لە کەشتی نیشتماندا ئەوەی ئەرکە و دەبێ ببێ !!

  سێ شەممە, 19 ئەیلول 2017 19:51

   ئومێدو ھیوا گیان و ڕۆحی گەورەترین ھێزی بەزەبری بەنھان و نادیاری ناخی مرۆڤی بە ئاگاو بە ئاوەزو خاوەن ھیمەت و ھەڵمەتە لە ژیانیداو ، بەھۆیی ئەو قووەتەوە خەونەکانی لەسەر تاوێرە بەرد دەنەخشێنێ و تا ئەبەد تیاناچن . جا بۆ ھێنانەدی و بەرجەستەکردنیان کۆشش و خەباتی (ئاو) ھەڵدەبژێرێ ، چونکە ئاو ھەروا شل و نەرمە ، ھەرواش کاریگەرو خاوەن ھێزو زەبرە ، چونکە جوڵەی بەردەوام و نەپسان و کۆڵنەدان لە تایبەتمەندی ئاوە .

  لێرەداو لەم نوسینەمدا ڕووی دەمم دەکەمە دڵسۆزان و ڕۆشنبیرانی بێداری نیشتمانم (کوردستان) و ، لەسەر ئەم ئاوات و خەونە ھەق و ڕەواو زیندوانە دەدوێم و ، بڕوام وایە چون ئێمەش گەلین ، سنعەت و مارکەی ئلاھین ، ئەوەی پێویستە پێمان دراوە وەک ڕۆڵەی نیشتمان و گەلانی دیکەی دونیا ، وە ئەوەی کەمە یان نیمانە ، لای خۆمانەو لەناخ و دڵی کوردستانە .  

  جا یەکێک لەو بنەما گرنگ و سەرەکیانەی کەمە لەناومانا یا نیمانە ، وە درەنگ یازوو دەبێت دەستەبەری کەین چون ئەرکە ، بریتیە لە جوان ڕاھاتن لەسەر سروشتی یەکتر قەبوڵکردن لەمامەڵەدا بەگشت جۆرە جیاوازیەکانەوە . ئەمە دەرچەیەکە و ڕۆڵەی گەلانی پێشکەوتوو پیایا تێپەڕیون بەدروستی و بە خەبات و کۆشش و قوربانیدان بە بەشی خراپ و شەڕی نەفس .

   بنەماێکی گرنگ و سەرەکیتر بریتیە لە مەشقکردن بۆ خۆ بارھێنان لەسەر جوان فێربونی ھونەری مامەڵەی ڕاست و تەندروست لەگەڵ یەکتریدا وەک ڕۆڵەی یەک خاک و ھەواو نیشتمان . ئەمە ئەرک و بەرپرسیاریە لەئەستۆی خودی خۆمانە کوردستانیان . دەبێ پێشخستنی گەل و نیشتمان بەکێی تری بسپێرین کەلەخۆمان دڵسۆزترو بەئەمکترو فیداکارتر بێت . مەگەر قوربانی ھاونیشتمانیانی کوردو کوردستان بە بەردەوامی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ، تەبایی ھەوێنی مەیینی نیە ؟!

  بێگومان وایە ھەربۆیە بەوپەڕی متمانەو دڵنیاییەوە دوپاتی دەکەمەوەو دەڵێم : درەنگ یازوو دەبێ جوان فێری ھونەری مامەڵەی ڕاست و تەندروست لەگەڵ یەکتری ببین ، چون چارەی ترمان نیە کەوا لەمە چاکتر بێت .

  لەسەر بنەماێکی زەروری تر دەوەستم کەبریتیە لە خاوێن کردنەوەی ناخ و نەفس و دڵمان لەودەردە ترسناک و کوشندەیەی کەزەمەنێکە بەدەستیەوە دەناڵێنین و ، لە تیرە ژەھراویە دەرەکیەکان ئاسەواری خراپتری لەسەر پەیوەندی نێوانمان جێ ھێشتووە . کە ئەویش بریتیە لەتارنان و لەگۆڕنانی ئەو سیاسەتە خراپەی کەم تا زۆر تەبەنی کراوەو وتراوە و دەوترێ : ( ئەوەی لەگەڵ ڕاو ھەڵوێستمە ئەوە دۆستمەو ئەوەی لەگەڵی نیە نەیار و خائینە !!) .  

 چونکە پێوەری پەسەندی ئاسمانی و مرۆیی ، بۆ دەربڕین و نواندنی بیر و ڕاو ھەڵوێست پەیوەندی بەئاست و ڕێژەی تێگەیشتنی ئێمەی مرۆڤەوە ھەیە . گرنگەو ئەرکە بەڵگەو حوجەکانمان بخەینە ڕوو لەکەش و ھەواێکی پڕ لەڕێزو تەبایی مرۆییدا ، تاکو کۆدەنگی سروشتی نیشتمانی وەردەگرین و دەیخەینە خزمەتی ھاوڵاتی ئەم نیشتمانەوە .. دەی بنەماێکی وا بەنرخ ھەردەبێ بۆ ھێنانە دی کۆششی پێویستی ھەمەلایەن بکەین ، چونکە چاکترین چارە و چارەسەرە بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی .

   زیاتر لەوەی وتمان لەسەر بنەماێکی حەتمی و ئەساسی تر دەوەستم و بەپێی تواناو دڵسۆزی خامەکەم لێی دەدوێم ، کە ئەویش بریتیە لە پەروەردە کردنی بیرو ھزرو فکرمان ، بەدڵنیاییەوە بیرو ھزری پاک و خاوێن بەرھەمەکەی ئەخلاق و ڕەوشت و ئاکاری پوخت و پاکەو ھەم خاوەنەکەی ، وەھەم دەوروبەری لە سایەیدا دەحەوێنەوە .

  جا درەنگ یازوو دەبێ تێبگەین تۆمەت و تەشھیر بەخشینەوە ھەرگیز خەسڵەتی نیشتمان پەروەری ساغ و تەندروست نەبووەو نیە ، ئەم بۆگەنیە سەمەری بیرو ھزرو فکری چەت و پوچ و باتڵە . ئێمەی کوردو کوردستانی ئەرکمانە دەست و بردکەین لە گەڕانەوە بۆ سەر بیرو ڕەوشتی ڕەسەنی کوردەواری کەباوک دایک و باپیرو داپیرانی ئێمەی لەسەر ژیاون . زۆر حەیفە ئێمەی قوربانی دەرو دڵسۆز بکەوینە گیانی یەکتر لەسەر ڕاو ھەڵوێستی جودا لە پرسەکاندا !!  ئەم کارەمان ئەوەندەی تر ڕێگای گەیشتنمان بە ئامانج درێژ کردۆتەوە .  

  بۆ زیاتر ئاشنابوون بە ئەرکی ھەنوکەیی و ستراتیژمان ئەوا پێویستە لەسەر بنەماێکی ئەساسی دیکە بووەستین کە ئەویش پەیوەندی بە تۆکمەکردن و مەحکەمکردنی سەف و ڕیزەکانی ناوخۆمانەوە ھەیە ، بێگومان ئەمەش ئەرکەو ڕاکردن لە ئەرک یاخود پشتێکردنی ، وەیان پشتگوێ خستنی ، بەھەر بەھانە و بیانویەک بێت ، ھەڵەیەو لەمرۆڤە بە ئاگاو ھوشیارو ڕۆشنبیرەکان ناوەشێتەوە .

 جا ئەم دەردی دووبەرەکی و جیایی و بەیەک نەخواردنە زۆر بەئازارو کوشندەیە ، ھەمیشە دوژمن و نەیار لێوەی بەئاسانی ھاتوونە ناوو  تەڕاتێنیان کردووە و پیلانیان داڕشتووە بۆ ھێنانەدی مەرام و ئەجێندای گڵاویان . دەی وەختێ ئەمە گوزەرگەی نەیاربێ و بازگەی ھاتنە ناوی دوژمنی دیار و پەنھان بێ ، ھەرگیز نابێ ئەم ئەرکە کەمتەرخەمی لە ئاستیدا بنوێنین . وە حەتمەن دەبێ دڵنیابینەوە کە یەکڕیزی نیشتمانی لەسەر بەرژەوەندی گەل واجب و بەرپرسیاریە و چارەی تر نیە جگە لە جێبەجێ کردنی نەبێ .

  بەدوای ئەو ئاماژە ئەساسیانەی پێشەوە بنەماێکی تر ئاماژە پێدەدەم کە بریتیە لە چنینەوەو ھۆنینەوەی تەواوی چاکەکانی ھاوڵاتی ئەم نیشتمانەو نرخاندنی زەحمەت و دڵسۆزییان لەگشت ئەو بوارانەی خزمەت بە چاکتر کردنی ژیانی ھاوڵاتی دەکات . بەبێ جیاوازی ئینتمای سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و .. دواتر تەوزیف کردنی تواناو لێھاتن و کارامەیی جۆراو جۆریان .

   ئەم پرسە گرنگەو دەبێت بیکەینە پڕۆژەی نیشتمانی لەچوارچێوەی دەستورێکی مەدەنی ، وە بە پڕۆژە یاسای تەندروست زەمینە سازی بۆبکەین و لەئەرزی واقعدا بەرجەستەی بکەین ، جا ئەوکاتە دەبینین گشت توێژەکان و بەتایبەتی گەنجان و لاوان خاوەنی چ داھێنانێک و دڵسۆزیەکی بەنرخن بۆ نەتەوە و نیشتمانە کەیان . دەی کەواتە تازوو دەست پێ بکەینە ھێشتا درەنگە بۆ چنینەوە و ھۆنینەوەی خێرو چاکەی یەکترو ، جوان نرخاندی و دروست بەکاربردن و تەوزیف کردنی لە سودی گشتیدا . 

  دوا بنەما پێی لەسەر دابگرم و بانگھێشتی تەواوی دڵسۆزانی نیشتمانی بۆ بکەم بەبێ جیاوازی . بریتیە لە وەلانانی بەشی نەفس و ھۆز و حزب ، وە کۆبونەوە لەدەوری بەرژەوەندیە ڕاست و ڕەواکان بە پێوەری نەقڵ و ئەقڵ ، نەوەک حەزو مەیل و مەسڵەحەت . تاکو پێکەوە و بەیەکەوە ببینە یەک ھێزی دەست و ، یەک شێوەی سەف و ، یەک مەحکەمی سەنگەر و یەک بەرەی تۆکمەی ماف و حەق ، بۆ دژایەتی ھەرچی بەرەی ناوخۆیی فەساد و گەندەڵ و گەندەڵیە .

  لە کۆتایدا ئەو ڕاستیە دوپات دەکەمەوە کەوا قەدەری ئیلاھی ئێمەی پێکەوە بەستووە و لە کەشتی گەورەی خێرداری کوردستاندا خۆمان دەبینینەوە ، گەر خۆمان بە دروستی و دڵسۆزانە بەتەنگ خزمەت کردنیەوە نەبین ، ئەوسا گلەیی دەبێ تەنھا لەخۆمان خۆمان بکەین کە تیاچو و نوقم بوو ، نەوەک دۆست و نەیارانمان ..

 بە ھیوای پەرەسەندن و گەشەسەندنی چرۆ و چڵی ئەم ئومێدو ھیوایە ، کە بەدڵنیاییەوە زۆربەمان تینوو برسی ئەم شیلە شیرین و میوە و قوتە بەتامەین و ، بەتاسەو شەوقەوە چاوەڕوانی نۆشکردنین لە نیشتمانی شیریندا .

عوسمان زەڵمی

١٩ / ٩ / ٢٠١٧