دروستبوونى ده‌وڵه‌ت

وه‌ك شوێنێك بۆ گیرساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانێك له‌جیهانی كۆن و ئێستادا هه‌بووه‌و به‌رده‌وامیش له‌ ته‌واوی ئاینه‌كاندا بایه‌خی پێدراوه‌ پێش هه‌موو ئاینێكیش ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌. دروستبوونی ده‌وڵه‌ت.... یان له‌ڕێگه‌ی شۆڕش، يانيش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی (كه‌ ئه‌وه‌ له‌كۆندا هه‌بووه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك چوونه‌ته‌ شوێنێك و ده‌وڵه‌تێكیان لێ بونیاد ناوه‌)، یانیش له‌ڕێگه‌ی ڕاپرسی و دوو حزب ده‌كه‌ونه‌ كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردندا و، كه‌ به‌درێژایی مێژوو وه‌ك له‌به‌ریتانیا (كرێكاران و پارێزگاران) و له‌ ئه‌مریكاش (كۆماریی و دیموكراتی). ئه‌نجامه‌كانی ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان به‌كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تي سه‌ره‌نجام 25-9-2017 بڵاوكرایه‌وه‌. ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ ئه‌وه‌ندی سوودی بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و چه‌ند بازرگانێك و سیاسیه‌كانی وڵات هه‌بوو......هێنده‌ی دیكه زیانی بۆ هاوڵاتیان ده‌ركه‌وت به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ڕوو قایمه‌ی سه‌رانی ڕژێمی عه‌بادی، كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناو بڕیاری دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌ نه‌ك دژی ده‌سه‌ڵاتداران، چونكه‌ ئه‌وه‌ی زیادمه‌ندبووه‌ هه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كردستانن....‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان هه‌ستیان به‌و زیانه‌ سه‌خته‌ نه‌كردبوو، كه‌چی ئه‌وه‌شی هه‌ستی پێكردبوو ئاماده‌ی قوربانیدان بوو به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆ ڕابگه‌یه‌نرێت و مافه‌كانی تێیدا ده‌سته‌به‌ر بكرێت. ئه‌وه‌نده‌ی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێش هه‌موو شتێك ده‌بوو كاری له‌سه‌ربكه‌ن بۆ ئه‌و پڕۆسه‌ گرینگه‌ له‌سیاغی كۆكبوونێكی پته‌وی ناخۆیی و ئه‌ژمار بۆكردنی هه‌ست و سۆزی هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ قه‌تێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كێش و قورسایی هێزی ئابووریی ناوخۆیی و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ناو ماڵی كوردی و به‌هێزبوونی پایه‌كانی حكومه‌تداریی ....ئینجا ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ڕابگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ دامه‌زراندنی هه‌ر جۆره‌ بینا و باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌سه‌ر زبڵدان دروست ناكرێت.ڕیفرادۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ جێی دڵخۆشی بوو......وه‌ك له‌ بانگهێتنامه‌ی سه‌ره‌تادا بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوو، به‌ڵام هه‌ر دوای ده‌نگدانی هاوڵاتیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌پرێس كۆنفرانسێكدا وتی: دڵنیابن ئه‌و ڕاپرسییه‌ بۆ دیاریكردنی سنوورو سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان نیه‌. كه‌واته‌: لێره‌وه‌ له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا ئاواتی هه‌موومان، كه‌ دامه‌زراندن و ڕأگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بوو له‌گۆڕنرا و چووه‌ هه‌ردوو گیرفانی (به‌ڵێ و نه‌خێر)و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی ژیانی خه‌ڵك و كه‌رامه‌ت شكاندنی مرۆڤی كورد به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران و ئێستاش به‌ده‌ستی ڕژێمی به‌غداوه‌. بۆیه‌ له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێرباڵی حكومه‌تی ناوه‌ندیی دوای ئه‌و ڕیفراندۆمه...شكسته‌ بۆ كورد ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵبگرێت و شه‌رمنانه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی عه‌بادی زۆر سته‌مكارانه‌تر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی ڕووبه‌ڕووی قه‌یران كرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كوردی نه‌گرته‌وه‌. لاف لێدانی به‌رپرسانی كوردو به‌كارهێنانی وشه‌ی خه‌ڵ:ی كوردستان له‌لایه‌ن به‌یاننه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ شكاندنی ڕووی ده‌سه‌ڵأتدارانی هه‌رێم بوو به‌وه‌ی فه‌رموون ئه‌وه‌ هاوڵاتیانی كورد به‌ده‌ستی كورد ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و ئێمه‌ش مافی هاوڵاتیانی خۆمان ده‌ده‌ین، كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ر سزایه‌ك له‌ڕاگه‌یاندن دژی به‌ هه‌رێمی كوردستان بدرێت یه‌كه‌م قوربانی هاوڵاتیانێتی و سزاكان به‌رپرسان ناگرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی وه‌ك زۆربه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی بوون ..... هه‌ر دوای ده‌نگدانی هاوڵاتیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێت و پیرۆزبایی نامه‌كه‌ی به‌رپرسان تایبه‌ت بێت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ ڕاست ده‌رنه‌چوون و به‌ڵكو زۆرێك له‌ ئومێدی هاوڵاتیانیان خسته‌وه‌ ژێر گڵ‌. لێدوانه‌كانی دوای ڕاپرسی له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی وه‌ك سازشێك بوو بۆ سه‌رانی به‌غداو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی و گفتوگۆو چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردووی سه‌رده‌می مالیكی و عه‌بادی ئێستا، كه‌ بۆسه‌رانی عێراق و ده‌رگا به‌ڕوویان دانه‌خات و به‌دانوستان كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن، واش ده‌ركه‌وت بارزانی و يه‌كێتی وه‌ك ئه‌وه‌ مابوو بڵێن: ئه‌و ڕاپرسییه‌ى كردمان ته‌نیا بۆ گلدانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ناوخۆیی و په‌رده‌پۆشكردنی دووساڵی قه‌یرانی دارایی و نه‌هامه‌تی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌گینا شتێك له‌هه‌كبه‌ی سیاسه‌تی كورد له‌ئێستادا نیه‌ به‌ناوی ده‌وڵه‌تی كوردیی. پاراستنی یه‌كپارچه‌یی هه‌رێمی كوردستان دوای شه‌ڕی داعش و پته‌وكردنی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ‌بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و باش به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و تێركردنی هاونیشتمان و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانی ده‌بوایه‌ ده‌ستپێكی ڕاپرسی و كاركردنی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بوایه‌، به‌ڵام ئێستاش كاركردن بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردیی هه‌ر ماوه‌ ئه‌وه‌ی نه‌یكردووه‌ بیكات و ناو ماڵێكی یه‌ك گوتارو یه‌ك ئامانج به‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كانه‌وه‌ بینا بكرێن و له‌سایه‌یدا هاوڵاتیانی بحسێنه‌وه‌ (بێگومان ئه‌وه‌ وه‌ك خه‌ون باس ده‌كه‌م، ئه‌گه‌رنا له‌زه‌مینه‌سازكردن بۆی ئه‌سته‌مه‌). ڕاپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دێت، كه‌ سیاسه‌تی پشت په‌رده‌ی به‌شێك له‌و ئه‌جێندایه‌ی هێنراوه‌ته‌ پێش بۆ ڕوو سپیكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت بوو له‌و بێزارییه‌ی هاوڵاتی و خه‌ڵك و برسێتی و نه‌بوونی و گران تێپه‌ڕبوونی ژیان و گوزه‌ران بوو، به‌ڵام ده‌كرێت له‌دوای ڕاپرسی و ڕیفرانۆمه‌وه‌ هه‌نگاوێكی تازه‌ بێننه‌ كایه‌وه‌ به‌وه‌ی ده‌نگدانی هاوڵاتی كورد بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و په‌رچه‌مه‌ی لابرد به‌ڕووی گه‌نده‌ڵی و ئاشكراكردنی ئه‌و سیسته‌مه‌ی هه‌موومان حه‌ز به‌ دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌بری ئه‌ودا سته‌مكاریی به‌رهه‌م هێنا. هاوكات دوای ئەوەی (ئەنجومەنی ئاسایشی-نەتەوە یەكگرتوەكان) بەكۆی دەنگی هەر 15 ئەندام بەیاننامه‌ی دژی ریفراندۆم دەركرد.....ده‌بوو ئه‌وكات به‌رپرسانی كورد هه‌ست به‌و مه‌ترسیه‌ بكه‌ن و به‌وتوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رانی زلهێز قسه‌ بكرێت ئینجا بكه‌ونه‌ كاركردن بۆ ڕیفراندۆم، چونكه‌ به‌بێ سه‌رانی زلهێزی دنیا ده‌ستمان به‌چڵه‌ پووشه‌كه‌ش ناگات ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌تێكی له‌مێژێنه‌ی خاوه‌ن كیانی وه‌ك فه‌ڵه‌ستین ده‌یان ساڵه‌ داگیركراوه‌ له‌ژێر ده‌ستی ڕژێمی زایۆنی و مافی بۆ وه‌رناگیرێته‌وه‌، چونكه‌ بێ پشت و په‌نایه‌. ئێستا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی هاوڵاتی گرینگ بێت ئه‌و په‌نده‌بوو وه‌رمان گرت و ویژدانی كوردبوون ئاسووده‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ده‌بێت ڕه‌خنه‌ بگرین و بوێربین به‌رامبه‌ر حكومه‌تی كوردیی لێی بپرسین... كوا ده‌وڵه‌تی كوردی و ئازادیی و موچه‌و ژیان گوزه‌رانی و ...هتر؟ ئه‌رێ پێمان ناڵێن ئه‌وه‌ی كردتان به‌رهه‌مه‌كه‌ی برسیكردنی خه‌ڵك بوو ..... یان دابینكردن و ده‌سته‌به‌ركردنی خواسته‌كانی میلله‌ت بوو؟ ئه‌وه‌ی له‌ئێستاوه‌ ده‌ستپێده‌كات ڕووی ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست، هیچ نه‌ما به‌میلله‌ت نه‌یكه‌ن كردیان! ئێستا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی هه‌رێمی كوردستان تاچه‌ند كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ئاست هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و ئایا ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی دنیا كردیان قسه‌یه‌ك بوو ؟ یان له‌ژێره‌وه‌ شتێكی تره‌؟ ته‌نیا میلله‌ت باجه‌كه‌ی ده‌دات؟ هه‌ندێ نه‌ته‌وه‌و وڵات به‌هۆی ئیڕاده‌ی خۆیانه‌وه‌ توانیویانه‌ پارێزگاری له‌و ڕیفراندۆمه‌ بكه‌ن و تێیدا سه‌ركه‌وتووبوون، كه‌ له‌ساڵانى 1848 تا 2017 له‌ ئاستی جیهانیدا 111 ریفراندۆم (ڕاپرسی) بۆ سه‌ربه‌خۆی ئه‌نجام دراوه‌. له‌و وڵاتانه‌شدا ته‌نیا ٥٣ یان به‌زۆرینه‌ی ره‌ها ده‌نگیان به‌ (به‌ڵی)‌ داوەو 35 وڵاتیشیان توانیویانه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت وه‌ك:- گروپی A كۆماری دیموكراسی بیابانی رۆژئاوا 1976 ئۆسیتای باشور 1991- له‌ جۆرجیا تایوان - 1949 له‌ چین قوبرسی باكور 1984 له‌ قوبرس رۆدیسیا 1953 مالی 1057 كۆنغۆ 1960 كامیرۆن 1961 كۆماری عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو 1961 سڕبیا 1992 كۆسۆڤۆ 2008 ئه‌و وڵاتانه‌ش وێڕای پێداگیربوونی ناوخۆیی، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ ببن به‌ده‌وڵه‌ت وه‌ك:- گروپیB هیندی چینی ١٩٤٥، یۆگسلافیا ١٩٤٦، بۆرما ١٠٤٨، مه‌لایۆ ١٩٤٨، رۆدیسیا ١٩٥٣......هتر. له‌كۆی ١٩٥ ده‌وڵه‌ت ئێستا له‌ جیهاندا هه‌ن ته‌نها ١٧% ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ریفراندۆم سه‌ربه‌خۆ بوون. له‌دوا جاردا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌بین ڕاپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ره‌نجامێكی ده‌بێت وه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێستای سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌بێته‌ به‌شێك له‌گروپی A و ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت.......؟ یانیش وه‌ك گروپی B ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوه‌ساندنه‌وه‌ و نه‌هامه‌تی و شه‌ڕی دوژمنان ده‌بێته‌وه‌؟