دیدی قوڵ و تێروانینی دوور لە هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتوودا

  سێ شەممە, 12 ئەیلول 2017 08:40

هەرچەند لە دونیای سیاسەتدا ناكرێت داوا لە نەیارەكانت بكەیت دەستخۆشانەت ئاراستە بكەن و هەنگاوە سیاسیەكانت بە ئەرێنی وەسف بكەن، بەڵام رووداوە سیاسیەكانی ئەم چەند رۆژە هیچی نەسەلماندبێت ئەو حەقیقەتەی سەلماند كە مامەڵەی سیاسی بە هاش و هوش و سینگ دەرپەراندن و ئینفیعالی كاتیی ناكرێت، سیاسەت بە كورتبینی و سرینەوەی بەرامبەر و تاكبینی ناكرێت، بەڵكو سیاسەت بە بیركردنەوەی قوڵ و نەفەسی درێژ و خەم و خوێندنەوەی دوربینانە دەكرێت. 

ئەو راستیانەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان "وەك حەقیقەتی تاڵ" رۆژانە لە دەمی سەركردەكانیەوە و لە رێگەی پاكێج و بەیاننامە و كەناڵەكانی راگەیاندنیەوە دەیدا بە گوێی لایەنە سیاسیەكان و جەماوەردا، هەمان ئەو راستیانەن پاش نزیكەی دوو ساڵ تازە بە تازە لایەنە سیاسیەكان دەیڵێنەوە و دەیانەوێت وەك پاكێچ و تێروانینی نوێ ! بیخەنە روو.
یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان زۆر بەسادەیی و دور لە عاتیفە و وشەی سۆزدارانە دەیوت با پێكەوە رێك كەوین و ئیتفاق بكەین، پاش ئەوە گشت باسەكانی تر بخەینە سەر مێزی گفتوگۆ ودانوستان و یاسا رۆڵی خۆی ببینێت، وەك چۆن لایەنە سیاسیەكان پۆستەكانی پەرلەمان و حكومەتیان بە تەوافوقی سیاسی یەكلایی كردەوە، پێویستە هەموان لەگەل ئەم حەقیقەتە مامەڵە بكەن و ئیعترافی پێ بكەن، ئەگین هەموو دەگەرێینەوە چوارگۆشەی یەكەم، وەك چۆن گەراینەوە !
ئەم حەقیقەتە بۆ بەشێك لە هێزە سیاسیەكان هەزم نەدەكرا و هەندێك جار تا رادەی تەخوین و تۆمەتباركردنی یەكگرتوو وەڵامی پاسیڤیان دەدایەوە، ئەم حەقیقەتە كە یەكگرتوو وەك چارەیەكی (ناچاریی) بەردەوام جەختی لەسەر دەكردەوە و دەستەواژەكانی سازان و تەوافوقی نیشتیمانی و ئیستیحقاقی ئینتیخابیهێنایە نێو فەرهەنگی سیاسی كوردستانیەوە، ئەمرۆ بە عەمەلی لەسەر ساحەی كوردستانیی ئیجرا دەكرێت و هێزە سیاسیەكان بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا كەنەوە و بۆ ئەوەی نێو ماڵی كوردی رێك خەنەوە و بۆ ئەوەی قەیران و كێشەكان چارەسەر كەن، هەمان ئەدەبیات و دەستەواژە بە ستایل و شێوازی دیكە، بەلام بەهەمان ناوەرۆك دوبارە دەكەنەوە و لە زەمینەی واقیع بەرجەستەی دەكەن.
كاتێك یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان بە گوێی ئەم لایەنە سیاسیانەی دەدا كە ناكرێت لە پرسێكی وەك ریفراندۆم بژاردەی (نەخێر) هەڵبژێرین،ئەفسوس هەندێك بە كاڵفام و تێنەگەشتوو لە سیاسەت لەقەڵەمیاندا، كاتێك یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان باسی پێكەوە دانیشتن و گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان لایەنە سیاسیەكانی دەكرد، تۆمەتی بۆ هەڵدەبەسترا و لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان شەری میدیای لەگەل دەكرا، تەنانەت كاتێك یەكگرتوو بویە عەلەمداری مەسەلەی چاكسازیی و رێكخستنەوی نێو ماڵی كوردییو كاتێك نەیوست سلێمانی ببێتە مەیدانی شەر و ململانێی حیزبیی و لایەنەكان لە نێو خۆیان پرسی پارێزگاری سلێمانی چارەسەر كەن،و كاتێك یەكگرتوو لە روی ئەخلاقیەوە پابەندی رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان بوو لە 19ی ئابدا، ئەمانە و چەندین هەڵوێستی شەرەفمەندانەی تر، بەداخەوە هەندێك لە هێزە سیاسیەكان خوێندنەوەیەكی نێگەتیڤانەیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەكرد و هەر تەنها بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانە نەبنە مەكسەبی سیاسی بۆ ئەم هێزە، ئامادەبوون ئەم هەرێمە دوچاری قەیرانێكی قوڵتر كەن و ئەوەی هەیە و نیە بیدەن بەدەم ئاوەوە.
ئەمرۆ ئەوەی بە ئینسافەوە لە جموجوڵی سیاسی ئەم چەند رۆژەی لایەنە سیاسیەكان بروانێت چاك دەرك بە راست و دروستی هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتوو دەكات و جێی خۆیەتی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبە شانازی بە سیاسەت و شێوازی بیكردنەوەی ئەم حزبە بكەن و رۆژانی داهاتووش لە هەگبەیدا حەقیەقەتی دیكەی هەڵگرتووە كە سەلمێنەری ئەم راستیانەن.

 

د.یەحیا عومەر رێشاوی

لەدایک بووی هەڵەبجە 1971
بەکالۆریۆس لە پەروەردە و دەرونناسی زانکۆی موسڵ
بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەندامی سکرتاریەتی رێکخراوی گەشەپێدانی کوردستان
پەیامنێری رۆژنامەی یەکگرتوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ و سەرنوسەری رۆژنامەی (الأفق الجدید) بۆ ماوەی سێ ساڵ
پەیامنێری سایتی (اسلام أونلاین) بۆ ماوەی شەش مانگ
دبلۆمی باڵا لە راگەیاندن
ماستەر لە راگەیاندن لە زانکۆی ئوم دورمان لە سۆدان
دکتۆرا لە راگەیاندن
ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان
ئەندامی فدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیهانیی
نوسین و بڵاو کردنەوی چەندین بابەت لە رۆژنامەکانی کوردستان بەزمانەکانی عەرەبی و کوردی
بەشداری لە چەندین بەرنامەی کەنالەکانی راگەیاندن و شرۆڤە کردنی بابەتی سیاسیی و ئیعلامیی
پێشکەشکردنی سیمینار و کۆر و بەشداری لە خولی جۆراو جۆر وەک وانەبێژ لە رێکخراو و سەنتەرەکان
خاوەنی بروانامەی راهێنانی رۆژنامەیی لە سەنتەری ئەلجەزیرە
دوو بروانامەی سەنتەری ئەلئەهرام لە قاهیرە بۆ بواری رۆژنامەیی
سێ بروانامەی بەشداری لە کۆنفرانس و سیمناری ریکخراوی irex ی ئەمریکی
خاوەنی پێنج کتێب (الهیمنە الاعلامیە فی ظل العولمە، الصحافە وصناعە الوعی، خاوەن شکۆ، ميديا وبابەتی بوون)
مامۆستا له بەشی تەكنیكی میدیای زانكۆی پۆلیتەكتیكی سلێمانی