بێوه‌ژنه‌ ره‌شه‌که‌ !!!


جاڵجاڵۆکه‌ جۆرێکه‌ له‌ حه‌شه‌رات ، له‌ جیهاندا زیاتر له‌ سی هه‌زار جۆری هه‌یه‌ ، ‌ مه‌خلوقێكه‌ خاوه‌نی چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندیی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ ، كه‌ هه‌ندێكیان تازه‌ ئاشكرا بوون ، ناوی جاڵجاڵۆکه‌ ‌ تایتڵی یه‌كێك له‌ سووره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزه كه‌ سووره‌تی (عه‌نكه‌بوت)ه‌ ..


زانستی زینده‌وه‌رزانی و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر حه‌شه‌رات ، گرنگیی زۆریان داوه‌ به‌ جاڵجاڵۆکه‌ ، ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ ‌ ئیشی (مێیینه‌)ی جاڵجاڵۆکه‌یه‌ ، دیزاین و جێبه‌جێكردنێكی ئه‌ندازه‌یی زۆر ناوازه‌یه‌ ، له‌ هه‌وادا ( له‌ بۆشاییدا ) به‌ تاڵێكی زۆر باریك ، مێینه‌ ده‌ست ئه‌كات به‌ ته‌ون و تۆڕێكی زۆر سه‌یر و سه‌رنج راكێش ...


مێینه‌ی جاڵجاڵۆکه‌ كه‌ له‌ ته‌ونه‌كه‌ی ئه‌بێته‌وه‌ و خانووه‌ به‌هێزه‌كه‌ی درووست ئه‌كات ، به‌هه‌ندێك ره‌قس و سه‌ما په‌یام ئه‌نێرێت بۆ ( نێرینه‌) بۆ جووتبون و زاوزێ ، به‌ڵام ( مێینه‌) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گه‌یشت به‌مه‌رامی خۆی ، یه‌كسه‌ر ده‌ست ئه‌كات به‌ (له‌توپه‌تكردن و خواردنی ) ( نێرینه‌)كه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌ جۆرێكیاندا كه‌ ناسراوون به ( بێوه‌ژنه‌ ره‌شه‌كه‌) ، له‌هه‌ندێ جۆری تردا ئه‌گه‌ر نێرینه‌ به‌خته‌وه‌ر بێت ئه‌وا زوو له‌و خێزانداریی و خانووه‌ هه‌ڵدێت و ده‌ربازی ئه‌بێت ، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ مێینه‌ به‌چکه‌كانی بوو ، ئینجا به‌چکه‌كان دایكیان ئه‌خۆن ، جا ئه‌م خێزانه‌ دووژمنه‌ له‌ناو خۆیاندا به‌چکه‌ به‌هێزه‌كان لاوازه‌كان ئه‌خۆن ، تا سه‌ره‌نجام نێر و مێیه‌ك ئه‌مێننه‌وه‌ ....


ئه‌و داوه‌ی مێینه‌ی جاڵجاڵۆکه‌ ته‌ون و تۆڕی ماڵه‌که‌ی پێ ئه‌چنێ زۆر به‌هێزه‌ ، یه‌ك تاڵی جاڵجاڵۆکه‌ چه‌ند به‌رانبه‌ری ئاسن پته‌و و به‌هێزه‌ ، له‌ سه‌ره‌نجامیشدا خانووی جاڵجاڵۆکه‌ زۆر به‌هێز و پته‌وه‌ و مه‌خلوقێكی وه‌كو هه‌نگ كه‌چه‌ندین جار له‌ جاڵجاڵۆکه‌ گه‌وره‌تره‌ و به‌ خێرایی ۳۵ كم له‌ سه‌عاتێكیشدا بفڕێت ، ئه‌وا ئه‌كه‌وێته‌ ناو ئه‌و تۆڕه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیان به‌ ته‌ونه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت ...


له‌ قورئانی پیرۆزدا زه‌می ماڵی جاڵجاڵۆکه‌ كراوه‌ ، ماڵه‌که‌ی ( نه‌ك خانووه‌كه‌)ی به‌ لاوازترین ماڵ باسكراوه‌ ( ۆإِنَّ أَوْهَنَ الْبُیُوتِ ڵبَیْتُ الْعَنكَبُوتِ ڵوْ كَانُواْ ێعْڵمُون).


ئه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ ماڵ ( پێكهاته‌ی مه‌عنه‌وی خێزان )ه‌ ، له‌كاتێكدا (خانوو) ستراكچه‌ر و پێكهاته‌ی ( ماددی ) شوێنی نیشته‌جێیه‌تی ...


هه‌ر خانوو و ته‌ون چنینی تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌ جۆرێکه‌ له‌موعجیزه، چۆن خوا ئه‌م حه‌شه‌ره‌ی هیدایه‌ت كردووه‌ كه‌ خانووه‌كه‌ی درووست بكات له‌هه‌وادا ، که‌چی بنه‌مای تایبه‌تی خانووی تیا نییه‌ ، شوێنی تایبه‌تی تیا نییه‌ ، رووته‌ختێكه‌ له‌هه‌وادا و هه‌موو سووچه‌كانی دیاره‌ ، بۆ حه‌شه‌راتی تریش تۆڕ و داوه‌ و هه‌رچی بێت گیر ئه‌خوات و ده‌رباز نابێت ، واته‌ خانوو نییه‌ به‌ڵکو ( كه‌مین و قه‌سابخانه‌یه‌كه‌ ) ....


واته‌ زه‌مكراو لاوازیی و شپرزه‌یی و خراپیی ژیانی خێزانیی جاڵجاڵۆکه‌یه‌ ، نه‌ك خانووه‌كه‌ی ... ئیتر ئه‌مه‌یه‌ شیرازه‌ی خێزان و ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خانه‌دانی جاڵجاڵۆکه‌دا ... له‌راستیدا دوو شتی دژ به‌یه‌ك كۆبووه‌ته‌وه‌ له‌ جاڵجاڵۆکه‌دا ، له‌لایه‌ك چه‌ندێك داوو و تاڵ و ته‌ون و چنین و نه‌خشه‌ی خانووه‌كه‌ به‌هێزه‌، به‌ڵام به‌دیووه‌ مه‌عنه‌وه‌ییه‌كی تریدا شیرازه‌ی خێزانییان ئه‌وه‌نده‌ لاواز و پڕ له‌ خیانه‌ته‌ ، مێینه‌ نێرینه‌ ئه‌خوات ، به‌چکه‌كان دایكیان ئه‌خۆن ، پاشان به‌چکه‌كان هه‌ریه‌كیان له‌رووته‌ختی خانووه‌كه‌یاندا كه‌مینیان بۆ یه‌كتری داناوه‌ و خۆره‌ی یه‌كترین ...
كه‌واته‌ خانوی باش و چاك و به‌هێز ، كه‌ ئاشته‌وایی خێزانی تیا نه‌بێت بۆچی باشه‌ ...؟!


به‌یتولقه‌صید ئه‌مه‌یه‌ : من كه‌سه‌یری بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان ئه‌كه‌م ، دوای چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ حوكمڕانی كوردی له‌م هه‌رێمه‌دا ، ئه‌م هه‌رێمه‌م وه‌كو ژیانی جاڵجاڵۆکه‌ دێته‌ به‌رچاو...
هه‌رچه‌نده‌ ستره‌كچه‌ر و پێكهاته‌ی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانمان وه‌كو خانووی جاڵجاڵۆکه‌ به‌هێز نییه‌ ، به‌ڵام به‌دڵنیایییه‌وه‌ ، ته‌رزی حوكمڕانی و خیانه‌ت و كه‌مین دانان و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ و درۆ ، وایكردووه‌ كه‌ ماڵی كوردی له‌ماڵی ( عه‌نکه‌بووت )لاوازتربێت، له‌سه‌رده‌می جه‌لالی و مه‌لاییه‌وه‌ ، هه‌تا ئه‌مڕۆی بێ مووچه‌ی ریفراندۆم ...

ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ، گوایا ئه‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌ن ، به‌ڵام خه‌ریكی خواردنی یه‌كترین ، ئازا ئه‌وه‌یه‌ راكات بۆ هه‌نده‌ران و به‌په‌نابه‌ر وه‌ربگیرێت ، ئاخر ئێمه‌ ئه‌وه‌تا كتومت وه‌كو جاڵجاڵۆکه‌ ئه‌ژین ، بۆیه‌ ئه‌مانه‌وێت سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرین ....


به‌خێربێن بۆ‌ كوردستان ، یان راست تر بڵێین خێزانی بێوه‌ژنه‌ ره‌شه‌كه‌.... ( لو كانوا یعلمون ) ...


************************
تاها سۆڵه‌یی
دارولمولكی بابان
۳۰ ی ته‌مموزی ۲۰۱۷