بە دامەزراوەییكردنی گەندەڵی

  دوو شەممە, 10 تەمموز 2017 13:23

ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای كوردستان بكەین لە یەك كاتدا روبەڕووی چەندان قەیرانی ئابوری و سیاسی بوەتەوە لە بەرابەمریشدا حكومەت پلانێكی نیە بۆ چاكسازی و پاش تێپەڕبوونی 26 ساڵا لە ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا ئێستا لە لاوازترین دۆخدایە و گەندەڵی باڵی كێشاوە بەسەر زۆربەی كەرتەكانی حكومەتداو لە بەرئەنجامی ئەمەشدا لە دوای ساڵی 2015وە قەیرانێكی ئابوری قورسیشی چۆ سەر، لە پاش رووخانی رژێم گەشەپێدانێكی ئابوری روی لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەویش بەهۆی ئەوەی كە ئابوری كوردستان راستەوخۆ پەیوەست بوو بە بەغداوە لەبەرئەوە هەر گەشەپێدانێك لە بەغدا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی ئابوری راگەیاند و لە بەغدا جیابوەوە لە جیاتی باشتربوونی گوزەران و ژیانی هاوڵاتیان، ئەوەش كە بنیاتی نابوو هەرەسی هێناو پڕۆژەكانی گەشەپێدان وەستان و ژیانی زۆربەی هاوڵاتیانیش بەرەو خراپی چوو بازاڕیش لە زۆر بواردا هەرەسی كرد، لە پێش ساڵی 2003 دا لە بواری سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان قەیرانێكی سیاسی هەبوو كە ئەویش لە لاوازی دامەزراوە دیموكراسیەكانی وەك پەرلەمان و فرەییەكی سیاسی نادەستوری و بوونی گەندەڵی و بنیاتنانی پێگەكانی ستەمكاری و نەبوونی هێزێكی پێشمەرگە و ئاسایشی یەكگرتوو چەندانی تر خۆی دەبینیەوە، لە ساڵی 1992 هەتا 2003 ئەم دۆخە بەم شێوەیە هات و بەرنامەی چاكسازی سیاسی لە ئارادا نەبوو، ئەمەش وایكرد كە قسەكردن لە چاكسازی سیاسی گران بێت ،چونكە هیچ پارتێكی سیاسی بەتایبەتیش دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە ئامادەنەبوون بچنە ژێر باری ئەو چاكسازیە و بە عەقڵیەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵا بارودۆخە نوێیەكەدا بكەن، ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەو دۆخە سیاسیە بوو كە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی پێش بەهاری عەرەبی تیایدا دەژیان ،كە دواجار لە 2011دا دۆخەكەی بەرەو تەقینەوەبرد.
لە كوردستانیش سەرەڕای ئەوەی كە قەیرانە سیاسیەكە وەك خۆیەە مایەوە، لەدوای دەركەوتنی نەوت و دەرهێنانی لەلایەن كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكانەوە نوخبەی دەسەڵاتداری كوردی كەوتە شوێن بیركردنەوەیەكی تر، ئەویش قورسایی سیاسەت و پلانەكانی خستە سەر بواری ئابوری و بەتایبەتیش نەوت و گاز، لەم رێگەیەشەوە لە كۆبوونەوەی پارتە سیاسیەكان و لێدوانەكانیشیاندا بۆ جەماوەر ئەوەیان خستەڕوو كە گەشەپێدانی ئابوری لە بواری نەوت و گاز و دابینكردنی سەربەخۆیی ئابوری، سەرەتایەكی نوێیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكەو لەدوای ئەمەوە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی نوێ‌ و گوزەرانی تاكیش روو لە هەڵكشان دەكات و بەم هۆیەشەوە بارە سیاسیەكەش بەباشی دەچێتە پێشەوە، بەڵام سەرئەنجام ئەوەی كە بینرا نەك ئەو بەڵێنانە جێبەجێ‌ نەبوون بەڵكو سەرەڕای بوونی گازو نەوتی زۆر باری ئابوری بەشێوەیەكی ترسناك هەرەسی كرد، بودجەی ساڵانەی تاك تەواو كەمی كرد، جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند زۆربوو، بەڵام نوخبەیەك سودمەندبوون و دەوڵەمەند بوون، توانیان بچنە ناو چەندان رێكخراوی ئابوری جیهانی و دەبینین ساڵانە بەشداری كۆربەند و دیبەیتی ئابوریە جیهانیەكان دەكەن، لەمەوە تێدەگەین كە بۆچی پەرلەمان پەك خراو دیموكراسی لاواز كراو میدیای ئازاد و سەربەخۆ بێ‌ دەنگ كرا، چونكە ئەم دۆخە نوێیە كە نایانەوێت كەس بە گرێبەست و پەیوەندیە ئابوریەكانیان بزانێت و پرسیاری سەروەت و سامانیان لێ‌ بكات، ئەمانە لەگەڵا بوونی پەرلەمانێكی بەهێز و سیستمێكی دادپەروەری بێلایەن و میدیای ئازاددا وێك نایاتەوە، لەبەرئەوە ئەم سیاسەتە ئابوریە نوێیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم هاوشێوەی رژێمە عەرەبیەكان پێویستی بە پەر لەمانێكی لاواز و بێ‌ دەنگە كە بكەوێتە ژێر هەژمونی حكومەت و بەدواداچوون نەكات بۆ پڕۆژە و پلانەكانی و بەرەو ڕووی لێپرسینەوەیان نەكاتەوە، لەبەرئەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو خەونەیان بێتەدی ولە بواری ئابوریدا بە تەواوی ببنە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز كە زەمانەتی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بكات بۆ دەیان ساڵی تر، ناهێڵن جارێكی تر لە كوردستاندا پەرلەمانێكی كاراو چالاك و بەهێز دروست ببێت یان دەستور بچەسپێت و یاسا سەروەر بێت، لەبەرئەوەش كە بە بەردەوامی رەوایەتی ئەو سیاسەتەیان نیشانی هاوڵاتیان بدەن سەرقاڵیان دەكەن بە شتی ترەوەو بیانوی زۆرترباس دەكەن بۆ درێژەدان بە ئەو دۆخە و مەسەلەی ریفراندۆم بەبێ‌ باسكردن لە چاكسازی سیاسی و ئابوری یەكێكە لە ئەو نموونانە، كەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو راستیەی كە قەیرانی ئابوری لە هەرێمی كوردستان درێژەپێدەر و بەرئەنجامی قەیرانە سیاسیەكەیەو هەتا سەرەتا قەیرانی سیاسی چارەسەر نەبێت قەیرانە ئابوریەكە زیاتر دەبێت و چاكی بەخۆوە نابینێت.كەڵەكە بوونی قەیرانەكان و نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی چاكسازی و بێ باكی لە ئاست دۆخەكەو باسكردن لە خەونی سە بەخۆیی مانای وایە ئەوەی لە كوردستانداهەیە گەورەترە لە گەندەڵی و ئەزمونێكی نوێیە لە شێوازی حوكمڕانی كە دەكرێت بە پێناسەی زانستی نوێ راگە بكرێت .