کەی یەکڕیزی نیشتمانی لە ئەرزا دەبێتە واقع ؟!

کۆمەڵگەی کوردەواری لەڕوی ناسنامەوە زۆرینە موسڵمانەو ، ئەم نازناوەشی بە قەناعەت و متمانەی خۆی ھەڵی بژاردووەو لەسەری دەژی دوور لە سەپاندن ، دەی پێوەری حەقیقی بۆ خەمڵاندنی ئەو نازناوەی لە پەیامی خوادا بۆ ھەر تاکێک بریتیە لە : (دەبێ خەڵکی لەدەم و دەستی پارێزراو بن) ، لە زیان و ئازاری بێمزەڕت بژین . لەھەمان کاتیشدا ئەوە خواستێکی سروشتی مرۆڤ بوونە .
وەختێک کۆمەڵگە لەسەر ئەم خەسڵەتە مەزنەی (سەلامەتی) تاکەکانی پەروەردە کرابن و ھەریەک لەئاستی خۆی خەمی ئازار نەدانی ئەوی دیکەی ھەبێت ، ئەوکات خۆشەویستی و ڕێزگرتن و پێزانین و نرخاندن و پشتیوانی ، دەبێتە سیمای ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر . ھەرچەندە جیاوازیان ھەبێت لەڕووی تێگەیشتن و پێشبینی و وەرگرتنی ڕاو سەرنج و ھەڵوێستەوە .
چونکە جیاوازی ھەروا نیشانە و (ئایەت)ی قودرەتی خوایە ، ھەرواش سروشتی مرۆڤ بوونە ، جیایی ڕەنگ و ڕوخسارو ئاخاوتن و حەزو تەبیعەت و زەمین و ڕوانین و بیرکردنەوە و بژاردن و .. تاد . وە ئەم جیاوازیە بۆ تەواوکاری و جوانکاریە نەوەک نەیاری و ناشیرین کردن و یەکتر بڕدان و خنکاندن و فەوتاندن .
لێرەوە لێکەوتەی گەورەتر دێتە ئاراوە ئەویش لانەو ماڵی سەربەخۆیە ، مەنزڵی ژیان تەنھا سنوری ماڵ و خانووەکان ناگرێتەوە ، بەڵکو نیشتمان و زێدیش دەگرێتەوە ، وەختێک ئێوەی نەوعی ھەتانەو عومرێکە چێژی لێ دەبەن ، دەی ئەرکەو لەسەرتانە یاریدەری ئێمەش بن تاکو دەبینە خاوەنی ھەمان شتی ئێوە .. ئەمەیە ئاستی مرۆڤی کامڵ بە پێوەری ئەقڵ و نەقڵ .
کەواتە گەر سەلامەتی لەئاستی یەک ھەبوو ؛ کەدەبێ ببێ چونکە ئەمە ئەرک و بەرپرسیاریە ؛ ئەوکات برایەتی و یەکڕیزی (ئینسانی ، نیشتمانی ، ئاینی) دێتە ئاراوە و دەبێتە سابات و سەربان و ھەموان لەسایەیدا وچان دەگرین و دەحەوێینەوە .
لێرەوە دروست تێدەگەین کەوا گرفتی سەرەکی نەکردنەوەی گرێ کوێرە و لکە نەفسی و شەخسیەکان تەنھا ون کردنی کلیلی سەلامەتی و خۆشەویستی و بۆیەک بوون و یەکتر تەواوکردن و پێکەوە ژیانە . بەداخەوە لەدورو دەرەوە و لای بێگانە بۆی دەگەڕێین ، کەچی نزیکە و لەناوەوە و لای خودی خۆمانە .
ھەمیشە ئەقڵ و ئاوەز پێی وتوین : جیایی و دووبەرەکی و دووری و ڕق لەیەک بوون شەڕە ، دەردە ، بەڵایە ، خەمە ، ئازارە ، مەینەتە ، شکستە ، دۆڕانە ، فەوتانە .. لە پاڵیدا نزیکی و برایەتی و یەکڕیزی و سەلامەتی و خۆشەویستی خێرە ، شیفایە ، خۆشیە ، بەرەکەتە ، فەڕە ، پێشکەوتنە ، سەرکەوتنە ، براوەییە ، ئاسوودەییە ، بەختەوەرییە ..
کەچی زۆر بەداخەوە وەک نەفام و گێل خۆ دەخەینە ھەڵەوە و بژاردە خراپ و چەوتەکە ھەڵدەبژێرین و کاری پێ دەکەین و ، پاساوی نادروستی بۆ دەتاشین و ، ئەوەندەی تر خۆمان تووشی بەڵا دەکەین و ڕێی گەیشتن بە مەنزڵ درێژ دەکەینەوە !!
ئەوەی ڕۆشنبیرو ڕووناکبیرو سیاسی و بەرپرسە و سەرەگوریسی چارەنوسی ئەم میللەتەی بەدەستە ، دروست ئەم حەقیقەتانە دەزانێ و دەناسێ ، بەرھەم و زیانیان دەبینێ ، ئیتر ناکرێ و نادروستە لەبەر ھەر پاساوێ ، بەرژەوەندی شەخسی یان ماساوێ ، لە بەرەی ھەقناسی و ھەق وتن خۆ بوێرێ ، یان لەبری ڕێکردن و ڕچە شکاندن و ترس مالێن . ترس بێنێ و خۆی و خەڵک بتۆقێنێ . ئەوەی ماوە و ئەسڵە بەدەس بھێنرێ ھەرەسی پێ بێنێ .. چونکە بەرپرسیاری بەرپرسیاریە لای مێژو ، میللەت ، مرۆڤایەتی ، خودا .
جارێکیتر وەک ئەرکی ئینسانی و نیشتمانی و ئاینی ، دوپاتی دەکەینەوە کەوا : ئاشتی و سەلامەتی و ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانی پێویستی بەباوەڕ پێ بوون و متمانە پێ بوونە ، دواتر کاری مەیدانی و ھەوڵی دروست و دڵسۆزی و خەمخۆری دەخوازێ .
وە ھەرکات چەمکی ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانی و پێکەوە ژیانی سەلامەتی (بەدەم و دەست زیان بەیەک نەگەیاندن) لەناخی کەس و لایەنی پەیوەندیداردا بوویە قەناعەت ، بەدڵنیاییەوە لە ئەرزیشدا دەبێتە واقع .
عوسمان حمەکریم زەڵمی
٢٨ / ٨ / ٢٠١٧