ريفـــــرانــدۆم و بـــەديلــەكانـــــى

  هەینی, 22 ئەیلول 2017 06:38

لەماوەى ئەم چەند رۆژو هەفتەيەدا قسەو باسەكان چڕكراونەتەوە لەسەر نەكردن يان دواخستنى ريفراندۆم و بەديلەكانى، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەوروپاو ئەمريكاو جاميعەى عەرەبى و وڵاتانى دەوروبەر بەگەرمى هاتوونەتە سەرخەت، ئەم بارودۆخەش تا ئێستا بۆ كورد نەهاتووەتە پێش و ئەوەندە كوردو ماف و پرسەكانى نەبوونەتە قسەوباسى جيهانى و هەرێمايەتى، كەدەتوانين ئەمە بەيەكێك لەلايەنە ئيجابييەكانى پرسى ئەنجامدانى ريفراندۆم دابنێين كە دنياى ناچاركردووە بەلاى كەمەوە دەرك بەوە بكات كورد بۆچى ناچار بووە باس لەجيابوونەوە لەعێراق بكات؟.
تا رۆژى (٢٥)ى ئەم مانگە كەوادەى ئەنجامدانى ريفراندۆمە ئەگەر كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و وڵاتانى گەورەو كاريگەر لەسەر بەديلێك رێك كەوتن كە كورد رازى بكات و لەريفراندۆمەكەى باشتر بێت و زەمانەتى چارەسەرى پرسە سياسييەكانى گەلەكەمانى لەخۆگرتبێت، ئەوا رۆژى (٢٥)ى مانگ وەك بارزانى وتى ئاهەنگ دەگێڕين چونكە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بوويە زامنى دووبارەنەبوونەوەى ستەمكارييەكانى بەغدا، خۆ ئەگەر وادەيەكى تريش بۆ ئەنجامدانى ريفراندۆم ديارى بكرێت و ئێستا ئەنجام نەدرێت ئەوەش هەر سەركەوتنێكيترەو ريفراندۆمەكەى ئەو كاتە بەپاڵپشتى جيهان و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەبێت و عێراق هيچى پێ ناكرێت، ئەم جۆرە دواخستنەش ديسان هەر ئاهەنگى دەوێت.
بەڵام ئەگەر ئەو بەديلانە وجوديان نەبوو بەڵكو تەنها فشارێكى ستەمكارانە بۆ سەر كورد لەئارادا هەبوو، ئەو كاتە (٢٥)ى مانگ ريفراندۆم ئەنجام دەدرێت و قۆناغى دواى ريفراندۆم دێتەپێش كە ئەويش زەمينەسازييە بۆ راگەياندنى سەربەخۆيى كە ئەوكاتە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و وڵاتان باشتر دێنە سەرخەت و ناچار دەبن بەديلى سەربەخۆيى بۆ كورد دەستەبەر بكەن و مەسەلەى زەمانەتى دەولى دەبێتە دەستكەوتێكى گەورە بۆ كورد، كارتى دەرەنجامى سەركەوتوانەى ريفراندۆمەكەش هەر بەدەستمانەوە دەمێنێت كە هەموو كات وەك بزنەكەى هەياس نەيارانى كوردو دەوڵەتانى داگيركەرى كوردستانى پێ بترسێنين..