ریفراندۆم و بەقوبرسكردنی هەرێمی كوردوستان

  سێ شەممە, 25 تەمموز 2017 07:17


ئایا ریفراندۆم لەم بارودۆخە سیاسیە ناهەموارەدا كوردستان بەرەوكوێ‌ دەبات؟ ئەمە پرسیارێكە هەتا ئێستا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پارتە دەسەڵاتدارەكان نەیانتوانیوە وەڵامێكی تێروتەسەل بدەنەوەو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسیەكان دڵنیا بكەنەوە لە ئەنجامەكەی، لێدوانەكانی مەولود چاوش ئۆغڵۆ لە كەناڵی TRT ی توركی لەسەر ریفراندۆم و هەرێمی كوردستان جێگەی تێڕامان و بیركردنەوەیەكی سیاسیی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا كە پێشتر بەرپرسە باڵاكانی توركیا هەر لە سەرۆك كۆمارەوە هەتا بەرپرسەكانی تر دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندبوو، بەڵام ئەمجارەیان لە رێگەی وەزیری دەرەوە لێدوانەكان ئاڕاستەیەكی تر وەردەگرێت ئەویش پشتیوانی كردنە لە ریفراندۆم بەڵام بەومەرجەی كە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی قوبروسی باكور لەژێر هەژموونی توركیادا بێت و توركیا ئازاد بێت لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی پارتی كرێكاران و بەڕێكەوتنێكی نوێ‌ هێزەكانی توركیا لە هەرێم دا بمێنێتەوەو ژمارەیان زیاد بكرێت و ئەمەش لەگەڵا دەسەڵاتی داهاتووی دوای ریفراندۆم بێت لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هاوشێوەی ئەو بارودۆخەیە كە لە ساڵی 1974 سوپای توركیا هێرشی كردە سەر دورگەی قوبرس، ئەویش بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە كەمینە تورك نشینەكەی كە نزیكەی 25%ی دانیشتوانی پێكدەهێنا، پاش نزیكەی 10 ساڵا لە گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵا یۆنانیە قوبروسیەكان نەیانتوانی بگەنە رێكەوتن و سەرئەنجامیش لە ساڵی 1983دا كۆماری قوبروسی باكوری توركیا رایگەیاند بە سەرۆكایەتی رەوف دنكتاش، بەڵام هیچ وڵاتێكی جیهانی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دانیان نەنا بەم دەوڵەتەدا بێجگە لە توركیا، بەم هۆیەشەوە گەمارۆیەكی جیهانی خرایە سەر ئەم دەوڵەتە نوێیە و كەس مامەڵەی لەگەڵدا نەكرد، دواجار بە ناچاری چووە باوەشی توركیا و لەڕووی سیاسەتی دەرەوەو لەڕووی ئابوریشەوە چوە ژێر هەژموونی توركیا و دراوەكەشی بو بە لیرەی توركی، لەو كاتەوە هەتا ئێستاش ئەو حاڵەتە بە ئاڵۆزی ماوەتەوەو تەنها كۆماری دان پێدانراولە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە كۆماری قوبروسە كە یۆنانیەكان رابەرایەتی دەكەن، لەم بارودۆخەی ئێستاشدا توركیا بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی كەمینەیەكی تورك دەكاتەوە كە لە كەركوك و تەلەعفەر و زۆرجاریش لە هەولێر هەن، كە ئەمەش هاوشێوەی ئەو مافەبوو كە بەخۆیدا هێرش بكاتە سەر باكوری قوبروس و داگیری بكات، لەلایەكی تریشەوە مەسەلەی ولایەتی موسڵا لەلای دەوڵەتی توركیا و حكومەتە یەك بەدوایەكەكانی كێشەیەكی مێژوویی و ستراتیجیە، لەم كاتەشدا كە عێرق لەدوای شەڕی داعش لەم ناوچەیەدا تووشی پاشاگەردانی بووەو دۆخەكە زۆرتر ئاڵۆزبووەو بە بڕوای هەندێك لە شارەزایانی بواری سەربازی داعش راستە شارە گەورەكانی لە دەست داوە، بەڵام شێوازی تر هەڵدەبژێرێت بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵا سوپای عێراق و بەمەش توركیا دەیەوێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت، لەلایەكی تریشەوە بوونی پەیوەندیەكی ستراتیجی لە نێوان پارتی دیموكرات وبوونی سەدان كۆمپانیای جۆراو جۆرو رێكەوتنی ستاتیجی نەوت و گاز بۆ 50 ساڵی ترلە گەڵ حكومەتی هەرێم و سنورێكی جوگرافی فراوان كە هێڵی گەرمی روبەرَوبونەوەیە لەگەڵ پارتی كرێكارن وا دەكات كە توركیا بە گرنگی سەیری هەرێمی كوردوستان بكات و بیەوێت لەگەڵ گۆڕانكاریە نویًَیەكاندا مامەڵەی لە گەڵدا بكات و بە بەرژەوەندی خۆی بشكێتەوە ، دەوڵەتی توركیا زیاتر رێگە بۆ ئەوە خۆش دەكات كە زیاتر لە هەرێمی كوردستاندا باڵادەست بێت و بەو جۆرەی كە خۆی دەیەوێت مامەڵە لەگەڵا ئەنجامی ریفراندۆمەكەشدا بكات، لەبەرئەوەش كە ئەم ریفراندۆمە هەتا ئێستا كۆدەنگی لەسەر نیە و جێگەی مشتومڕ و دید و بۆچوونی جیاوازە، كەواتە لەم بارودۆخەدا ئەگەر سیاسەتەكانی توركیا بەم شێوە مامەڵە لەگەڵا هەرێمی كوردستاندا بكات ئەگەری ئەوە هەیە كە كوردستان دابەش بكات و جارێكی تر دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا سەرهەڵبداتەوە، چونكە بەشێك لە پارتە سیاسیەكان بەتایبەتی ئەوانەی زۆنی سەوز زۆربەیان رازی نین بەو چارەنووسەی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە حكومەتی ناوەندی و ئێرانیش رێگە نادەن هەرێمی كوردستان ببێ‌ بە قوبرسی باكور بۆ توركیا و بەمەش ئەگەری ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان ببێتە شوێنی ململانێیەكی نوێ‌ لە نێوان توركیا و ئێران و قوربانیەكەشی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت و بۆ دەیان ساڵی تریش خەونی دەوڵەتی كوردی پاشەكشە دەكات و جارێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر.