دروشمە ئاڵتونیەكان كورد و عەرەب بران !!!

  چوار شەممە, 30 ئاب 2017 13:07

 

لەوانەیە ناو نیشانی ئەم بابەتە بەلای هەندێ‌ كەسەوە سەیر بێ‌، چونكە بە درێژایی مێژووی عێراق كورد و عەرەب هەر خەریكی ململانێ و دژایەتی یەكتر بووین،بەڵام لەسەردەمی بەعسدا بگرە پێش تریش لە دەزگا ئیعلامیەكانی عێراقەوە ئەم دروشمەی (برایەتی كورد و عەرەبە) زۆر ئەوترا و مەبەستی سیاسی لە پشتەوە بوو.

بەڵام من هیچ مەبەستێكی سیاسیم نیە و، هەر لە ناخی دڵەوە پێم وایە ئەم قسەیە زۆر راستە و ئەگەر سەردەمێك بۆ گەوجاندنی خەڵك بەكار هاتبێ‌، بەڵام بە دیوێكی تر قسەیەكە پێویستە بە ئاڵتون بنوسرێتەوە بۆ؟

لەبەر ئەوەی كورد بە تایبەتی ئێمەی كوردی باشور، زۆرینەی رەفتار و مۆڕاڵ و شێوازی بیركردنەوە و ژیانی رۆژانە و كۆمەڵایەتیمان لە عەرەبەوە بە میرات بۆ جێماوە.
عەرەب بەدرێژیی تەمەنی و لە مێژووی دوور و نزیكدا نەتەوەیەكی پەرتەوازە بووە،هەرگیز لەگەڵ یەكتر نەگونجاون، زۆرترین شەڕیشیان لەسەر پلە و پایە و دەسەڵات بووە، بەردەوام بەشێكیان ویستویانە بەشەكەی تر بكاتە ژێر دەستەو كۆیلەی خۆی،گیانی رەق و كینە لەناویانا زۆر زاڵە... بەهەمان شێوە، مێژووی كوردیش كۆپی هەمان واقیعە،ئەگەر وانیە با شارەزایانی مێژوو پێمان بڵێن كەی و لە كام سەردەم كورد كۆك و تەبا بووە؟پێمان بڵێن كەی كورد پشتی یەكی گرتوە؟ بە یەكگرتوویی بەسەركام دوژمنادا سەركەوتوە؟

با واز لە مێژوو و رابردووی دوور بێنن، با بگەڕێنەوە بۆ دەیەكانی كۆتایی سەدەی بیسەتەم و سەردەم و دەورانی بەعس، ئاخر هەر دوێنێ‌ بوو كە كورد لە قۆناغی خەباتی چەكداری بوو لە شاخ و كێوەكانی كوردستان، بەڵام تەواوی حیزبە كوردستانیەكان جگە لەوەی لای بەعس هەموویان بە (موخەریب) ناو دەبران و، بەعس بێ‌ جیاوازی شەڕی هەموویانی ئەكرد، بەڵان خۆشیان لە بەینی خۆیان هەر لوتكە شاخ و گرد و دۆڵێك هێلی سوری حیزبێك بوو!!!، ئەگەر بە نەشارەزایش پێشمەرگەكانی فڵان حیزب پێیان بخستایە ئەم ناوچەیە، گرتن و كوشتنی بەدواوە بوو!!!

عەرەب لە نێوخۆیان دوای (70)ساڵ لە بوونی كیانی (زایۆنیزم) نەك هیچیان پێنەكرا، بەڵكو ساڵانێكە شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامیان زیاتر خۆی وەك دۆست و برابچوكی ئیسرائیل دەرخات و ببێ‌ بە پیاو چاك!!!

ئەگەر كەسێك یان دەوڵەتێك یان لایەنێك پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەوان ئیش بكات، بە ئیرهابی ناوی ئەبەن، وەك ئەوەی ئێستا (حەماس) كە تاكە لایەنی بەرهەڵستكاری راستەقینەی زایۆنیزمە بەڵام لە وڵاتانی عەرەبی بە ئیرهابی ناو ئەبرێ‌!!!

(قەتەر)دەوڵەتێكە زۆر لە هەرێمی كوردستان بچوكترە و ژماری دانیشتوانیشی زۆر كەمترە، بەڵام چونكە بە عەقڵیەتێكی پێشكەتوو ئیش ئەكات،خاوەن بەرنامەی ژیانە،بە پێی داتا جیهانیەكان،لە رووی داهاتی تاك و سیستمی خوێندن و، رەوشی تەندروستی و كاروبای بانك و،میدیا و پەیوەندی نێوان و خەڵك و دەسەڵات و یەدەگی دراو و چەندین بواری ت،ر لە پلەی یەكەم و دووەمدایە لەسەر ئاستی جیهان.

بۆیە ئێستا ئەویش لای وڵاتانی فاشی و فاشیلی عەرەبی بە وڵاتی تیرۆر ناوزەندكراوە!!! ئاخر چەقی قورسایی مێژوو و زمان و، كلتور و سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی لە (سعودیە)بەرجەستە ئەبێ‌،ئەو سعودییەی كە فاشیل ترین وڵاتی ناوچەكە و لەبەر ململانێی ناشەریف و بوغرایی ئال سعودی دیكتاتۆر هیچ ئیزافەیەكیان بۆ فەرهەنگی خۆیان نەكردوە، جگە لە فرۆشتنی نەوت و دزینی پارەكە و كڕینی چەك و جبەخانە بە باقی ئەوە پارەیەی كەئەمیرە نازدارەكان نایدزن و، ئەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیەو ئیمارات وەك دوو وڵاتی دەگمەن لە دەوڵەمەندی چیان بۆخۆیان و غەیری خۆیان كردوە؟كوا دەزگا زانستی و ئەكادیمی و ناوەندە ستراتیژەكانیان؟كوا داهێنان و بەرهەمەكانیان؟كوا فەلكناس و دەزگای بۆشایی ئاسمانیان؟هیچ و هیچ، تەنها ئەوە ئەزانن خەریكی جاسوسی و لەناوبردنی یەكتر و گەوجاندنی گەلانی وڵاتانی عەرەبی بین و هیچی تر!!!.

كوردیش بە هەمان شێوە راستە كورد دەوڵەتی نیە،بەڵام ئاخر لە 26 ساڵی رابردوودا هەرێم مومارەسەی دەوڵەتی كردوە، ئادەی كوا دەستكەوتە زانستی و مەعریفی و داهێنانەكانمان؟

كوا ژێرخان و سەرخانی وڵاتمان؟ لانی كەم كوا هەڵبژاردن و دیموكراسیەكەمان؟بۆیە هەزاران رەحمەت لە داهێنەری دروشمی (كورد و عەرەب بران!)راستی هەموو فەلسەفەی كورد و عەرەب بریتیە لە نانخواردن و جگەرە و نێرگەلە كێشان و، غەش و خیانەت لە كار و بازاڕ و، مل شكاندنی ئەوی تر لە پێناو بەرژەوەندی شەخشی، ئەوە نیە لە بری هەموو دانیشگا و ناوەندی توێژینەوە و كارگەی سەنعەت و پێشكەوتنێك، وڵات پڕە لە حیزب و بارەگا و مەتعەم و چایخانە.بۆیە ئەڵێن پیرۆزە برایەتی كورد و عەرەب.

 

 

سۆران هەستیار

سۆران عبدالله، لە دایك بووی 1973.ئەندامی كارای  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەڵەتی.بەشداربووی چەندین خولی جۆراو جۆری بواری رۆژنامەوانی،وەرگێر و شاعیر و پەخشان نووس.شرۆڤەكاری سیاسی،موحەریری هەواڵ لە كەناڵی سپێدە لە ساڵانی پێشوو، نوسەری  بەردەوامی رۆژنامەی یەكگرتوو پێش وەستانی رۆژنامەكە.