ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە ڕوبەڕوبوونەوەی گەشەی بیری توندڕەوی دا

  چوار شەممە, 09 ئاب 2017 21:52

 

بۆ ڕێگریكردن لە گەشەی بیری توندڕەوی و سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستاندا پێویستە بڕیاربەدەستانی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەكان چەند ڕێوشوێنێك وەك ڕێگەچارە بۆ ئەو مەبەستە بگرنەبەر و هەموان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و گیانی نیشتمانپەروەریەوە ئەركی سەرشان جێبەجێبكەین . وەك دەستپێكێك ئەم چەندخاڵەی خوارەوە دەخەمە خزمەت بەوئومێدەی بكەوێتە بەرچاوی بڕیاربەدەستان و دڵسۆزان و ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بگرنەبەر .


1- كاركردن بە دەستورێكی هەمیشەیی پەسەندكراوو متمانەپێدراو لەلایەن پەرلەمانەوە كە تێیدا ڕەچاوی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یاساسەروەری و دابینكردنی ئازادیەكان و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بكرێت لەچوارچێوەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ و دیاریكردنی سزای تاوانەكان و یەكسانی هەموان لە بەردەم یاسادا .


2- بەهێزكردن و سەربەخۆكردن و بەنیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگەو كۆتاییهێنان بە هەژموونی حیزبەكان لەسەر هێزی پێشمەرگە و سەرجەم هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ و یەكخستنیان و دەستەبەركردنی تەواوی پێداویستیەكان لە چەك و كەرەسەی پێویست و مووچەی شایستە و ڕاسپاردنی وەزارەت و دەزگاپەیوەندیدارەكان بۆ كردنەوەی خولی مەشقپێكردن و پێگەیاندنی كادیری لێهاتو شارەزا بۆهەموو بوارە سەربازی و ئەمنی و هۆشیاریەكان .


3- بەهێزكردنی خاڵەكانی پشكنین و دابینكردنی كەلوپەل و كەرەسەی پێویست بۆ پشكنین و چاودێری ووردی هەموو جوڵەیەكی گوماناوی , هەروەها تۆكمەكردن و دانانی ئامێری چاودێری لە تەواوی سنورەكان و خاڵەكانی پشكنیندا بۆ ڕێگریكردن لە دزەكردنی تیرۆریستان و گواستنەوەی كەرەستەی تیرۆر بۆناوهەرێم .


4- دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و كەمكردنەوەی ڕێژەی بەتاڵە و پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی هاوڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری تەواو بۆ هاووڵاتیان لە ڕێگەی وەزارەت و دامودەزگ پەیوەندیدارەكانەوە لەڕوی كارەبا وسەرچاوەكانی وزەو خزمەتگوزاری تەندروستی و گەشتوگوزار و پەروەردەو تەندروستی و ....هتد و گرنگیدان بە كەرتی گەشتیاری و دابینكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ شوێنە گەشتیاریەكانی هەرێم .


5- بوژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكشتوكاڵیەكان و وزەو كانزاخاوەكان و ئەنجامدانی بەرهەمهێنان تیایاندا بەڕەچاوكردنی بنەما شەرعی و یاسایی و زانستی وئابوریەكان , هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كارگەی پێویست لەبواری پیشەسازیە جیاواەكاندا وەك دامەزراندنی كارگەی دۆشاو .ڕۆن قوتوكردن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ووزەو كشتوكاڵ و ..هتد.


6- هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و كەمكردنەوەی گرژیەكان و بنیاتنانی متمانەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە نەتەوەیی و فكری و ئاینی و مەزهەبیەكانی سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان .


7- بایەخدانی حكەمەت بە گەشەی فكری میانڕەوی و حیزب و ڕێكخراوە ئیسلامیە میانڕەوەكان و جیاكردنەوەی ئیسلامی ڕاستەقینە لە بیری توندڕەوی و تیرۆر لەبەرئەوەی وەك لە سەرەتاوە ئاماژەمپێدا تیرۆر ئاین و سنووری نیە ,ئەم جیاكردنەوەیەش زامنی هێمنی و ئاسایشی كۆمەڵگەدەكات لەبەرئەوەی هەركات ڕووناكی ئیسلام لەگەشەدابوو ئیتر گڵۆڵەی توندڕەوی ئاینی لەلێژیدایە و جێگەی نابێتەوە .


8- بایەخدان بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و ڕێزگرتن لە سنورە شەرعیەكان و سروتەئاینیەكانی ئیسلام و تەواوی كەمایەتیە ئاینیەكانیتر .لەڕێی خول و كۆڕو سیمینارو بەرنامەی میدیایی و نامیلكەی وەرزیەوە وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ڕۆشنبیری هاووڵاتیان هۆشیاربكرێنەوەو ئاشنابكرێن بە تەواوی ئەرك و مافەكانیان لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام و یاسا نێودەوڵەتیەكاندا.


9- بایەخدان بەگەشەی دیموكراتی كۆمەڵگەو دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و دابینكردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان یەكێكیترە لە نیشانەكانی سەقامگیری و ئاماژەی بوونی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و گەشەكردوە .


10- دابینكردنی ئاسایشی (نان و ژیان) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ تەواوی هاووڵاتیان و دابینكردنی بودجەی شیاوو شایستە بۆ تەواوكردن و بەگەڕخستنی تەواوی پرۆژە خزمەتگوزاری و ئابوری و.....هتد .


11- بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی جێبەجێكردنی پلانەكانی حكەمەت پێویستە دەزگایەكی چاودێری كارا و پسپۆر كەبتوانێت ڕێگری لە كەمتەرخەمی و گەندەڵی دەزگا بەرپرسەكان و جێبەجێكاران بكات .

محەمەد كەریم مەعروف

ساڵی لەدایكبوون : 1964
شوێنی دانیشتن : هەڵەبجەی شەهید
ئاستی خوێندن: دبلۆم فنی اداری ( معهد فنی كركوك) 1988/ 1989
شوێنی كار: فەرمانبەر لە كۆلیجی تەكنیكی كشتوكاڵی هەڵەبجە 2003 تا 2008 لە ئێستادا فەصلكراوە بەهۆكاری سیاسی قەبوڵی گەڕانەوەی ناكەن بۆ فەرمانگەكەی
سزای سیاسی : لە سالی 1986 لەبەر بەشدارینەكردنم لە (سەربازگەی مەشقی جیش الشعبی) بۆ دووساڵ لە پەیمانگا فەصلكرام دواتر بە لێبوردنی گشتی لە 2008دا گەڕامەوە خوێندن و لە 1989 بەیمانگام تەواوكردوە
شارەزایی زمان : عرەبی
كاركردن لە بواری رۆژنامەنوسی و شرۆڤەكاری سیاسی
پسپۆری كار : شارەزای بواری بەڕێوەبردن (الادارە)