ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستێك بۆ مێژوو

  سێ شەممە, 29 ئاب 2017 21:31

 

ئەگەر چاوێك بەمێژوی خەباتی نەتەوایەتی گەلانی جیهاندا بخشێنین دەبینین زۆربەی گەلان سەردەمانێكی زۆر ژێردەستەو داگیركراوبوون لەپێناوی سەربەستی گەلاندا خەبات و خوێنی زۆر دراوە تا هەڵكەوتنی هەلی گونجاو بۆ سەربەخۆبوون و بەدەستهێنانی لە چنگی داگیركەران .


سەرئەنجامزۆربەی هەرەزۆری میللەتانی دونیا مافی خۆیان لە سەربەخۆیی بەدەستهێنا و بوون بە خاوەن سنورو ئاڵا و سوپا و ئابوری سەربەخۆی خۆیان.جێگەی ئاماژەپێكردنە هیچ گەل و نەتەوەیەك دەوڵەتی لەسەر سینی زێڕپێشكەشنەكراوە بەڵكو قۆناغەكانی خەباتی نهێنی و خەباتی چەكداری و فیداكاری و بەخشینی سەروماڵیان بڕیوە لە كۆتاییدا داگیركەریان ناچار بە گێڕانەوەی مافی زەوتكراو كردوە , یەكێك لەو میللەتانەی كە تائێستە لەتلەت و داگیركراوە گەلی كوردە كەبە شاهیدی دونیا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتین لە جیهاندا جێگەی باسە لە ساتەوەختی دابەشكردنی كوردستانەوە وەك میراتی دەوڵەتی عوسمانی(پیاوە نەخۆشەكە) بە پێی ڕێكەوتنی شومی (سایكس بیكۆ 1916) تا ئەمڕۆ بێووچان كورد لەخەباتدابووە و خوێن و عارەقی زۆری لەپێناو سەربەخۆییدا بەخشیوە .


دەتوانم بڵێم ڕوداوەكانی سەر گۆڕپانی ناوچەكە لە چارەكەسەدەی ڕابووردودا لەبەرژەوەندی گەلی كورددابووەوهەلی زێڕینی بۆ كورد ڕەخساندوە سەركردایەتی كورد (لەگەڵ دوونیایەك تێبینیمان لەسەر شێوازی حوكمڕانیكردنیان) توانیویانە سود لە هەندێك هەل وەربگرن, ئەوەبوو پاش داگیركردنی كوەیت لەلایەن ڕژێمی بەعس 1990و دروستبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە صدام و كوردستان توانی بە ڕاپەڕینێكی سەرتاسەری زۆربەی خاكەكەی لە ژێر چەپۆكی بەعس دەربهێنێت ودەسەڵاتێكی كوردی دروستبكات هەروەها پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 جارێكیتر كورد لەگەڵ عەرەب و كەمایەتیەكانیتربەشێوەیەكی توافقی حكومەتی عێراقی فیدراڵیان پێكهێنا دواتر بەهۆی قۆرخكردنی دەسەڵاتی بەغداد لەلایەن شیعەو سەرهەڵدانی داعش كورد توانی خەونی گێڕانەوەی كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكان بێنێتەدی لەدوای 2013 ڕژێمی بەغدا وەك پیشەی پێشینەكانی گەمارۆی ئابووری و ئیداری خستەسەر هەرێم بەبڕینی مووچەی هاووڵاتیان و بودجەی دەسەڵات و پرۆژەكان كوردیش وەك ناچاری بڕیاریدا بە هەناردەكردنی نەوت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی دامودەزگا و مووچەی هاووڵاتیان .


ئەمانە بیرخستنەوەیەكی كورتبوون , ئەوەی مەبەستمە دەبێت هەموو ئەوەبزانین بەدرێژایی مێژوی خەباتی گەلان هەرگیز داگیركەر فەرمووی نەكردوە لە گەلانی داگیركراو بۆ وەرگرتنی ماف و ئازادی و سەربەخۆیی بەڵكو ماف دەبێت بسەنرێت نادرێت دەوڵەتانی ئیقلیم و نێودەوڵەتی هەرگیز دەستی هیچ گەلێك ناگرن و مافی بۆوەربگرن بەلكو ئەوان مامەڵە لەگەڵ واقع دەكەنئیتر ترس و دڵەڕاوكئ لەپای چی؟؟


لەگەڵ دونیایەك تێبینیم لەسەر سیستەمی حیزبی كوردستان و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئاشناییم لەگەڵ جیاوازی مامەلًەو پەیوەندی دەسەڵات لەبەرامبەر هاووڵاتی لەكاتی پێویستی بوون و كاتی ئاسایی و بێمنەتبوونی لە دەنگ و پشتیوانی جەماوەر هێشتا دەڵێم شەرم و شورەییە كەسێك هەبێت لەنێوماندا دژ بە سەربەخۆییبێت و داوای خۆهاویشتنە باوەشی ئەو ڕژێم و دەسەڵاتە هاوهەوڵوێستانەی بەغداد بكات دەیان ساڵە هەمو تاڵاوێكی بەگەروی ڕۆڵەكانی میللەتەكەماندا كردوە لە (كوشتن و كیمیاباران و ئەنفال و ڕاگواستن و كاولكردن و ئەنجامدانی جینۆساید و پاكتاوكردنی نەژادی و.....هتد ) بۆیە پێویستە هەمومان بەدلسۆزی و لێبڕاوانەوە بەپیر بڕیاری ڕیقراندۆمەوە بچین و ڕۆژی 25/9/لەسەر صندوقەكان ئامادەبین و بەیەك دەنگ بەڵئ بۆ كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ بكەین و هیچ بەهانەو پاساوێك بۆ كەمتەرخەمی نەهێنینەوەدەبێت ئەوەش لەیادنەكەینپرۆسەی خەبات لێرەدا كۆتایی نایەت بەڵكو پێویستە ئێمەش وەك گەلانی جیهان هەناسێكی ئازادی هەڵمژین و ببینەخاوەن كیان و ئاڵا و سوپا و سنوری دیاریكراوو دانپێدانراوی نێودەوڵەتی تایبەت بەخۆمان , پاشان بێوچانبەردەوامبین لەخەباتی مەدەنیانەو چاكسازی دەسەڵات و چەسپاندنی دەستور و ڕیزگرتن لە ئیرادەی گەل و پەرلەمانو تەواوی دامودەزگا شەرعیەكان .