ڕاكردن لە خوا، یان ڕاكردن بۆ لای خوا؟!

 

وەك وەڵامێك بۆ دوو پرسیار لە پرسیارە فیكری و فەلسەفی و جەوهەرییەكانی (لە كوێوە؟ بۆ كوێ؟) و وەك باوەڕدارێك بە قەناعەتەوە دەڵێین: ئێمەی مرۆڤ لای خواوە هاتووین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە [إِنَّا للهِ وَإِنَّا إِلَيهِ رَاجِعُون.]ألبقرة/156، ئاشكرایە كە نە هاتنمان بە ویست و ئیختیاری خۆمان بووە و نە بۆ گەڕانەوەشمان پرسمان پێ دەكرێ، بەڵام ئەوەی كە گرنگە و بەدەست خۆمانە و ڕۆڵمان هەیە تیایدا، چۆنیەتی گەڕانەوەمانە بۆ لای خوا، بۆ ئەوەش ئیختیاری پێداوین و سەرپشكی كردوین و هیچ تۆبزی و زۆرە ملێیەكی تێدا نیە بۆمان [وَهَدَيْنَاهُ النَّجْدَين.]ألبلد/10، و [فَمَنْ شَاءَ فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاءَ فَلْيَكْفُرْ.]ألكهف/29، و [إِنَّا هَدَيْناهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِرَاً وَإِمَّا كَفُورَاً.]ألإِنسان/3، ، واتە: (هەردوو ڕێگەكەمان نیشانداوە.) و (هەركەس دەیەوێ با بڕوا و ئیمان بهێنێت و هەركەسیش دەیەوێ با بێباوەڕ و كافر بێت.) و (ئێمە ڕێگەكەمان نیشانداوە، ئیدی یان سوپاسگوزار دەبێت و یاخود ناسوپاس و كافر دەبێت).

 

یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی مرۆڤ لە ژیاندا ئەوەیە كە خۆی (چۆنیەتی گەڕانەوەی بۆ لای خوا) دەستنیشان بكات و هەوڵ بدات باشترین و جوانترین ڕێگەی گەڕانەوە هەڵبژێرێ. بۆ ئەمەش پێویستە بەردەوام بیر لەوە بكاتەوە و كار بۆ ئەوە بكات بزانێت كە (چۆن بگەڕێتەوە؟) بۆ ئەوەی لای خوا خۆشەویستتر و پەسەندتر بێت و ڕەزامەندی ئەو زاتە باڵایە دەست دەخات، پێویستە بیر لەوە بكاتەوە و بزانێت كە لەگەڵ كام كاروان و قافڵە و بە كام ڕێگە و بە چ هەگبە و توێشوویەكەوە بگەڕێتەوە و چۆن ئەو فەزیلەتی دەستخستنی مەحەببەت و ڕەزامەندی خوایەی دەست دەكەوێ؟


یەكێك لە باشترین و جوانترین ڕێگەكان و پەسەندترینیان لای خوای میهرەبان، ڕێگەی (تەقوا) و پارێزكاری و چوونە ناو كاروانی (متقین) و پارێزكارانە[إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَاللهِ أتْقَاكُمْ.]ألحجرات/13،، واتە: بەڕێزترینتان لای خوا بەتەقواترین و پارێزكارترینتانە.


سەرنج بدەن ئایەتەكە فەرموویەتی (عندالله - لای خوا) واتە بۆ قیامەت و بۆ پاشەڕۆژتان، بەڵام بۆ دونیا مامەڵەكە جۆرێكی دیكەیە، چاكترین كەس ئەوەیە لەگەڵ خەڵكی چاك بێت و بەسودبێت بۆ ژیانیان، ئەوەتانێ پێغەمبەر(دروودی خوای له‌سه‌ربێت) دەفەرمووێ: (خَيْرُ النَّاسِ أنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ.) واتە: چاكترینی مرۆڤەكان بەسودترینیانن بۆ مرۆڤەكانی دیكە.

لەم گۆشەنیگایەوە و بۆ دەستكەوتنی وەڵامی پرسیارێكی دیكە لە پرسیارە گرنگ و جەوهەرییەكان كە بریتییە لە (بۆچی هاتووین؟) چەمكێك لە چەمكە قورئانی و مەعنەوییە گرنگەكان هەڵدەبژێرین و بەشێك لە وەڵامی پرسیارەكەمانی لێوە دەستدەخەین.

بە سەرنجدانێكی خێرامان لەسەر مانای تەقوا ‌و قوڵبوونەوە لە لایەنە قورئانییەكەی ئەو چەمكە گرنگ و بەهادارە و وەستان لەسەر ئەو مانا ناسروشتی و ناڕاستەی كە هەندێك جار و لە لایەن هەندێك كەسەوە -بە مەبەست یان بێ مەبەست و بە زانین یاخود نەزانین- بۆ ئەم چەمكە كراوە و دەكرێ، بەوەی كە گوایە تەقوا بە مانای ترسانە لە خوا، مەخابن ئەم مانا و ڕاڤە ناتەواو و هەڵەیە بووەتە بەشێك لە فەرهەنگ و كلتووری دینداری و ئامۆژگاری دینی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كە (تەقوا یانی ترسان لە خوا)، بەڕاستی ئەم ڕاڤەكردنە بۆ تەقوا نە لە ڕووی زمانەوانییەوە‌و نە لە ڕوانگەی سیاقی ئایەتە قورئانیەكانەوە تەقوا مانای ترسان لە خوا ناگەیەنێت، جا ئەم ڕاڤە و ماناكردنە بۆ چەمكی (تەقوا) بە مەبەست و لە ڕووی زانینەوە بووبێت یان لە ڕووی دەرك نەكردن و تێنەگەیشتن و بێ مەبەست بووبێت، ئەوا ڕاڤەكردنێی نادروست و نەگونجاوە، چونكە ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە خوا و لە دین خوایەكی ترسناك و دین و دیندارییەكی مەترسیدارمان نیشان دەدات، كە بە هیچ شێوەیەك یەك ناگرێتەوە و سازگار نیە لەگەڵ قورئان و ڕۆحی دیندا.

بە كورتی و بەو ئەندازە مەعریفە و ئاگاییە كەمەی كە بەندە هەیەتی لە زمانی عەرەبی و خوێندنەوەی سیاقی ئەو ئایەتە قورئانیانەی كە باسی چەمكی تەقوا دەكەن و كتێبە زمانەوانییەكان شیكاری دەكەن، مانای تەقوا بریتییە لە: خۆپارستن لە گوناهو شتە ناباشەكان و دوور كەوتنەوە لەو ڕێیەی كە دوورت دەخاتەوە لە ڕێگەی گەیشتن و نزیك بوونەوە لەخوا، هەروەها كەوتنە سەر ئەو ڕێیەی كە دەتگەیەنێت بە خوا و نزیكت دەخاتەوە لێی، پوختتر بڵێین لە سیاقی ئایەتەكانەوە ئەوە تێدەگەین كە: (تەقوا، واتە ڕاكردن بۆ لای خوا، نەك ڕاكردن لە خوا.)، ئەم جۆرە دید و تێڕوانینەش بۆ چەمكە دینی و قورئانییەكان و دین و دینداری، وەڵامێكی جوانتر و باشترمان پێدەدات بۆ پرسیاری (بۆچی هاتووین؟)و سازگارە لەگەڵ ڕەحمانییەتی خوا و(رَحْمَةً لِلْعَالَمِين) ی پێغەمبەر (دروودی خوای له‌سه‌ربێت)  و ڕەحمەت بوونی دینی ئیسلامدا.

 

بهێننە پێش چاوتان كە مرۆڤێك دەیەوێت بۆ شوێنێك بڕوات و بگاتە ئامانجێك، بۆ ئەمە توێشوویەك هەڵدەگرێت و پێداویستییەكانی گەشتەكەی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ، ڕێگە دەبڕێت و لە ڕێدا تووشی هەوراز و نشێوو و چاڵ و چۆڵ و دڕك و كۆسپەكانی ڕێگە دەبێ، لەبەر ئەوەی مەبەست و ئامانجەكەی زۆر لا گرنگە و دەیەوێ پێی بگات، بۆیە بە وردی و لێزانانە هەنگاو هەڵدەگرێ و خۆی دەپارێزێ و بۆ هەر هەنگاوێكی سەرنج دەدات كە قاچی بخاتە چ شوێنێكەوە سەلامەتە و زووتر و باشتر دەگات بە مەبەستەكەی، ئەمە مانای تەقوایە وەك ئەوەی لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە.

بۆ دڵنیایی زیاتریش جێی خۆیەتی ئەوە بزانین كە چەمك و وشەی (وقی، تقوی)و هاوشێوەكانی (258) جار لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و لە هیچ یەك لەو شوێنانەشدا بە مانای ترسان لە خوا نەهاتووە، یان بە مانای ڕاكردن لە خوا نەهاتووە.

جۆری ژیان و پێكهاتەی مرۆڤ و حەز و ئارەزووەكانی و ململانێی گەورە و بەردەوامی نێوان هێزی خێر و شەڕ و چاكە و خراپە لە مرۆڤدا، زۆر جار وای كردووە دووری خستووینەتەوە لە خوا و چوون بەدەم بانگەواز و فەرمانە ئیلاهییەكانییەوە، بۆیە هێزی شەڕ و خراپە و گوێڕایەڵی كردنی نەفس و حەز و ئارەزووەكانمان زاڵ بوون بەسەرماندا و زۆر جار بە نەزانی و بە هۆی بێئاگایی و كاریگەربوونمان بە داخوازی و حەز و خواستەكانی نەفسمان، ڕامان كردووە لە خوا و دوور كەوتووینەتەوە لێی و زویر بووین لە خوا و لەبیرمان كردووە.

بۆیە پاش دەرككردن و هەستكردنمان بە دابڕان و دووریمان لە خوا و سستی و كاڵبوونەوەمان لە بەندایەتی و پەرستشەكان و تا ئەندازێكیش نامۆبوونمان لەگەڵ لایەنە ڕۆحی و ئیمانییەكان، پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕێگە ڕاستەكە و ببینە بەندەیەكی (موتتەقی) و پارێزكار و تامەزرۆیانە و ئاتاجانە ڕاكەین بۆ لای خوا و بە پیر بانگەواز و بانگهێشتەكەیەوە بڕۆین، بگەڕێینەوە بۆ لای زاتێك كە زۆر خۆشمانی دەوێت و تامەزرۆمانە و ئامێزی ڕەحمەت و میهرەبانی و دەروازەكانی دیوانی هەمیشە ئاوەڵا و كراوەن و لە پێشوازی بەندەكاندایە، ئەم موژدە گەورە دڵخۆشكەرە ئیلاهییەشمان لەبیر بێت كە پێغەمبەر (دروودی خوای له‌سه‌ربێت)   لە فەرموودەیەكی قودسی دا بۆمان دەگێڕێتەوە كە خوای گەورە كەریمانە و میهرەبانانە دەفەرمووێت: (.. وَمَنْ تَقَرَّبَ إِلَيَّ شِبْرًا تَقَرَّبْتُ إِلَيْهِ ذِرَاعًا وَمَنْ تَقَرَّبَ إِلَيَّ ذِرَاعًا تَقَرَّبْتُ إِلَيْهِ بَاعًا وَإِذَا أَقْبَلَ إِلَيَّ يَمْشِي أَقْبَلْتُ إِلَيْهِ أُهَرْوِلُ.) رواه مسلم.


واتە خوای گەورە دەفەرمووێت: (هەركەسێك بستێك لە من نزیك ببێتەوە، ئەوا من باڵێك لێی نزیك دەبمەوە، وە هەركەسێك باڵێك لە من نزیك ببێتەوە، ئەوا من هێندەی پەل و باڵێك لێی نزیك دەبمەوە، وە هەركەس بە هێمنی بێت بۆ لای من، ئەوا من بە پەلە و هەڵەداون دەچم بە پێشوازییەوە).

لەخوا داواكارین هاوكارمان بێت و تەوفیقاتی خۆیمان بۆ زیاتر بكات تا هیچ كاتێك ڕانەكەین لەخوا و هەمیشە ڕاكەین بۆ لای خوا.