ڕاپرسی كوردستان و شیعەكانی عیَراق

  چوار شەممە, 13 ئەیلول 2017 09:29

 


ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە دواوە و سەیری پەیوەندی نێوان شۆرشی كورد و شیعەكانی عیراق بكەین ئەتوانین لە سەر دوو ئاست پەیوەندیەكان ببینین :


یەكەم : زانا ئاینی و مەرجەعەكان كە زۆر لە زوەوە فەتوای حەرام كردنی شەڕیان داوە بەرامبەر كوردەكان بە تایبەتی گەورە مەرجەعی ئاینی بەڕێز ( محسن الحكیم ) و شیعەكان لە بۆنەكانی پەیوەست بە میژوی شۆڕشی كوردەوە هەمیشە باسی لێوە ئەكەن .


دووەم : پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان لە هەردوو لا تا ئاستی هاوپەیمانێتی و بەرە دروست كردن و واڵا بوونی كوردستان لە بەردەم حیزبە سیاسیە شیعەكان بۆ چالاكیەسەربازیەكانیان دژ بە رژێمی صەدام حسین و داڵدە دانی ماڵ و مناڵیان لە كوردستان تا كاتی هەرەس هێنانی صەدام حسین ، وكۆتا قوناغی پەیوەندی نێوان لایەنی كوردی و شیعی هەما هەنگی نێوان ئەم دوو هێزە بوو بۆ سەر لەنوێ دروست كردنەوەی دەوڵەتی عێراق و نوسینەوەی دەستورو دەنگ لە سەر دانی و تا ئەم ساتە وەختەش پەیوەندیەكە هەر بەردەوامە هەرچەند گرفت لە نێوانیان دروست بوە .


پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە بۆچی ئێستا شیعەكان لە سەر هەموو ئاستەكانیان زۆر بە توندی ( توند تر لە سوننە ) بەرهەڵستی ریفراندوم وەستاونەتەوە و كۆتا هەوڵیان دەركردنی بڕیاری دوێنێی 12/9/2017پەڕلەمان بوو بە زۆرینەی دەنگ دژ بە ریفراندوم ؟ ئەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە لە بەر ڕۆشنایی ئەم چەند خاڵە بدەینەوە :


1- شیعە خۆی بە خاوەنی هەموو عیراق ئەزانێ چ لە ڕووی ئاینیەوە كە حوكمی چەند سەد ساڵەی زەوت كراوی بۆ گەڕاوەتەوە ، خۆی خاوەنی حوكم و دەسەڵاتەو ئەوەی تر ئەبێ فەرمانبەردار بێت ، چ لە ڕوی زۆرینەو كەمینەوە كە خۆی بە زۆرینە ئەزانێ و هەر پرۆژەیەك زیان بەم زۆرینەیە بگەیەنێ ئەبێت بەرهەڵستی بوەستێتەوە لە هەر لایەكەوە بێت .
2- لەگەڵ سەرگرتنی ریفراندوم لە ناوچە كوردیەكان و لەت بونی عیراق ترسی ئەوە هەیە كە ناوچە سونیەكان هەستن بە داوای جێ بەجێ كردنی سیستمی فیدرالیەت بۆ ناوچەكانیان و ، ئەگەر داوای ریفراندوم دەستوری نەبێت بە بروای ئەوان خۆ داوای فیدرالی داوایەكی حاشا هەڵنەگری دەستوریە و ئیتر بە تەواوی دەسەڵاتی شیعە لە بازنەیەكی بچوكدا قەتیس ئەبێت .
3- لە سەر ئاستی جەماوەری وا باوە كە دروست بونی كیانی كوردی واتە دروست بونی دەوڵەتی ئیسرائیل ی دوەم و، ئەم بۆچونەش لەلای سونەكان حزوری هەر هەیە و ئەمەش لای هیچ كامیان جێگای قەبوڵ نیە ، وبۆ نەگبەتی كوردیش لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن تەنها ئیسرائیل پشتی كوردەكان ئەگرێ بۆ ریفراندوم تا ئەم ساتە وەختە .
4- ئەوەی پێی ئەوترێ ماڵی شیعە ( البیت الشیعی ) سروشتی ئەم لایەنە سیاسیانە وایە ئەگەر هێزێكی دەرەوەی ئەم ماڵە بونی نەبێت و یەكیان بخات خۆیان بەر ئەبنە خۆیان و ئەكتری ئەبڕنەوە ( ئەم نەخۆشیە لە هەموو لایەك هەیە ) بۆیە هەمیشە بوونی هێزێكی دەرەكی بە پێویست ئەزانن بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتیان بەردەوام بێت ، جا ئەم هێزە نەتەوەیی بێت یان مەزهەبی .
5- ئەكرێ لەلای هەندێ لە لایەنە سیاسیەكانی شیعە شەڕی بە وەكالەت بكرێت و مادام دەولەتێك لە ناوچەكە دژ بە ریفراندومە ئەو لایەنانەش دژی ئەوەستن .
6- هەندێكیان پێیان وایە بە سەر گرتنی ریفراندوم و بە تایبەتیش گەڕانەوەی كەركوك دەسەڵاتی توركیا لە ناوچەكە زیاتر ئەبێت كە ئەمەش لە كۆتاییدا زیان بە هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی ئیران و توركیا لە عیراقدا ئەگەیەنێ .


پێویستە لایەنە سیاسیە كوردیەكان بە هەموویانەوە لە كاتی سەر گرتنی ریفراندومدا نامەیەك ئاڕاستەی عیراق و لایەنە عیراقیەكان و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بكەن و هەمووی لێی بەر پرسیار بێت كە ئاماژە بێت بەم خاڵانەی لای خوارەوە : -


• كور ئەیەوێت هۆكاری ڕاگرتنی ئارامی ناوچەكە بێت .
• كورد ئەیەوێت هەستێ بە ئەركی دراوسێیەتی بە جوانترین شێوە .
• كورد ئەیەوێت پەیوەندیە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی لە گەڵ عیراقدا لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بپارێزێت و پەرەی پێ بدات .
• كورد ئەیەوێت بە شێك بێت لە ستراتیجی جیهانی ئیسلامی و هەر شتێك زیان بەو ستراتیجە بگەینێ لێی دوور دەكەوێتەوە .
• كورد قەڵایەكی بەردەوام ئەبێت بۆ پارێزگاری لە فیكری میانڕەوی مرۆڤایەتی و تا ئەو پەڕی توانای دژ بە ئیرهاب ئەجەنگێ .