یادی سێبتەمبەر و داعش و تیرۆرسازی

  سێ شەممە, 12 ئەیلول 2017 12:25

ساڵانێكە مەسەلەی شەڕی تیرۆر بووە بە بنێشتە خۆشەی زاری زۆر دەوڵەت و حیزب و لایەن و ناوەندی نێو دەوڵەتی. ئەگەر چی تا ئێستا پێناسەیەكی كۆنكرێتی بۆ چەمكی تیرۆر نەكراوە تا كۆدەنگی نێودەوڵەتی لەسەر بێتە ئاراوە،بەڵكو هەر لایەن و حكومەت و دەسەڵاتێك بە ئارەزووی خۆی ئەیبڕێ‌ و بە باڵای لایەنی بەرامبە ئەیدورێ‌!!!
سەیر ئەوەیە كە بە سەدان جار راپۆرتی نهێنی ئاشكرا بووە، كە چەندین دەوڵەت و دەزگای حكومی لێرە و لەوێ‌ لە رێگای كەسی سێهەم بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەر خۆیان ئەم تاقم و گروپانەی كە بە تیرۆر ناوزەند كراون ژێر بەژێر چەكدار و پارەداریا ئەكەن!!!
دیارە لە دوای 11ی سێبتەمبەر قاعیدە ناوبانگی زۆر بۆ درست بوو،بەڵام دواتر پوكایە و ئینجا بەزمی داعش هاتە ئاراوە.
دیارە داعش یەكەم تاقم نیە كە بەم شێوەیە دەركەوتن.بەڵكو ئەزمونێكە بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە، ئاخر ئەوانەی لە یارییە قێزەونەكانی ناوەندە هەواڵگریەكان نەشارەزان و زانیاریان نیە لەسەر ئەوەی تا ئێستا چیان كردوە، بەدڵنیایەوە سەر لەم جۆرە كارانە دەرناكەن،بەڵام ئەوەی لابكاتەوە و بەوردی بڕوانێ‌، ئەوە دەیان و سەدان كتێب و نوسرا و گۆڤار و رۆژنامە ئەبینێ‌ كە لە رابردوودا لەم دنیا پان و بەرینە لە پشت پەردەوە چی گوزەراوە و ئەگوزەرێ‌!!!
ئیستا دەیان ساڵ بەسەر رووداوی 11سێبتەمبەردا تێپەڕیوە، بەڵام دۆخی دنیا زۆر ئاڵۆزترە،دوای ئەوەی ئەمریكا شەڕی تیرۆری راگەیاند و كۆمەڵێك دەوڵەت پڵپشتیانكرد، ئا دەی بزانین چیان كرد؟
ئاشكرایە ئەوەی داعش ئەنجامیداوە هەزار قات خراپتر بووە لە رووخانی دوو تاوەر،ئەی كوا بەرهەمی شەڕی تیرۆر؟
بەڵام نا، لەوانەیە لە چاوی كەسێكی سڤیلی ئاسایی و بێ‌ ئاگا لە یارییە قێزەونەكانی دەزگا هەواڵگریەكان هەوڵەكان سوودیان نەبووبێ‌، بەڵام لەراستیدا سوودەكانی داعش و هاوشێوەكانیان بۆ دەزگا هەواڵگریەكان كە ئەوانیش راستەوخۆ خزمەت بە وڵاتەكانیان ئەكەن، ئەوەندە زۆرە لەباسكردن نایە بەڵام بەكورتی بریتین لە:-
1-ئاشكرایە لە وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و بەڕێژەی جیاواز بۆ هەموو خەڵك بێ‌ جیاوازی ئازادیەك دابینكراوە و،هەموو لایەك هەم دانیشتوانە ئەصلەكە و هەم پەنابەرانیش ئازادانە هەڵسوكەوت ئەكەن،شتێكیش هەیە ناوی یاسایە و تا رادەیەكی باش رێزی لێ ئەگیرێ‌، بۆیە حكومەت ناتوانێ‌ بە ئارەزووی خۆی بەدوای خەڵكەوە بێ‌ و بێ‌ بەڵگە كەس تۆمەتبار بكات.
جگە لەوەش دەسەڵاتداران عیلمی غەیبیان نیە تابزانن تاك بە تاكی خەڵك چۆن بیردەكاتەوە! بۆیە هەر چەند ساڵ جارێك كەش و هەوایەك دەسازێنن بۆ ئەوەی ئیسفنج ئاسا هەموو ئەو كەسانە كۆكاتەوە كە بیركردنەوەیەكی هاوبەش كۆیان ئەكاتەوە،ئەوكات لەناوبردن و تەسفیەكردنیان كارێكی ئاسانە و لەرووی یاساشەوە كێشەی نیە.
2-گومان لەوەدانیە لەماوەی هەشتا ساڵی رابردوو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگای تاقیكردنەوەی هەموو ئەو جۆرە چەكانە بووە كە خۆرئاوا بەرهەمی هێناون، ئیتر ئێرە كە مەیدانی جەنگێكی راستەقینەیە باشترین شوێنە بۆ تاقیكردنەوەی ئاستی كاریگەری چەكەكان و تۆمار كردنی باشی و خراپیان تاكو دواجار بۆخۆیان كەم و كوڕیەكانیان چارەسەر بكەن و سفری ئەزمونیش لای ئێمە تاقیبكەنەوە.
3-مەسەلەی دۆزینەوەی بازاڕ نەك بۆ چەك، تەنانەت بۆ بزمار و برغوش گرنگە،بەتایبەت بازاڕی وڵاتانی پارەدار و دەوڵەمەند بە نەوت، زۆر بەسادەیی هاوكێشەكە ئەوەیە لەم وڵاتانە لەبری ئەوەی داهاتی نەوەت لە ژێرخانی ئابوری و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بەكار بێت، نا بە پێچەوانەوە خۆرئاوا ناهێڵت و حەزناكات لەسەر غەیری خۆیان كەس لەسەر پێی خۆی بوەستێ‌،بۆیە بەردەوام ئاگری شەڕەكان خۆش ئەكەن و گیرفانی ئەم و ئەو بەتاڵ ئەكەن.
4-ساڵانێك بەتایبەت پێش رووداوەكانی 11ی سێبتەمبەر لە خۆرئاوا بارودۆخێك لەئارابوو، بڵاوبونەوەی ئیسلام لە برەودابوو، لە كاتێكدا بە سەدان و هەزاران ناوەند و دەزگا و حكومەت كار لەسەر ناشیرینكردن دین ئەكەن،كێشەكە ئەمە بوو كە نەیارنی ئیسلام بەڵگەیەكی ئەوتوویان پێ‌ نەبوو، تا خەڵكی پێ‌ فریو بدەن و وەك نمونەیەكی تۆقینەر نیشانی خەڵكی بدەن،بەداخەوە دوای رووداوەكەی سێبتەمبەر و دروست بوونی قاعیدە و تاڵیبان و ئێستاش داعش ،ئیتر مەكینە ئیعلامیە چەواشاكارەكانی شەرق و غەرب نەك بستێك،بەڵكو كیلۆمەترێك زمانیان درێژكرد و ئەوان بۆ بیانووگرتن لە مێش دەگەڕان كەچی گامێشیان دەست كەوت.
هۆكاری دروست بوونی داعشیزم؟!
ئاشكرایە كۆمەڵێك هۆكار هەیە كە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەن لەسەر دروست بوونی فیكری داعشیەكان لەوانە:-
1-بەیەك چاو سەیركردنی هەموو مەدرەسەیەكی ئیسلامی لەلایەن خۆرئاواوە، وائەزانم یەكێك لە سەرەكی ترین هۆكاری دروست بوونی داعشیەت نەهێشتنەوەی پەراوێزی ئازادی و رێگا نەدانە بە بڵاوبوونەوەی فیكری مەدەنی میانەڕەو، چونكە بەدیلی مەدەنیەت چەكداریە و جێگرەوەی میانەڕەوی توندرەویە.
2-چەوساندنەوە و گرتن و ئەشكەنجەدانی ئیسلامیە میانەڕەوەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتانی خۆرهەڵات و مایە پووچكردنی فیكری میانەڕەوەكان بەرامبەر بە نەیارە توندڕەوەكانیان.
3-فووكردن بە پشكۆی تایفەگەری و هەژمار نەكردنی هیچ گروپ و تاقم و رێكخراوێكی شیعە مەزهەب لە ریزی ئیرهاب و، كورت كردنەوەی ئیرهاب تەنیا لەسەر سوننە مەزهەبەكان!!!
4-بەگەڕانەوە بۆ رۆڵی دەزگا هەواڵگریەكان لە دروستكردنی گروپە ئیرهابیەكان بە پێی بەڵگە و لێدوانەكانی چالاكانی مەدەنی، لە وڵاتێكی وەك سعودیە باسكردنی جیهاد و شەڕی چەكداری كارێكی ئاساییە، بەڵام باسكردنی خەباتی سیاسی قەدەغەیە و سزای قورسی بەدواوەیە!!!
دواجار پێویستە بڵێن كارە سەیر و سەمەرەكانی دەزگا موخابەراتیەكان و گوماناوی بوونی زۆرێك لە گروپە ئیرهابیە نامۆكان، هەرگیز بە بابەتێكی رۆژنامەوانی تەواو نابێ‌، نەحێر بەڵكو ئەوانەی ئەجەل نایانكوژێ‌ لەدوای 20 تا 30 ساڵی تر ئینجا رووی راستەقینەی ئەم نمایش و فلم گەلەیان بۆ دەرئەكەوێ‌ كە ئێستا لە دنیادا ئەگوزەرێ‌.

سۆران هەستیار

سۆران عبدالله، لە دایك بووی 1973.ئەندامی كارای  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەڵەتی.بەشداربووی چەندین خولی جۆراو جۆری بواری رۆژنامەوانی،وەرگێر و شاعیر و پەخشان نووس.شرۆڤەكاری سیاسی،موحەریری هەواڵ لە كەناڵی سپێدە لە ساڵانی پێشوو، نوسەری  بەردەوامی رۆژنامەی یەكگرتوو پێش وەستانی رۆژنامەكە.