ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەرک و ئیلتیزاماتی ھەیە !!

  شەممە, 15 تەمموز 2017 08:57

تا ئەم ساتەوەختەی گەلان لەسەر ئەم زەویە دەژین گەلی کورد یەکەم نەتەوەی گەورەی ڕۆژھەڵاتە " زۆر بەداخەوە " لەناو دامەزراوەی )نەتەوە یەکگرتووەکان)دا ، دان بەسەربەخۆیدا نەنراوە و ناوو ناسنامە و نوێنەرو ئاڵای یاسایی و ڕەسمی لەیاسای زەمینی مۆدێرنداو لای ئەوان نیە ، بەڵکو بە دانیشتوانی کورد (سكان الأكراد) ناویان ھێناوە وەک لە ماددەی (١) ی بریاری (٦٨٨) ی دا ھاتووە . 

ئەمە لەکاتێکدایە کەگەلی کورد لەگەڵ تەواوی نەتەوەکانی دیکە پێکەوەو لەسەرەتای خەلقەوە بەیەک یاسای چەسپاوی خوایی شەرعیەتی سەربەخۆیی نەتەوەیی پێ بەخشراوە ، بە بەڵگەی : (ۆجَعَلْنَاکُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا / الحجرات : ١٣). بەڵام ئەمڕۆ پەیامی زەمینی باڵادەستە و زۆرشت بە دەستور و یاسای ئەوان بەدامەزراوە کراوە و ڕێکخراوە .
گەلی کوردیش کەدڵنیابوو لەوەی بووەتە قوربانی بەرژەوەندی زلھێزان و خاک و خەڵکی بەسەر نەتەوەی تری (برا لەئاین)دا دابەش کراوە و مافی ڕەوای پێشێل کراوە ! چیدی دەستەو سان نەوەستاوە ، بەڵکو بۆ سەندنی ئەو حەقەی خۆی چوەتە مەیدانی تێکۆشان و بەرخۆدان و ڕوبارێک خوێنی ئاڵی بەخشیوە و دەبەخشێ لەپێناو گەیشتن بە ساناترین مافی خوا پێداوی خۆی .
ئێستاکە وەک دەوترێ ھەل و مەرج گۆڕاوە و جارێکیتر وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و بەرژەوەندی ھاتونەتەوە و دەیانەوێت جارێکیتر کێک و پاروی چەوری ناوچەکە دابەش کەنەوە ، بێگومان ئەگەری گۆڕانکاری نوێ زۆر دەکرێ ، بۆیە دەبینین ھەرکەس لەخەمی پشکی تایبەت بە خۆیەتی . کوردستانی باشوریش لەبەر خۆیەوە بەتەمای وەرگرتنەوەی مافی ڕەوای زەوتکراویەتی ، بۆ ئەو ئامانجە بەنرخە دوو حزبی دەسەڵاتدار و زۆرێک لایەنی تر بەم نزیکانە نیازی ڕیفراندۆمیان ھەیە و تادێت دەنگی نەیارانی دەرەکیش بەئاشکرا زۆر دەبێت !!
لێرەدا گرنگە لەسەر حەقیقەتێک بووەستین و بپرسین : ئایا ئەو ڕیفرادۆمەی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەنجامی بدات بۆ چ ئامانج و مەبەستێکە ؟! چونکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئامانجەکە ڕوون نیە و نازانرێ ئایا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە ؟ یان کۆنفیدڕاڵی ؟ یاخود وەک کارتی فشاری دانوستان ؟ وەیان بۆ سەپاندنی ئەمری واقعە و .. ؟!
ھەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە بەزیان دەشکێنەوە بەسەر گەلی کوردا بەو ھەموو ڕەنج و خەبات و قوربانیە زۆرەی داویەتی لە سەد ساڵی ڕابۆردودا ، گەربێتو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەبێت .
گرنگە و ئەرکیانە بەرپرسانی دەست ڕۆیشتووی ھەرێم لەم قۆناغە ھەستیارەدا چیدی ڕاستیەکان لەھاوڵاتی نەشارنەوە ، سەرەتا دان بەو ھەڵانەدا بنێن کە کردویانە و مافی گەلیان پێشێل کردووە و ھەلی زۆر چاکیان لەدەس داوە ، گەر بەزانین و ئەنقەس بووە یان بە نەزانین و ڕاوێژ نەکردن بە شارەزایانی نزیک و دوور بووە ..
جارێکیتر دەپرسینەوە گەر ڕیفراندۆم بۆ شێوازەکانی ترە جگە لە سەربەخۆیی ؟! ئەوا ھەر لەئێستاوە بێ ناوەرۆک و نەزۆک و پوچەڵ دەبێ و شتێکی ئەوتۆی ناوێ بۆی بکرێ و کەسیش مانوو نەکرێ باشە ..
بەڵام گەر بۆ سەربەخۆییە ئەوا میکانیزم و ڕێچارە و ئەرک و ماف و ئیلتیزاماتی تایبەت بەخۆی ھەیە لەڕوی ( قانوونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و سەربازی و ئیداری و ئابوری و .. ). وە بە نەخشە و پلان و شارەزایی و دڵسۆزی دەکرێ ، ھەرچەندە درەنگ کەوتوین بەڵام ئێستاش دەکرێ بەم شێوازە کاری جددی بۆ بکرێ ، بەتایبەتی ئەرکی ئەوانەیە کە پێیان دەکرێ گەر بیانەوێ !!

یەکەم : لەسەر ئاستی ناوخۆیی :
بەداخەوە یەکخستنی نێوماڵی کود و یەکڕزی نیشتمانی کۆدەنگی ھاوڵاتی کوردستانی لەسەرە و تا ھەنوکە نەشکراوە !! چەندە دوا بخرێ بەزیانی پرسەکە دەشکێتەوە و باجەکەشی قورس دەبێ . بۆ ئەو مەبەستە ئەرکەو پابەندبوون پێوەی حەتمیە ئەم ھەنگاوانە بنرێ زۆر بە خێرایی و بەبێ مەرج و بڕوبیانوو گرتن :
١) بەگەڕخستنەوەی پەڕلەمان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەو دەسەڵاتە شەرعیە پەکخراوەوە .
٢) تۆکمەکردنەوەی نێوماڵی کوردی بە ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینە و دروستکردنی یەکڕیزی نیشتمانی.
٣) ئاشت کردنەوەی ھاوڵاتی بە دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاککردنی باری ژیان و دانەوەی شایستە داراییەکان .
٤) چەسپاندنی سەروەری یاساو شەرعیەتی دادوەری ڕاستەقینەو ملکەچ کردنی حزب و دەزگاو بەرپرسانی بە یاساوە .
٥) بەدروستی بەرجەستەکردنی دیموکراسی ، بە ھەڵبژاردنی خاوێن و دەستاودەست کردنی دەسەڵاتەکان بە واقعی .
٦) پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە گشت کایەکانی ژیاندا و بەپێی یاسا ئاسمانی و زەمینیە شەرعی و باوەکان .
٧) یەکخستن و بەدامەزراوە کردنی ھێزی سەربازی و ئەمنی لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان .
٨) کارکردنی تەواو بە یەکدەستەیی بۆ گێڕانەوەی کەرکوک و (تەواوی ماددەی ١٤٠) ، بۆ سەر ھەرێمی کوردستان .

دووەم : لەسەر ئاستی عێراق :
١) گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە (تیمی نیشتمانی) و بە مەبەستی دروستکردنی متمانە بۆ دۆزینەوەی ڕێچارەی واقعی لە ژیانێکی ئارام بۆ ھەر پێکھاتەیەک کە خۆی لە ماڵی جودا و ھەرێمی سەربەخۆدا دەبینێتەوە .
٢) دروستکردنی متمانە بۆ عێراقیەکان لەو ڕووەوە کە سەربەخۆیی کورد دەبێتە ھۆکاری سەقامگیری و گەشەکردنی پەیوەندی دراوسێی چاک لەو ڕوانەوە کە پێویستن بۆ نزیکی و ھاوسنووری .
٣) قۆستنەوەی ھەر دەرفەتێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕەوایی دان بەجیابوونەوە ، کە ئەگەری ڕوودانی چاوەڕوان کراوە نزیک یان دوور ..

سێیەم : لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی :
پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە دروستی ڕێک بخرێتەوە و بەشێوەی دامەزاوە و لەخزمەت نەتەوە و نیشتماندا بن نەک حزب ، تاکو بتوانن دڵنیایی بەوان ببەخشن کە ئەمان دراوسێی سەرڕاستن و خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئەوانیش دەکەن لە چوارچێوەی یاسا دەولیەکاندا ، بۆ ئەم مەبەستە گرنگە کوردانی بەشەکانی تری کوردستان تەواو ھاوکار بن ..

چوارەم : لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی :
کارکردنی پێویست و دروست لەسەر ئەو ڕەھەندانەی وەک نەتەوە دەمانناسن لەدەزگای ڕەسمی نەتەوەیەکگرتووەکان ، وەک خاک و خەڵک و زمان و مێژوو ... ھەروەھا چاکتر جوڵاندنی کەیسەکانی کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگوێزان و پێشێلی مافی مرۆڤ و ..
دیارە بۆ ڕاپەڕاندن و سەرخستنی ئەم ئەرکە مەزنە دەبێت تەواوی خەیرو چاکەکان یەکخرێن و شارەزایان ببنە چاوساغ و ڕێ نیشاندەر و کارو ئەرکەکان دابەشکرێن بەدروستی و بەناوی نەتەوەی و نیشتمانی ، ئەمەش تەنھا لەپێناو دەستخستنی سەربەخۆیی کوردستان کە ئاوات و خەونی ھەموو تاکێکی کورد و کوردستانە .