كێشەی موسڵمانانی بۆرما چیە؟

  دوو شەممە, 18 ئەیلول 2017 12:51

ڕۆژانە گوێبیستی ئازارەكانی موسڵمانانی ڕۆهینگا ئەبین لە كوشتن و ئازاردان و پەلاماردانیان و دەربەدەركردنیان لە میانمار ، و لەو دۆزەخەی بۆیان دروست كراوە ، و ڕۆیشتنیان بۆ وەڵاتانی دراوسێ‌ و ڕەتكردنەوەیان لەلایەن وڵاتە داوسێكانەوە .

لەم بابەتەدا لە ڕێگەی پێنج پرسیار كە دروستی ئەكەین و وەڵامی پرسیارەكانیش ئەدەینەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی موسڵمانانی ڕۆهینگا ڕون بكەینەوە .
موسڵمانانی ڕۆهینگا لەو كەسانەن كە زۆرترین ئازاریان لە جیهاندا چەشتووە ، و لە وڵاتی میانماردا ئەژین ، كە پێشوتر بە بۆرما ناسرا بو ، لە چەند هەفتەی رابردودا ئاگری تورەیی و توند و تیژی لە دژیان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە پەرەی سەند ، تا بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان كار گەیشتە ئاوارەكردنی (123) هەزار كەس بەرەو بەنگلادیش بەتایبەتی و وڵاتانی دراوسێ‌ بە گشتی .
وە لە ڕێی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و مانگی دەستكردەوە چەند وێنەیەكیان بڵاوكرایەوە كە چەند گوندێكیان بەتەواوی سوتێنراون ، و خابور كراون و ڕوخێنراون ، ئەی بارودۆخی ئێستایان چۆنە ؟
لێرەدا و لە ڕێگەی دروست كردنی پێنج پرسیار و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان بابەتەكە شی ئەكەینەوە .
1- موسڵمانەكانی ڕۆهینگا كێن؟
كەمینەیەكن چەندین سەدەیە لە میانمار ئەژین ، لە ئێستادا ژمارەیان ئەگاتە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس ، زۆرینەیان لە بەری ڕۆژئاوای وڵاتدا ئەژین ، بە دیاری كراویش لە ویلایەتی ڕاخین ، و سێیەكی دانیشتوانی شارەكە پێك دێنن ، و زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە ، كە وڵاتەكەیان تا ئێستا دانی پیانەناوە .
بەردەوام كێشە لە نێوان موسڵمانەكانی ڕۆهینگا و هێزەكانی ئاسایش و رەگەزپەرستەكانی بوزی لە ویلایەتی ڕاخندا هەبووە ، بەردەوام هێزی چەكدار لە ڕۆهینگا بونی هەبووە تا كار گەیشتۆتە ئەوەی راهیبەكانی بوزی هانی توند و تیژی لە دژی موسڵمانانی ڕۆهینگا بدەن و پەیوەندیەكانیان بەتەواوەتی لە پێكدادانەكانی ساڵی 2012 دا پچڕا .
لە ئەنجامی توند و تیژیدا ژمارەیەكی گەورە لە موسڵمانانی ڕۆهینگیا وەكو پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێ‌ ئەژین ، دیارترینیان وڵاتی بەنگلادیشە ، كە بەنگلادیش هەوڵ ئەدات بە ڕێگەی نایاسایی كاری كرێكارییان پێبكات ئەوەش ماندوبون و ئازارێكی زۆری دەرونی و لاشەییان بۆ دروست ئەبێت .
2- میانمار بۆچی دانیان پیادانانێت؟
حكومەتی میانمار رەتی ئەكاتەوە دان بە هاوڵاتیە موسڵمانەكانی ڕۆهینگادا بنێت چونكە ئەسڵیان بۆ بەنگلادیش دەگەرێتەوە ، وە حكومەت بەهۆی سیاسەتی خۆپەرستانەی بەرامبەر ڕۆهینگا لەلایەن كۆمەڵێك لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتوەكانەوە روبەروی كۆمەڵێك تۆمەتی ڕەگەزپەرستی بۆتەوە ، بۆیە لە بەرامبەردا كیشەی ڕۆهینگا زیاتر میانمار دروستی كردووە و سەركردایەتی دەكات سەرەرای بونی مێژویەكی دورودرێژ لەو وڵاتدا .
ریوایەتێكی فەرمی دەوڵەت هەیە دەڵێت ڕۆهینگا لە ئەسڵدا خەڵكی جوتیار و كشتوكاڵسازی بەنگلادیشی بون و ژمارەیەكی زۆریان لە سەردەمی حوكمی بەریتانیا لە (1824)دا هاتوون بۆ میانمار و تا داگیركردنی لە ساڵی (1948) ، لە هەمانكاتدا میانمار بەشێك بووە لە هەندیستان و لەژێر حوكمرانی بەریتانیادا بووە ، ڕۆهینگا وەكو كرێكاری بۆ ناوچەكان ڕۆیشتون و بەریتانیاش وەكو كۆچی ناوخۆیی سەیری كردووە .
لە بەرامبەردا ڕۆهینگا ئەلێن ئێمە لە نەوەی بازرگانە موسڵمانەكانین ، كە مێژویان لە ناوچەكەدا ئەگەرێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زاینی .
وە لەگەڵ سەربەخۆیدا و لە ساڵی 1948 میانمار ڕێگەی بە ڕۆهینگادا تەنها بە وەرگرتنی كارتی ناسنامە ، كە هەندێ‌ مافیان پێوەرگرت ، و توانیان بگەنە ناو پەرلەمان و ببنە ئەندامی پەرلەمان ، بەڵام كودەتای سەربازی لە ساڵی 1962دا هەمو ئەو مافانەی بەدەستیان هێنابون لە دەستیاندا ، و كارەكانیان وەكو بێگانە تەواو كرد ، و كارتی ناسنامەی جۆراوجۆری تایبەت بە بیانیان بۆ دروست كرا .
ساڵی 1982 یاسایەكی تایبەت دەرچو كە ڕێگەیدا بە خەڵكی ڕۆهینگا بە پێدانی ڕەگەزنامە لە حاڵەتی قسەكردن بە زمانی فەرمی وڵات كە لەلایەن دەوڵەتەوە ناسێنراوە و دانی پیانراوە ، وە ئەگەر بتوانن پێش سەربەخۆییدا بونی خێزانەكانیان لە وڵاتدا بسەلمێنن ، چونكە زۆربەیان بەهۆی قورسی كارەكانی دەوڵەت بۆ سەلماندنی ڕەگ و ریشەیان ناتوانن ڕەگەزنامە بەدەست بهێنن ، وە ناشتوانن بەبێ‌ ڕەگەزنامە بمێننەوە .
3- ژیانی دانیشتوانی ڕۆهینگا لە میانمار چۆن دەستی پێكرد؟
موسڵمانانی ڕۆهینگا لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردودا ڕوبەڕوی زۆر پڕۆسەی نارەحەت و ناخۆش بونەوە ، بەڵام لە ساڵی 2011دا زیاتر چڕ و توندتر بویەوە بەتایبەتی كە وڵات لە حوكمی سەربازی گوازرایەوە بۆ حوكمی مەدەنی ، لەوكاتەدا هیوا و ئاواتێكی زۆر هەبو چونكە وایانزانی بەحوكمی مەدەنی دانیان پیائەنرێت كەچی خەونەكانیان خرایە ژێر گڵەوە و جارێكی تر بەشێوەی دڕەندانە و وەحشی گەرانە بەرامبەریان جوڵانەوە ، وە تا ئێستاش حكومەت لە دژیان ئەوەستێت .
ئێستا ڕۆهینگا ناتوانێت هەمو ئەو خزمەتگوزاریانە بەدەست بهێنێت كە بوزیەكان بەدەستیان هێناوە ، هەر وەكو ناتوانن بەبێ‌ پرسی حكومەت لە ویلایەتی راخین كۆچ بكەن و بۆ ویلایەتێكی تر بار بكەن ، زۆرینەی ڕۆهینگا لە بارودۆخێكی هەژارانە و خراپدا ئەژین و لە ناو چادرگە دان .
4- بەنگلادیش ڕۆهینگا بەبەشێكی خۆی نازانێت ، وە بۆچونەكانیش جیاوازن لەسەر ژمارەی دانیشتوانی ڕۆهینگا لە وڵاتی بەنگلادیش ، هەندێكیان بە هەزاران كەسیان ئەخەمڵێنن ، و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش هاوڵاتیانی ڕۆهینگای لە وڵاتی بەنگلادیش بە نیو ملیۆن كەس مەزەندە كردووە بێ‌ ئەوەی هیچ كارت و ناسنامەیەكی فەرمیان هەبێت .
بەنگلادیش هەندێك جار ڕێگەی بە خەڵكی ڕۆهینگا داوە كە لە چادرگەكان و لە ناو سنوری خاكەكەیدا ژیان بەسەر بەرن ، بەڵام هەندێك جاریش ناردونیەتەوە بۆ میانمار ، وە ئەوانەی لە بەنگلادیشن وەكو پەنابەری نایاسایی كار ئەكەن و ئەژین ، كە ژیانێكی هەژارانە و قورسیان هەیە ، بەبێ‌ ئەوەی مافی خوێندن و كاركردنی فەرمیان هەبێت .
وڵاتانی تری ئاسیا ئامادەنین پێشوازی لە موسڵمانانی ڕۆهینگا بكەن ، وە لە ساڵی 2015 موسڵمانانی ڕۆهینگا هەوڵیاندا لە ڕێگەی دەریاوە بۆ وەڵاتانی تری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بپەڕنەوە ، بۆنمونە بۆ وڵاتانی تایلەند و مالیزیا و ئەەندەنوسیا ، كەچی هەمو ئەو وڵاتانە رەتیان كردەوە پێشوازییان لێبكەن و بێنە ناو وڵاتەكانیانەوە ، بەلكو تەنها ئەندەنوسیا داوای لە ڕاوچیەكانی خۆی كرد یارمەتییان بدەن و لە خنكان رزگاریان بكەن .
وە ئەندەنوسیا هاوكار و پاڵپشتییەكی گەورەی موسڵمانەكانی ڕۆهینگا بووە و لە هەمو بۆنەكان خۆپیشاندانیان كردووە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕۆهینگا دەربڕیوە ، وە ئەندەنوسیا گەورەترین وڵاتی جیهانە كە زۆرترین موسڵمانی تیایە ، بۆیە كێشەی موسڵمانەكانی ڕۆهینگا گەورەترین دەنگدانەوەی لە ئەندەنوسیادا هەبووە .
5- ڕۆڵی (ئۆنج سان سوتشی) خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ چیە؟
ڕۆڵی (سان سوتشی) كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی و پاڵەوانی نەتەوەیی وڵاتە ، بەوپێیەی نوێنەری حكومەتی مەدەنیە ، ئێستا ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتی بۆتەوە لەبەرامبەر موسڵمانەكانی ڕۆهینگا ، لەدوای ئەوەی لە یارمەتیدانی خەڵكی ڕۆهینگا فەشەلی هێنا ، رەتی ئەوەی كردەوە كە سوكایەتی و پێشێلكاری مافی مرۆڤی لە وڵاتەكەیدا كردبێت ، وە لە ئەبرێل (نیسان)ی مانگی رابردودا و لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رەتی كردەوە كە هیچ دەركردن و راوەدونانی رەگەزی لە وڵاتەكەیدا بەرامبەر بە موسڵمانانی ڕۆهینگا لە میانمار كرابێت .
هەندێك لە چاودێران و لێكۆڵەران ئەڵێن كە سوتشی ئەترسێت لە حاڵەتی یارمەتیدانی موسڵمانەكانی ڕۆهینگادا جەماوەرەكەی لەدەست بدات ، ئەوەش ئەبێتە هۆی لەدەستدانی پۆستەكەی ، وە سوتشی داواكاری زۆری لەلایەن كەسایەتیە گەورەكانی جیهانەوە بەدەست گەیشتووە لە ناویاندا (مەلالە یوسفزی) خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ، كە ئیدانەی پرۆسەی توندوتیژی لە وڵاتی میانماردا كردووە ، و تائێستاش باس ئەكرێت .

ئیسحاق عەلائەدین

 ئیسحاق عەلائەدین سلێمان
لەدایكبوی 1979
دەرچوی زانكۆی بەغدا
پیشە: ڕۆژنامەنوس