بە پێڵوی چاو، تۆزی پێڵاوەكانتان كۆ دەكەمەوە!

 

نەرمە سۆزێكی تامەزرۆ و دڵسوتاوێك، بۆ سەفەری حەج و زیارەتی بەیت و ڕەوزە.

مانگی (ذى الحِجَّة) یە و وەرزی حەج و زیارەتی بەیت و گڕگرتنی دڵ و تاوسەندنی ڕۆحە، وەرزی هەڵكورمانە بە پلیكانە و پەیژەی نزادا بۆ بەنسیب بوونی خەڵاتی حەج، وەرزی نزای (نزاگۆ)یانە لەبەردەم دەرگانەی ڕەحمەتی (وەڵامگۆی نزا)كاندا، وەرزی خۆ هەڵزنینە بە قاپی ڕەحمەتی یەزداندا بۆ وەرگرتنی (تاجی حاجی)، وەرزی پاڕانەوە و كڕووزانەوەیە لەبەردەم ئاستانەی (رَبُّ البَيْت)  و مەعشوق و مەعبودی ئەبەدیدا، وەرزی خۆ سپی كردنەوە و خۆ داڕنینە لە كۆڵ و خۆڵ و تۆز و گەردی گوناه، وەرزی سەمای مەعنەوییەتخوازی و لەشەقەی باڵدانی مەلی ڕۆحە بۆ گەیشتن بە مەملەكەتی مەلەكوتی ئەعلا.

ئەمێستا وەرزی پاییزی خەزانی گوناهو بەهاری سەوزبوونی ئیحسان و ئیمانە، وەرزی نەهێشتنی جیاوازییەكان و نەمانی (ئیعتیبارات) و (ئیمتیازات) و شانازییەكانە، وەرزی یەكڕیزی و یەكڕەنگی و یەكدەنگییە، وەرزی بەجێگەیاندنی (مەناسیك) و چوونە بۆ (مەسكەن)ی (ئەمین) و وتنەوەی درووشمە (سوكنابەخش)ەكانە، وەرزی وتنەوەی سرودی ئاسمانی و عیرفانی (ڵبَّیْكَ اللَّهُمَّ ڵبَّیْكَ)ە، وەرزی تەوەللوودی دووبارە و گەڕانەوەیە بۆ زێد و نیشتیمان بە پاكی و بەرائەتی مناڵانەوە، وەرزی خۆ هەڵكێشانە لە ئاوی (زەمزەم) و چاوەڕوانی كردنی كوپێك یان قومێك ئاوی (كەوسەر)ە بۆ نەمانی تینوویەتی ئەبەدی: (مَنْ شَرِبَ مِنْهُ لَمْ يَضْمَأْ بَعْدَها أَبَدَاً.)

ئیلاهی! ئەی ئەوەی كە دڵەكان كەمەندكێشی ڕووگەكەت دەكەی! وا لەم دوورەوە و لە وڵاتی (كابان)ەوە، لە مەملەكەتی (جینۆساید) و بەناو (ئەنفال)ی گەرمیان و بادینان و (هەڵەبجە)ی پڕ لە بۆنی سێوی (كیمیاباران)ەوە، لە دەشتی زوڵم لێكراوی (شارەزوور)ەوە، منی كوردی كوردستانی، بە قاتێكی كوردی (ستارخانی)یەوە، لەگەڵ دڵەی تامەزرۆ و شەیدام، بەرەو دیاری دەیری عیشقی (حیجاز) و (كابە)ی پیرۆز و (ڕووگە)ی یەكتاپەرستانت كەوتوومەتە ڕێ، تا لەوێ، هەنێ جار بە ئەسپایی بە شوێن پێكانی دایكە (هاجەر)دا ڕێ تەی كەم و گەه گاهێكیش توند توند ڕا بكەم، بۆ ئەوەی بە گسكی (پێڵوی چاوەكانم) تۆزی ژێر پێڵاوەكانی كۆ بكەمەوە و تینوویەتی دڵمی پێ بشكێنم و چاوەكانمی پێ بڕەژم!

خوایەگیان! ئەی خاوەنی بەیتی مەعمور! بەڵێ وا ئەمجارەش بە قاتێكی (مورادخانی) و (جامەدانی)ییەكی ڕەشی قەترانی و خاڵی سپی سپی وەك بەرگی ئیحرامەوە، دێم و تەپوتۆزی پێڵاوەكانی (ئیبراهیمی خەلیل) و (ئیسماعیلی زەبیح) و خاك و خۆڵی سەر بەردەكانی دیواری (بەیت) كۆ دەكەمەوە، بۆ ئەوەی دەستم بگاتە بەردە ڕەشەكە و ڕوخسارمی پێ سپی بكەم و چاوەكانمی پێ بڕەژم و بە (هەروەلە)ەوە بگەمە مەقامەكەی بابە گەورەی (بت شكێن) و (قانت)انە دوو ڕكات نوێژی (مەقام) بۆ (رَبُّ البَیْت) بخوێنم.
پەروەردگاری خاوەنی ئەدگاری جوان و دڵڕفێن! وا دیسانەوە منی شەیدا و تامەزرۆ و تینووی لیقا و دیداری ئازیزان، لەم وەرزی حەج و زیارەتەدا، لەم وەرزی (موحتاجی و موشتاقی)یەدا، هەر وەك جاران، گڕ بەربوویەوە دڵەی تاوسەندووم و ئۆقرە و قەرارم لێ بڕاوە و دڵم وەك تەنور داگیرساوە.


ئیلاهی! بەخوا بێ قەرارم بۆ زیارەتی بەیت و دیداری ڕەوزەی یارم، بۆیە ئەمجارەش وا هەمیسان خۆمانە و (وە زوانی وێمان) و (هۆرامیانە) و بە شاڵ و (چۆخە و ڕانك) و (فەقیانە)ی سپییەوە دێم، بەڵێ بە مشتێك (توو) و دەمێك (بنێشت)ی دارەبەن و بنە گوێنییەك (گوێز) و پڕی دەفرێك (قەزووان)ی سەوز و بەرچینەیەك (هەنجیر)ەوە دێم، بە تەسبیحێكی (قەزووان)ی سەد و یەك دانەییەوە دێم، بە (فەرەنجی) و (كڵاو و مشكی) و (پوزەوانە) و (كڵاش)ی ناوچەی دڵڕفێنەوە دێم.


بەڵێ! لە ناو جەرگەی مەملەكەتی خانەقا و مەدرەسەی شەرعی و باخ و ڕەز و (تەڵان)ی پڕ لە (تەوەن نما) و خەڵكی (موحەممەد دۆست)ی هەورامانی سەربەرزی (صەییدی) و (مەولەوی) و (سوبحانی) و (موفتی زادە) و (سەڵاحەدین) ی نەوەی (مەڵڵا بەها)وە دێم، بە هەڵەداوان و تامەزرۆیی و ئیشتیاقێكی (بێ چوون)ەوە دێم، دێ بە دێ و شار بە شار و بنار بە بنار و هەوار بە هەوار ڕێ تەی دەكەم و بۆ لات دێم، بۆ ئەوەی وەك حەیران و عاشقێك، دانە دانەی تۆز و گەردی (میسك ئاسا)ی ژێر پێی (سالارەكەی مەدینە) كۆ بكەمەوە و بیكەمە نێو (توێی دڵ)ی توێ توێمەوە، یان بیكەمە ناو (جام)ێكی فافۆن و (دۆڵكە) گڵینەكەی دەستم و تێكەڵ بە ئاوی (زەمزەم)ی بكەم و تینوویەتی چەند ساڵەمی پێ بشكێنم، بۆ دواجاریش بەشێك لەو تۆز و گەردە گیان ژێنەوە (ڕەونەق بەخشە) بكەم بە (كلی چاوم) و پڕ بە دڵەی تامەزرۆشم، لەگەڵ كاك (ئەحمەدی موفتی زادە)دا، دانەكانی شیعر و سۆز بهۆنمەوە و بڵێم:
یاخوا كڵەی چەم، گەردی پاڵاش بۆ
سەرم هەزار جار، سەر گەردی ڕاش بۆ.


ئەی خوا میهرەبانە مەحبوبەكەم! زۆر حەز دەكەم بۆ تاوێكیش، هەڵزنێمە سەر چیایەكی (هۆرامان) و لە سەر تاشە بەردێكی ساف و تەختدا، لە ژێر سێبەری (دارە بەن)ێكدا، یان لەسەر تەختە بەردێكی (تەڵان)ێكدا، خۆم بدەم بەسەر عەسایەكی (دار گوێز)یدا و دەست بخەمە بنا گوێم و لەگەڵ (ئۆسمان كێمنەیی) هونەرمەندی (گۆرانی واچ)دا، پڕ بە گەرووم، بەزمێكی (سیاچەمانە) و (شێخانە) بچڕم و ڕوو بكەمە (ڕەوزەی ڕیزوان) و پڕ بە دڵ و گەرووشم، لەگەڵ هۆنەری ئەم پەیڤە (فۆلكلۆری)یانەدا، هاوار بكەم و بچڕم:

گەردو گەردانە... گەردو گەردانە
خاكی مەدینە یا ألله، بۆمان دەرمانە
خاكی مەدینە باوانم، شیفای دەردانە
تكا و لاڵەما باوانم، بە هۆرامیانە
ڕەببی قبوڵ كەی، وەبێ بەهانە.

ئیلاهی! من دەمەوێ كۆڵان بە كۆڵانی (مەككە)ی پیرۆز بگەڕێم، دەمەوێ بست بە بستی خاكی (حیجاز) تەی بكەم، دەمەوێ نانی بەیانیم لە خزمەت (دایكە خەدیجە)ی خۆشەویستمدا، تریت و تێوڵەی شیر و نانی جۆ بخۆم، دەمەوێ بۆ ژەمی نیوەڕۆیەك سەرێك لە ماڵی (یاری بێ قەراری غار) بدەم، دەمەوێ پیاسەیەكی عەسرانە لەگەڵ (عومەری فاروق)دا بكەم، دەمەوێ لە كاتی زەردەپەڕی ئێوارەدا، چاوێك لە ڕووخساری جوان و نورانی (عوسمان)ی خاوەن شكۆ ببڕم، دەمەوێ ژەمی ئێوارەم نان و خورما و جامێك شیری ماڵی (عەلی) جوامێر و خۆشەویست و (فاتیمە)ی سەنگین بێ، یان خۆم بكەم بە ماڵی (ئەبو ئەییوبی ئەنساری)دا و چرا بكوژێنینەوە و ـ بە یادی جارانەوە ـ منیش ژەمێك وەك ئازیزەكە ـ كە تەنها بەشی خۆیان دەكا ـ نانیان لەگەڵ بخۆم، دەمەوێ لەوسەری كۆڵانێكەوە چاوم لە پێشبڕكێی سەروەری نازدار و دایكە (عائیشە)ی دڵسۆزم بێ، دەمەوێ لە بن دیواری (بەیت)دا دابنیشم و گوێم لە دەنگی زوڵاڵی بانگەكەی (بیلال) بێ.

خوایەگیان! گیانبەخشی گیانان! ڕێگە و مۆڵەتم بۆ بڕەخسێنە، ئاخر بەم كزۆڵی و كڵۆڵی و (بێ كۆڵی)یەی خۆمەوە، دەمەوێ شەوێك بە ئەسپایی خۆم بكەم بە ماڵەكەی (ئەڕقەم)دا و سورەتی [وَالضُّحَى] ی تێدا بخوێنم، دەمەوێ سەر بكەم بە هەموو كوچە و كۆڵانێكی (بەككە)دا، تاوەكو چەند وێنەیەكی یادگاری جێ پێیەكانی (ئەبوبەكری ڕاستگۆ)ی مار گەستوو و (عومەری فاروق)ی بە هەیبەت و (عوسمانی زولنورەین)ی بە شەرم و شكۆ و (عەلی عەلەمدار)ی بوێری بە عیززەت و (حەمزەی شەهید)ی جەرگ دەرهێنراوی بەجەرگ بگرم و دواتر ئەرشیفێكیان لێدروست بكەم.

ئەی خوای خاوەن عەتا! ببورە لە بەندەی خاوەنی خەتا، منی تامەزرۆ و تینووی حەج، دەمەوێ بە كامێرای چاوی دڵم، وێنەی هەنگاوە پڕ لە سەروەرییەكانی دایكە (خەدیجە)ی پشت و پەنا و دڵنەوایی دەری سەردار و (فاتیمە)ی بەسۆز و (سومەییە)ی هەوەڵ شەهید و (ئەسما)ی خەباتگێڕی چاونەترس و (عائیشە)ی ڕەمزی عیشق و ناز و مەحەببەت و نەبەردی بگرم، بۆ ئەوەی وێنەكانیان لە ئەلبووم و تابلۆیكی زێڕیندا هەڵگرم، بۆ ئەوەی ڕۆژانە تەماشایان بكەم و بەدەم یادەوەرییەكانیانەوە ـ بەشەرمەوە ـ سەری شەرمەندەییم بخەمە سەر سەرین و چاو لێك بنێم، سا بەڵكو ـ لوتفی خوای میهرەبان ببارێ بەسەر منیشدا ـ و لە خەونێكی چەند خولەكیشدا بێت، ببمە میوانیان و بە دیداریان شاد ببم.


ئیلاهی! ئەی خاوەنی قیبلەگای (مەقبوڵ) و ڕووگەی (مەقسود)ی (بێ چوون)ی دڵەی تینوو و شەیدام! من ڕۆژی پێنج جار ـ بە شەرمەوە ـ ڕووی سینە و ڕوخسارم لە (قیبلە)كەت دەنێم و ڕووی ڕۆح و دڵم لە زاتی پاكت دەكەم، كە پاش (ئەقسا)ی بریندار، (كابە)ت كردە ڕووگەمان، بەڵام مەخابن كە قاچم كۆت كراوە و ناگات بە (تەواف چییەكان)دا و دەستم بەند كراوە و ناگاتە زیارەتكارەنی (حَجَرُ اڵاسْۆد)ەكەت، چی بكەم دووری ڕێگەكەم مۆڵەتم نادات خۆم لە دەر و دیواری (بەیت) و (مەقام) و بەردەكانی (بەدر) و ئاهەكانی (ئوحود) و عەزیمەتەكانی (عەرەفات) هەڵسووم؟!


ئیلاهی! چی بكەم دەرفەت نەڕەخساوە كە سڵاو و درودێك بۆ یارانی ماڵ و مەنزڵی حەوانەوەی (بەقیع) بنێرم و لە پەنای كێلی شەهیدێكیاندا پێیان بڵێم: (ألسَّلامُ عَلَيْكُمْ دارَ قَوْمٍ مُؤْمِنِينَ وَأَتَاكُمْ مَا تُوْعَدُونَ غَدَاً مُؤَجَّلُونَ وَاِنَّا اِنْ شَاءَاللهُ بِكُمْ لاحِقُون)  و ئێمەش بە دیدارتان شاد دەبین؟! چی بكەم مۆڵەت نەبووە و ڕێگە نەدراوە بێم و لەژێر سێبەری (درەختی ڕیزوان)دا بەیعەت و پەیمانی بەندەیی و ملكەچی نوێ بكەمەوە و دەستم بخەمە سەر بەردێكی ژێر درەختەكەی ڕیزوانەوە؟!


ئیلاهی! هەر تۆ فریادڕەس و پەنامی! دەمەوێ قۆچێك بكڕم و لەگەڵ دەستم بیبەم بۆ سەر ئەو بەردەی كە بابە گەورەم (ئیبراهیمی خەلیل) ویستی (ئیسماعیلی زەبیح)ی مامم سەر بڕێت و بیكاتە قوربانی، دەمەوێ منیش ـ ئەگەر قابیلی ئەوە بم ـ بڵێم ئەگەر لێم قبوڵكەی ئەم قۆچەم دەكەمە قوربانت، خۆ ئەگەر داوای بەقوربانی كردنی ڕۆڵە و كوڕە شیرینەكەشم بكەی، زۆر لەوەش زیاتر شایستەی كە پێشكەشی (جەلال و عەزەمەت)ی خوایانەتی بكەم.

پەروەردگاری بە میهر و دەهەندەی دڵاوا! تكات لێدەكەم، بە من و سەرجەم تامەزرۆیان ڕەوا ببینە كە شەرەفی زیارەتی (بەیت) و (ڕەوزە)مان پێ ببەخشی، بە لوتفی خۆت بە قابیلی ئەوەمان بزانە بێینە (كابە) خۆشەویستەكەت و حەوت جار ڕەجم و حەوت جار تەواف و حەوت جار سەفا و مەروە بكەین، دەرووی ڕەحمەتمان لێ بكەرەوە و مێوانداریمان بكە لە ماڵەكەتدا.

ئەی مێواننەوازی مێواندۆست! نیگایەكی ڕەحمەتت لەم بەندە موحتاجە و بەندە موحتاجەكانی دیكەشت ببڕە، با چیدی لەوە زیاتر نەسوتێین و هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا هەڵنەقرچێین، ڕێگەمان بدە تا بە خۆشەویستەكەت و (وەلی) و دۆستەكانت شاد ببین و ببینە مێوانی جێ پێكانیان، با چەند ژەمێك شیر و خورمای وشك، بە تۆز و گەردی جێ پێكانی ئەوانەوە بخۆین، با كوپێك ئاوی زەمزەم بە تكەی بۆن گوڵاوی ئارەقەی نێو چاوی دایكە (هاجەر) و فرمێسكی یاقوتینی (ئیسماعیل) گیانەوە بخۆینەوە.

توخوا خوایەگیان! باش دەزانین و دەبینین كە هەمیشە دەرگانەی ئاسمانەكانت بە ڕووماندا كراوەن و چاوەڕوانیمان دەكەن، دەسا خوایەگیان بە لوتفی خۆت دەرگاكانی گەیشتن بە (بەیت) و (كابە) و (ڕەوزە)شمان بۆ ئاوەڵا بكە، ڕیگەكانمان بۆ ئاسان بكە و كۆسپەكانی ئەو ڕێگەیەمان بۆ لابدە، تا وەك بەندەیەكی زۆر (موحتاج و موشتاق)ت چەند ڕكاتێك نوێژ لەو سوجدەگایانەش بخوێنین و نێو چاوانمان بە خاكی پاكی چاكی ئەوێ نورانی ببێت، سا بەڵكو ئەگەر تەنها بۆ جارێكیش بووە، نێو چاومان بكەوێتە سەر ئەو سوجدەگایانەی كە نێو چاوی سەروەرە خۆشەویستەكەت() و یارانی ئازیزی كەوتووەتە سەری، بەڵكو ئێمەش بارگاوی ببین بە ڕۆحی زیندووی ئەوان، یان ئەگەر لەو مەملەكەتی (پێغەمبەرستانە) شدا قابیلی ئەوە نەبین كە ڕەنگی پێغەمبەر و یارانی بگرین، بەڵكو بۆنی ئەوان بگرین و ـ كە گەڕاینەوە ـ بە بۆنی ئەوانەوە نیشتیمانمان گوڵاو پرژێن و عەتر ڕێژ و بۆنخۆش بكەین.

خوایەگیان! گیانم بە قوربانت، بمبورە و لێم مەگرە، ئەگەر مناڵانە و سادە و ساویلكانە لێت دەپاڕێمە و لەبەردەم ئاستانەتدا زەلیلانە خۆم داوە بە زەویدا و دەكڕوزێمەوە، خۆت زۆر باش بە (بۆكڕوز) و قرچەی سوتانی دڵم دەزانیت و ئاگات لە بێ ئۆقرەیی و بێ قەراریمە، نە بڕستم ماوە چیدی پەیڤەكانم بڵێم و نە دەستم دەگرێ بنووسم و نە فرمێسكیش ماوە كە ڕوومەتی گوناهگرتوومی پێ بشۆم، تاكە شتێك كە شك بەرم، تەنها ڕەحمی بێ سنووری تۆیە و نیگای دڵگیر و سۆزی یادی ئارامبەخشت...

توخوا ئەی خاوەنی (بەیتی عەتیق) و هەست و میهری (ڕەقیق) و حیكمەتی (دەقیق)! تكا دەكەم درێغ مەكە لەم بەندەیە و ئاتاجەكانی (تاجی حاجی) و برسیانی حەج و تینووانی زەمزەم، ڕێگەمان بدە بێینە ئەو مەملەكەتی نزایە، تا (نزاگۆیانە) ئاتاجی و شەكوا و سكاڵای خۆمان و هەموو ئاتاجەكانت بۆ بێنین و بۆ موحتاجی و نەداری و بێ دەسی و بێ كەسی خۆمان و دەردی سەری و بێ سەروبەری بەرامبەرەكانمان لە تۆی فریادڕەس بپاڕێینەوە.

ئەی خوای بەسۆز و فریادڕەسی نیازمەندان! ڕێگەمان بدە با موحتاجانە و بە هەڵەداون و بە (هەروەلە) بێین و وەك نوێنەرێكی ئەمین و ڕاسپێردراو، باس و خواسی (دەردی دەرداران) و (نیازی هەژاران) و (خەمی بێ نەوایان) و (بێ نازی هەتیووان) و (حەسرەتی لێقەومان)ت بۆ بكەین.

خوایەگیان! مۆڵەتمان بدە با ئێمەش بێین و باسی بەندە خوادۆستە (ئارامگر) و (سوپاسگوزار)ەكانت بۆ بكەین، دەرفەتمان بدە با بێین و باسی ئیمتیحان و ئیبتیلای (میحنەت) و (مینحە)ی ئازیزەكانمانت بۆ بكەین، توخوا هەلێكمان بۆ بڕەخسێنە با بێین و بەدەم سرودی بەچێژی (ڵبَّیْكَ)ەوە تێر تێر بگرین و پێبكەنین.. باڵا بكەین و لەشەقەی باڵ بدەین.. پێ لە زەوی ببڕین و بەرز بینەوە، ئێرە بەجێ بهێڵین بۆ ئەوانەی تەنها ئێرەیان دەوێ، با ئێرە بۆ ئەوان بێت و ئێمە نامەنەوێ بێ ئەوێ هیچێكی ئێرەمان ببێ، نامەنەوێ ئێرە لەوێمان داڕنێ، نامانەوێ قورس ببین و بلكێین بە زەویدا و ڕازی ببین بەوەی لە زەویدایە: [مَا لَكُمْ اِذا قِيلَ لَكُمْ انْفِرُواْ فِى سَبِيل اللهِ اِثَّاقَلْتُمْ اِلى الأرْضِ أرَضِيتُمْ بِالحَيَاةِ الدُّنْيَا مِنَ الآخِرَةِ فَمَا مَتَاعُ الحَياةِ الدُّنْيا فِى الآخِرَةِ اِلاَّ قَلِيلٌ.]   ئێمە نامانەوێ تا تۆ لێمان ڕازی نەبیت بگەڕێنەوە بۆ دیوانت، نامانەوێ بەبێ بەڵێنی [رَضِىَ اللهُ عَنْهُم وَرَضُواْ عَنْهُ]   گیانمان وەرگریتەوە و بگەڕێینەوە بۆ مەنزڵی جاویدانی.
دەسا ئەی میهرەبان و وەڵامگۆی نزای نزاگۆیان! نائومێدمان مەكە و لوتفت بخەرە كەرەم لەگەڵمان، ئەوەی بۆ دین و ژین و دونیا و ئاخیرەتمان خێرە وامان بۆ بكە، ئەم نزایانەشمان ـ كە تامەزرۆیانە خستمانە حزوورت ـ گیرا بكە و دڵخۆشمان بكە، بۆ ئەوەی كە لەو سەفەرە هاتینەوە، بە پەیڤی شیرینی (حَجٌّ مَبْرُورٌ، وَسَعْىٌ مَشْكُورٌ، وَذَنْبٌ مَغْفُورٌ.)  پێَشوازیمان لێبكرێت... ئامین.. ئامین.
*****