مووچەخۆر!

  دوو شەممە, 07 ئاب 2017 12:37

 

ئەگەر لەوڵاتانی‌ پێشكەوتوو بە تایبەت لە وڵاتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی ئاسیاش بڕوانین دەینین زۆر لە سێكتەرەكانی‌ حكوومەت بەڕێوەبردنی‌ دراوە بەكەرتی‌ تایبەت،رۆڵی‌ كەرتی گشتی‌ زۆر لاوازە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە هیچ وڵاتێك پێش ناكەوێت ئەگەر حكومەت بەدەزگایی‌ نەكرێت‌و نەدرێت بەكەرتی‌ تایبەت بۆ ئەوەش دەتواندرێت سەیری دۆخی بەشی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیا بكرێت.

گرنگە سوود لە ئەزموونی‌ ئەو وڵاتان وەربگیرێت، رێگە بۆ كۆمپانیاكان‌و كارگەكان‌و دەزگاو دامەزراوەكانی‌ كەرتی‌ تایبەت خۆش بكرێت‌و ئاسانكاریان بۆ بكرێت. هەموو ئەو ماف‌و ئیمتیازاتانەی‌ كە لەكەرتی‌ گشتیدا هەیە بەهەمان شێوە لەكەرتی‌ تایبەتیشدا دابنرێت.

لاوازی‌كەرتی‌ تایبەت لە وڵاتی ئێمە وای كردووە خەڵكی‌ زۆر تامەزرۆی دەستكەوتنی‌ هەلی‌ كار دەكەن لەكەرتی‌ گشتیدا، بینیشمان لە دوای دابەزینی داهاتی نەوت و بڕینی بودجەی كوردستان لە لایەن بەغداوە قەیرانێكی مەترسیدار رووی لە كوردستان كرد، چونكە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس مووچەیان لەسەر حكوومەت بوو بۆیە حكوومەت لەوكاتەوە تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدابێت نەیتوانیووە كێشەی مووچە چارەسەربكات.

ئەو قەیرانە بەشێكی زۆری پێوەندی بە نەبوونی كەرتی تایبەتێكی بەهێز هەیە ئەو كەرتی تایبەتەی تاوەكو ئێستا لە لایەن حكوومەت وەكو پێویست هاوكاری نەكراوە و دامەزراوەكانیش تێی نەگەیشتوون.

سەیربكەن كاتێك مووچە نادرێـت دواتر دوادەكەوێت و پاشان دەكرێـە پاشەكەوت و نیوەی دەدرێت، مووچەخۆرەكان ئامادەنین دەست لە حكوومەت هەڵبگرن و روو لە كەرتی تایبەت بكەن چونكە دەزانن حاڵی كەرتی تایبەتیش لە حكوومەت پەرێشان ترە.

كاتێك مووچە وای لێ دێـت و حكوومەتیش مۆڵەتی درێژخایەن دەدات بەڵام مووچەخۆران هەر دەست لە حكوومەت و كەرتی گشتی بەرنادەن، چونكە بارودۆخێك هێنراوەتە ئاراوە كە تۆ ناتوانیت جگە لەو ژینگەیەی‌ كە كەرتی‌ گشتی‌ بەڕێوەی‌ دەبات بڕیارێكی‌ تر بدەیت، هیچ ئەڵتەرناتیڤێك نییە،بەرئەوەی‌ ئەو جوگرافیایە لەهەلی‌ كار كە لەكوردستاندا رەخسێنراوە، كەرتی‌ تایبەت بەشێوەیەك لەشێوەكان غائیبە یاخود زۆر كەمە، ئەو جیاوازیەی‌ لەنێوان كەرتی‌ گشتی‌‌ و تایبەتیداهەیە لەڕووی‌ كەمی‌ كاركردن‌و پشوو خزمەت‌و خانەنشینی‌‌و وەرگرتنی‌ قەرزوزەوی‌‌و بەپێچەوانەوە لەكەرتی‌ تایبەتدا نییە.

چونكە دۆخەكە ئاڵۆزە و ناتەندروستە بۆیە لەكوردستاندا دەستكەوتنی‌ هەلی‌ كار لەكەرتی‌ تایبەتدا زۆر ئاسان نییە، چونكە هەڵبژاردنی‌ كارمەند لەسەر بنەمای‌ لێهاتووییەو بەشێوەی‌ سیڤی‌ دەستی‌ كار هەڵدەبژێردرێت.

كاتێك كەرتی‌ تایبەت چالاك بوو ئەوكاتە رۆڵی‌ زۆر گرنگی‌ هەیە لەدروستكردنی‌ كۆمەڵگایەك كە تیایدا چینی‌ ناوەڕاست باڵادەست بێت، ئەم چینەش كاتێك بەهێز دەبێت كە كۆمپانیاكانی‌ كەرتی‌ تایبەت بتوانن ببن بەكۆڵەكەیەك كە پاش نەمانیان مانای‌ نەمانی‌ حكومەت بێت.

بڕوانە زانكۆ ئەهلیەكان كەسانی‌ كارامەتر لەزانكۆ حكومیەكان دەخەنە بازاڕی‌ كارەوە. بڕوانە كاتێك سوتەمەنی‌ درایە كەرتی‌ تایبەت كێشەی‌ سوتەمەنی‌ چارەسەر كرا. لەمەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی‌ دەبێت زۆر لەسێكتەرەخزمەتگوزاریەكان لەژێر هەژموونی‌ كەرتی‌ حكوومی‌ دەربهێنرێت، ئەوكات چارەسەر دەكرێت بەڵام بەو مەرجەی بۆ بزنس و رووتانەوەی هاوڵاتی نەبێت بەڵكو بۆ پێشخستن و سەركەوتنی وڵات بێت.

 

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .