دەسەڵاتی كوردی و لاوازی پلانی بەدەوڵەت بوون

  پێنج شەممە, 17 ئاب 2017 05:44

یەكێك لە سیما دیارەكانی بزاڤی سیاسی كورد بە درێژایی مێژوو بریتی بووە لە ناكۆكی و دووبەرەكی و خۆكوژی و بەدوژمن كردنی یەكتر و ئامادەبوونی گروپە جۆربەجۆرەكان لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا بۆ دەست خستنە ناو دەستی دوژمن بۆ شكاندنی ئێسقانی براكانی، ئەمەش لە چەندان شۆڕشی یەكبەدوایەك و ئەڵقە جیاوازەكانی مێژووی خەباتی سیاسی كورددا بە ئاشكرا بینراوە، لە كاتێكیشدا كە هەلێكی مێژوویی هەڵكەوتووە كۆدەنگی نیشتمانی دروست نەبووە لەسەر قۆستنەوەی فرسەتەكەو لەبیر بردنەوەی ناكۆكیەكان و هەوڵدان بۆ داڕشتنی پلانێكی ستراتیجی لە پێناو بنیات نانی ئەزموونێكی سەركەوتوو پاشان هەنگاونان بەرەو دەوڵەت بوون، ئەمجارەشیان لەدوای راپەڕین هەلێكی زێڕینی مێژوویی تر هاتە ئاراوە، ئەویش بەهۆی شەڕی كوەیت و سەرەڕۆییەكانی رژێمی بەعسی عێراق و پاشانیش گۆڕانی دید و ستراتیجیەتی سیاسی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ئەم هەلە مێژووییەی كە لەدوای راپەڕینەوە بۆ كوردستانی باشور دروست بوو بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو هەلی وا نەهاتبووە ئاراوە، چونكە لەلایەك رژێمە سەركوت كەرەكەی عێراق لەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرزشێكی نەما، لەلایەكی ترەوە كۆڕەو بوە مایەی دروستكردنی سۆزێكی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریكی بۆ گەلی كورد، لەدوای 2003 هەلەكە دوو هێندە بوەوە كە كەركوك و ناوچەكانی تریش رزگاربوون، عێراقێكی نوێ‌ هاتە ئاراوە كورد لەم قۆناغە نوێیەدا دەیتوانی بە دید و تێڕوانینێكی نوێ‌ و بە ویستی خۆی لە عێراقی نوێدا سیاسەت بكات و بتوانێت داواكاریەكانی خۆی لە دەوڵەتە نوێیەكەدا بچەسپێنێت و ئەمەش بكاتە حاڵەتی دیفاكتوی كورد لە عێراقی نوێدا، واتە هێزە سیاسیە كوردیەكانی لەدوای ساڵی 2003 دەیانتوانی بە پلان و ستراتیجیەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵا دۆخە نوێیەكەدا بكەن، بەڵام سەدمەخابن سەرەڕای هاتنە پێشەوەی ئەو هەلە مێژووییە گەورەش جارێكی تر فاكتەرە ناوخۆییەكان رێگربوون لەسەر هاتنەدی ئەو خەونە و بەجێهێشتنی قۆناغەكەو هەنگاونان بەرەو قۆناغێكی تر، جارێكی تر فاكتەرەكانی پەرتەوازەیی و بەرژەوەندی تاك حیزبی و تاكەكەسی رێگربوون لەوەی كە بتوانێت بۆ دەرەوەی خۆیان هەنگاوێك بێنە پێشەوە. لەم قۆناغەدا هێزە سیاسیە كوردەكان لە جیاتی هەنگاونان بەرەو داڕشتنی پلانێكی ستراتیجی بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد و چەسپاندنی مافەكانی لە دەوڵەتە نوێیەكەی عێراقدا. كورد بەرەو بەغدا گەڕایەوەو سەرقاڵی بنیاتنانەوەی عێراق بوو، لەڕووی نووسینەوەی دەستور و بنیاتنانەوەی پێگەكانی دەوڵەت و ژێرخانە ئابوریە داڕماوەكەی، لەدواجاریش ئەو دەوڵەتە گەندەڵەی لێ‌ دروست بوو كە ئێستا دەیبینین. كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە شەرمەزاریە بۆ هەموو تاكێكی عێراقی بە عەرەب و هەموو پێكهاتە نەتەوەییەكانی ترەوە هەڵگری شوناسی ئەو دەوڵەتە بێت.
لە ساڵی 2015شدا دروست بوونی شەڕی داعشیش لە عێراق و ئاڵۆزیە نوێیەكانی لە ناوچە سوننیەكان و شكستی سوپای عێراق لەم ناوچانە و دەستگرتنی داعش بەسەر بەشێكی زۆر لە ناوچە سوننە نشینەكانی هەلێكی تری بۆ كورد هێنایە ئاراوە كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە گەڕاندنەوەی ناوچە جێ‌ ناكۆكەكان و دەست گرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر كەركوك و دەورەبەری كە لەڕووی ئابوریشەوە جێكەوتەیەكی گرنگ بوو، بەشداری كورد لە شەڕی داعش و چوونە ناو هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی تیرۆر و سەردانی بەردەوامی بەرپرسانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ هەولێر زیاتر بوەهۆی ناسینی كورد و هێزی پێشمەرگە و ئاشنابوون بەو نەتەوەیەی كە بەهۆی رێكەوتننامەی (سایكس بیكۆ)وە كە هەر خۆیان ئەندازیاری بوون تووشی چ نەهامەتیەك بووە، بەڵام بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتی كوردی لەڕووی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە هەوڵی زیاتر جوانكردنی وێنەی كورد و سیستمە سیاسیەكەی بدات و گەشە بە دیموكراتی بدات و بە بەرچاوی سەفارەت و قونسوڵیەكانی وڵاتانەوە ئەوە نیشان بدات كە گەلی كورد و دەسەڵاتە سیاسیەكەی نموونەی گەلێكی پێشكەوتوو و شارستانین و شایەنی هەموو كۆمەكی یارمەتیدانێكن بۆ بەدەوڵەت بوون، دەسەڵاتی كوردی لە ساڵی 2015دا جارێكی تر ئەم هەلەشی لەدەستداو گەورەترین زیانی بە كورد و هێزە سیاسیەكان گەیاند و وێنەیەكی زۆر ناشیرینی دروست كرد و وای نیشاندا كە كورد و هێزە سیاسیەكانی زۆر بێ‌ پلان و بەرنامەن بۆ ژیانی سیاسیان و ئەمانە هێزگەلێكن كە ناتوانن بە یەكەوە بژین و لەگەڵا دیموكراسی دا هەڵبكەن و ئەمانە هیچ رێزێك بۆ دەنگ و كەرامەتی هاوڵاتیانیان دانانێن و خاوەنی هیچ پلانێكی ئابوری و سیاسی نین بۆ ئایندە و ئەمانە بێجگە لە بەتاڵان بردن و برسی كردنی گەلەكەیان خاوەنی هیچ بەرنامەیەكی تر نین، لەراستیدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەست خستنە ناو قوت و مووچەی فەرمانبەران و وێرانكردنی هەموو كەرتە جیاوازەكانی حكومەت لە تەندروستی و پەروەردە و هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری، بوە مایەی دروستكردنی ئەو وێنە ناشیرینە، لەم كاتەدا كە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان ئەو وێنەیەی دروست كردووە لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو دەیان سەفارەت و قونسوڵیەی كە لە هەولێردا هەیە. لەم كاتەدا دەسەڵاتی كوردی و بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول دا هاتە ئاراوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەیەك لە پارتە كوردیەكان بە ئامادەبوونی خودی سەرۆكی هەرێم سەردانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا دەكەن و داوای پشتیوانی لە ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەن، هەموومان بینیمان كە ئەنجامی ئەو سەردانانی چی بوو، چەند بە بایەخێكی كەمەوە سەیریان كرد، ئەمەش مانای وایە كە ئەو وێنەیەی كە دەسەڵاتی كوردی لە ئەزموونی ئێستادا نیشانی ئەوانی داوە. گومان و دوودڵی بۆ دروست كردون كە ئەم سەركردایەتیەی ئێستای كورد بتوانن رابەرایەتی دەوڵەتێكی ئارام و دیموكرات و پێشكەوتوو بكەن و ببێتە مایەی خۆشبەختی بۆ هاوڵاتیەكانی خۆی و لەگەڵا دەوروبەرەكەشدا پەیوەندیەكی سیاسی هاوسەنگ بنیات بنێت، چونكە ئەوان لە زیاتر كردنی دەوڵەتێك بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە ئەم دەوڵەتە چەند ئارامی سیاسی لێ‌ دەكەوێتەوەو چەند خزمەت بە گەلەكەی دەكات.