شوێنێك نییە بۆ موده‌ڕیس

  هەینی, 18 ئاب 2017 05:51

بەر لە چەند ڕۆژێك بە سوپاسەوە مامۆستای پەیکەرتاش بەختیار هەڵەبجەیی یەكێك لە پڕۆژە هونەرییەکانى تەواوکرد، ئەمیش بریتی بوو لە کارێكی پەیکەرسازیی بۆ زانای مەزنی کورد مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس.
ئەڵبەت ئەمەش بۆ بیرەوەری و وەفادارییەك بۆ کۆششە زانستی و ئەدەبییەکانی ، لەم میانەشدا پەیوەندیی زۆر کراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار: ئاخۆ شوێنی ئەم پەیکەرە کوێ بێت؟ چونکە کەسایەتییەکی وا لە یەك کاتدا هەم سیمبولێك ئەدەبی بووە هەم دینی، خزمەتێكی زۆری پێشکەشی گەلەکی کرد، هاوکات پارێزگارییەکی زۆری لە کەلەپووری ئەدەبی و کەلتووری کرد و جێ پەنجەی وای جێهێشتووە کە نە ڕۆژگار دەیسڕێتەوە نە نەوەکانی ئایندەش لەبیری دەکەن. لەبەرئەوە پێویستە شوێنی ئەم پەیکەرە شیاوی ئەو زاتە بێت.

کەچی ئەم هەموو خزمەتە و کۆشش و تەقەڵایەی ئەو زاتە پێشکەشیکرد، پاداشتەکەی بریتی بوو لە فەرامۆشکردنی لەلایەن کەسانی کاربەدەست و بانگەشەکارانی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ، بەڵکو هەر تەواو پشتگوێخستنی و بایەخ پێ نەدانی ! .

وێڕای ئەوەی کاك بەختیار پێداگیریی زۆری کرد کە پەیکەرەکە لە شوێنێكی فەرمانگەی ڕۆشنبیری بێت، بەڵام یەكێتی نووسەران ئەمەی ڕەتکردەوە.

بەڵکو یەکێكیان پێشنیازیکردبوو کە ئەم پەیکەرە لە فەرمانگەی ئەوقاف یاخود مزگەتێك دابنرێ ! -بە شێوەیەك لەبارەی مودەڕیسەوە دەدوا وەك ئەوەی باسی تةنها مەلایەك بکات ! - نەوەك باسی زانایەك و ناودارێك لە ناودارانی ئەم گەلە کە خەڵكان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سەر ئەم زەمینە لەسەر دەستی ئەودا قوتابی بوون، نەك هەر ئەمە بەڵکو بە کۆششەکانی هەریەکە لە لایەنی دینی و ئەدەبی دەوڵەمەندکردبوو.

ئەڵبەت ئەمە جگە لەو هەموو بەڵێنە درۆیە و دەستی دەستیکردنەی یەكێك لە بەرپرسانی ئەم فەرمانگەیە بێ ئەوەی هیچ کام لەم بەڵێنانەی بباتە سەر.

بە داخەوە دوای بێئومێد بوون لەوانە، و دڵنیابوون لەوەی نایانەوێ پەیکەری مەلای مودەڕیس دابنێن لە شوێنێكی بەرچاو و زیندوو، کاك بەختیار هەماهەنگی لەگەڵ یەك لە سەرپەرشتیارانی خانەقای بیارە کرد، بەو پێیەی مودەڕیس سیمبولێكی دینی بوو و جەماوەر دیندارەکەشی زۆرترن و ڕەنگە زۆریش وەفادارتر بن بۆی! بەڵام تووشی شۆك بووین بەوەی ئەوانیش داواکەیان ڕەتکردینەوە لەبەرئەوەی ئەوانە پەیکەر بە بت دەزانن و کاری پەیکەرسازی جائیز نییە و نابێ لە هیچ شوێنێك پەیکەرەکە دابنرێ ! .

تەنانەت وەفدێكیان بۆ ئەم پرسە سەردانی فەرمانگەی ڕۆشنبیری کردبوو تاکو دانانی ئەم پەیکەرە قەدەغە بکەن و ڕێگری لە دانانی بکەن!؟ بە ڕاستی ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە گەر ڕەچاوی عەقڵییەتی زۆرێك لە دینداران بکەین.

بەڵام ئەمە نامۆ نییە کە هەڵسوکەوتی وا لە بانگەشەکارانی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریی دەرکەوێت، بە ئەندازەیەك کەمترین ئەمەکیان نەبێت لە ئاست هەرچییەکی مودەڕیس پێشکەشی ئەدەبی کوردی کردووە ؟!. بە داخەوە وێرای ئەم هاشوهوشە گەورەیەی -پایەتەختی ڕۆشنبیری- کەچی شاری سلێمانی شوێنێكی بەرز و بەڕێزی نییە بۆ زانایەك و ناودارێك لە ناودارانی کورد... کەچی لە هەمان کات شوێنیان هەیە بۆ پەیکەری گوێدرێژ و ئەو ڕۆشنبیرانە شانازیشی پێوە دەکەن.. کەوایە، ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران ئەم #پەی_كەرە پیرۆز بێت.