنها 442 و هەزار تەن وەربگرێت و نرخی هەر تەنێكیش بە 560 هەزار دینار، لە كاتێكدا پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێم بگاتە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار تەن.
- تەنها پارەی گەنمی ساڵەكانی (2014 و 2015 و 2016 ) حكومەتی عێراق نزیكەی 661 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی لایە و نەیداوە.
- حكومەت پارەی موچەی چوار مانگی 2015 بەتەواوەتی و پاشەكەوتەكەی 2016 و پاشەكەوتەكەی 2017 ی نەداوەتەوە بە فەرمانبەران، هیچ بەرنامەیەكیش بۆ دانەوەی نەخراوەتە ڕوو.
- لە ساڵی 2015 و هەموو (تەرفیعات و عەلاوە و موخەصەصات ) ی موچەخۆران ڕاگیراوە ، لەبەر قەیرانی دایی.
- ئێستە كە مانگی حەوتە حكومەت چارەكە موچەی مانگی پێنج دراوەتە موچەخۆران.
- زۆربەی بەروبومی سەوزە و میوە لە دەرەوەی هەێم هاوردە دەكرێت.
- ئێستە كەلە مانگی حەوت داین هاوڵاتیانی سەنتەری پارێزگاكان هێشتا بەرمیلە نەوتەكەی وەرزی زستانیان وەرنەگرتووە.
- پاش كۆتایی هاتنی پرۆسەی بایۆمەتری بۆ موچەخۆرانی هەرێم ژمارەی موچەخۆران ملیۆنێك و 200 هەزار و 202 كەس خۆی تۆماركردووە.
- لە پرۆسەی بایۆمەتریەكەدا لە كۆی سەرژمێری 800 هەزار موچەخۆر نزیكەی 95 هەزار دوو موچەو سێ‌ موچە ئاشكرا كراوە، ئەمە لە كاتێكدا ڕێژەی موچەخۆرانی هەرێم زیاترە لە ملیۆنێك و چوارسەد هەزار .
- تا پاش كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە زیاترلە 1700 پێشمەرگە شەهید و 9707 پێشمەرگەش بریندا بوبون.
- لە %95 ی خاكی كوردستانی باشور لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە.
- بڕیارە لە لە بەرواری 25/ 9 ئەم ساڵدا ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
- دیسان بڕیارە لە بەرواری 6/11 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم ئەنجام بدرێت.
- بەگوێرەی داتاكانی لیژنەی داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ، لە ساڵی 2008 ەوە تا ئێستە 1250 پێشێل كاری بەرامبەر دەزگای ئەو ڕۆژنامەنوسانە كراوە كەلە ڕاگەیاندنەكاندا كاردەكەن.
- ئاستی وەبەر هێنان لە هەرێم لە 70% دا دابەزیوە.
- ڕێژەی بێكاری لە كوردستان بۆ 20% بەرز بۆتەوە.
- ڕێژەی بێكاری بۆ كەسانی خاوە بڕوانامەی دیپلۆم و بەكالۆریۆس بۆ 5. 15% بەرز بۆتەوە.
- بە زانكۆ حكومی و ئەهلیەكانەوە خاوەنی شازدە زانكۆین.
- لە ئیًستادا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بڕی 125 هەزار دیناری عێراقییە.
- لەم كاتەدا بڕی كارەبای نیشتمانی لە 24 كاتژمێردا تەنها 10 كاتژمێر دەدرێتە هاوڵاتیان.
- لە شارێكی وەك سلێمانی لە ماوەی 72 كاتژمێردا تەنها 2 كاتژمێر ئاوی پاكی خواردنەوە دەدرێت بە ماڵان.
- لەبەرامبەی ڕاگەیاندنی هەرێم بۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ، حكومەتی ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچوكی گرتۆتەوە لە هەرێم.
- هەروەها پاش ڕاگەیاندنی كاتی ڕیفراندۆم لە هەرێم و ناوچە دابڕاوەكانیش، حكومەتی عێراق بڕیاریدا كە گەنمی جوتیارانی ناوچە جێ ناكۆكەكانیش وەرنەگرێت .
ئەگەر پاش چارەكە سەدەیەك لە فەرمان ڕەوای خۆماڵی ئەوە حاڵ و گوزەرانی خەڵكی بێت و ئاخۆ حاڵمان لەپاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان چی بەسەر بێت؟؟؟؟؟

 

A