لە وێستگەکاندا مارکەی مرۆڤبوون دەردەکەوێت

ئادەمیزاد مەخلوقێکی ئاقڵ و ژیرو خاوەن ویست و ئیرادەیە ، ھەر بۆیە ئەرکی لەسەر نراوە و (مُكلَّف) ـە و لە باریدا ھەیە لەوەختی خۆیدا بەدروستی ئەرکی ڕا پەڕێنێ .. ئا ئەم پرسە یە حکمەتی ژیان و مردن و سزاو پاداشتی لەسەر بونیات نراوە .
ڕاستیەکانی ڕابوردو لە ئاوێنەی مێژووەوە بە دروستی دەدرەوشێنەوە ، ئەوەی بیەوێت جوان دەیانناسێت و پوخت دەرکیان پێدەکات و ڕاست وانەو پەندیان لێ وەردەگرێت ، ئيتر بەدروستی تێدەگات کەوا ھەمیشە مرۆڤایەتی بوونەتە دوو بەرەی دژ بەیەک :
بەرەی یەکەم : کۆششكردن بۆختەوەرکردنی مرۆڤەکان بە دابینکردنی ھەق و مافی ڕەواو سروشتی و خواپێداويان ، ئەوان بوونەتە ھاوکارو دەستباری تەواوی یەکتر لە پێناو بەدیھاێنانی ئەو ئەرکە مەزنەدا .
بەرەی دووەم : سەنگەرگرتن و دژایەتی کردن و چەوساندنەوەی مرۆڤە لاوازەکان و زەوتکردنی ھەق و مافە ڕەواکانیان .
لێرەدا مرڤی ئاقڵ و ژیرو تواناو دڵسۆز ، ویست و ئیرادەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، لە دیاریکردن و پەیڕەوکردنی جۆری بژاردە و ھەڵوێست گرتنەکانیدا ، ئایا دەتوانێ ببێتە یارو پشتیوانی مرۆڤەکان ، بە جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و خاک و ئینتما و مەیلیان ، بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی ھەق و مافی ڕەوایان ؟! یاخود بەپێچەوانەوە ھەرزەو ھەڵەچنەو خۆی دەخەڵەتێنێ و ھەرزوو دەبێتە نەیارو بەویستی خۆی دژی ڕەوایەتی دەوەستێتەوە و زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی ئینسانەکان دەکاتە کارو پیشەی ؟!
ئا ئەم ھەڵوێست گرتنە جۆری مارکێتی مرۆڤ دەخاتە ڕوو ، چاکی و خراپیەکەی ئاشکرا دەبێت ، چونکە پێوەر بۆ چاک و خراپی و ئەسڵ و عادی (خەسڵەتی مرۆڤبوون) دروسکەرو بەدیھێنەر(خالق)ی مرۆڤ لەپەیامەکەیدا ديارى و جێگیری کردووە کە بریتیە لە : ( وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ / المائدة : 2 ) .
مرۆڤەکان بەگشتی و باوەڕداران بەتایبەتی بەم پێوەرە ئیلاھیە لەبژاردەکانیان بەرپرسیاردەبن ، ھەرکەس بە ويست و ئیختیاری خۆی بچێتە مەیدانی حەقەوە و سەنگەر مەحکەم بکات و لەسەر ئەو حەقیقەتانە بڕیارو ھەڵوێست نمایش بکات ، وە بۆ دابینکردنی مافی ڕەوای مرۆڤەکان ببێتە یارو پشتیوان ، ئەو وەختە ناوی تۆمار دەکرێت لەتۆماری چاکترینەکاندا ، بەبەڵگەی : (إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أُولَئِكَ هُمْ خَيْرُ الْبَرِيَّةِ / البينة : 7). چونکە وشەی (ئیمان) مانای ئارامی و ھێوری و سەلامەتی و ئاسوودەیی دەگەیەنێ ، کەسێک خەڵکی ئازار بدات بەھەر لەونێ ، لەکوێ ھەست بە ئارامی ناخ و دەرون دەکات ؟!
بەڵام گەر لەسەر ڕێچکەی بژاردەی دووەم بڕواو بڕیارو ھەڵوێست بنوێنێ و بۆ ماف و ھەقی ڕەواو خواپێداوی مرۆڤ ببێتە ناحەزو نەیارو بەردەوام بێ لەسەری تاکو دەژی ، ئەو وەختە ناوی جێگیر دەکرێ لە لیستی خراپترینەکاندا : (إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ وَالْمُشْرِكِينَ فِي نَارِ جَهَنَّمَ خَالِدِينَ فِيهَا أُولَئِكَ هُمْ شَرُّ الْبَرِيَّةِ / البينة: 6).ھەروەک وشەی (کفر) مانای داپۆشینی حەقیقەت و ڕاستیەکان دەگەیەنێ ، کە ئەوەی خوا بۆ بەختەوەری مرۆڤ بڕیاری داوە دەیگرێتەوە .
ھەروەھا ئەم ھەڵوێست نواندنە لە کەسەکاندا چونیەک نیە و بەپێی پایەو دەسەڵات و مەوقیعی ، چاوەڕوانی مەوقیفی لێ دەکرێ و ئاستی بەرپرسیاری دیاری دەبێ ، دەرەنجام نابێ لەو نێوانەدا یەکێ ببێ بڵێ من بێلایەن و دوور لە ھەڵوێستم .
لەڕوانگەو ڕۆشنایی ئەو پێوەرە ڕەسەن و سەردەمیانەوە ئەرکی ھەر مرۆڤێکی ئاقڵ و ژیرە بەپێی ئاست وڕێژەی بەرپرسیاری لەبەرانبەر ڕووداوەکاندا ڕاست و دروست ھەڵوێست بنوێنێ ، بەبێ گوێدانە جیاوازی ڕەنگ دەنگ و خاک و مەیل و ئینتما و .. تاد ، ئەو کاتە ڕەسەنی مارکەکەی بۆ خۆی و دەورو بەروو مێژوو دەردەکەوێ و بۆ ھەمیشە براوە و بەختەوەر دەبێت .
دڵنیام بەنواندنی ھەڵوێستی وا بەرزو شایستە لەئاست چەوساوانی گەلانی دونیادا ھاوسۆزی و پشتیوانی زیاتری مرۆیی و خوایی بۆ پەیام و پڕۆژە و گەل و نیشتمانمان مسۆگەر دەکەین . وە ھەقە وایش بین ، پەندی پیشینانە : (ھەزارحەکیم بەقەد دەردەدارێ نازانن) ، چونکە ئەوە ئێمەین وەک گەلی کورد لە سەختی ئازاری چەوساوان و چەوساندنەوە تێدەگەین .
چەند لاوازو پەست و بچوکن ئەوانەی بۆ گەلی ستەملێکراوی کورد ھێشتا ھەر مایەی سەرئێشە و ماندوکردن و ئازار پێ چەشتنن ، دوای ئەو ھەمووە قوربانیەی کوردان ، بەداخەوە ھێشتا ئەوان وریا نابنەوە و ناچنەوە بەرەی دادپەروەری ، حەتمەن زوو یادرەنگ دەبنە پەندو بۆ ھەمیشە سوک و ڕیسواو شەرمەزار دەبن و لەڕیزی زیانمەندان و دۆڕاواندا سزای سەخت دەچێژن .
عوسمان حمەکریم زەڵمی
٣ / ٩ / ٢٠١٧