كوردوئەركەكانی قۆناغی دوای سەركەوتنی گشتپرسی

  دوو شەممە, 02 تشرینی یەکەم 2017 12:58

 

نامەوێ بگەڕێمەوە قۆناغی بانگەشەو ئەنجامدانی پرۆسەكەو شرۆڤەكاری بۆ بڕو ڕێژەی دەنگدەران و هۆكارەكانی كەمی ڕێژەی دەنگدان لەهەندێك ناوچەو دەڤەر و بنكەدا ئەنجامبدەم لەبەرئەوەی ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان توێژینەوەو شرۆڤەكاری وورد بۆ هەموو خاڵەكان بكات تا لە داهاتودا سودیان لێوەرگرێت , هەرچەندە بەداخەوە ئەو بابەتە ڕوبەرێكی گەورەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و شاشەی میدیاكانی داگیركردوەو (بە زانین یان نەزانین) كارلەسەر دابەشبوونێكی قوڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت ئەوەش بارگرانیەكی زیاتر بۆسەر خەرمانی پڕقەیرانی كوردستان زیاددەكات.


بەڵكو پێویستە هەموومان بەگیانی خۆشویستنی نیشتمانەوە فشار لەسەر سەركردایەتی كورد دروستبكەین بۆ هەنگاونانی خێرا و ڕاستگۆیانە بەئاراستەی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەكخستنی نێوماڵی كورد و كۆتاییهێنان بە ناكۆكی و لێكترازان و كەنارخستن و قۆرخكاری ...هتد. ئەمە لەلایەك لەلایەكیترەوە هەموو هێزەكان لەبەر هەستیاری قۆناغەكەو قورسی ئاستەنگ و لەمپەرەكانی ڕێگەی بەرەو سەربەخۆیی دەستبەرداری بەرژەوەندیەكانببن و وازبێنن لە ووڕك و بەهانە لەبەرئەوەی بەردەوامی ئەم حاڵەتە دەبێتە مەترسی داڕوخان وبنكەنكردنی سەركەوتن و سەروەریەكان . بەرپرسیارێتی مێژوویی هەر تاك و لایەنێكە لەم قۆناغە و داهاتودا بەم ڕۆحەوە ڕوبەڕوی نەیارانی پرسی ڕەوای گەلەكەمان ببینەوە ئەگەروابین دڵنیام گێڕانی ئاهەنگی سەركەوتن لەهەركات نزیكتر دەبێت .ئێمە زۆر قۆناغی سەختترمان لەسەردەمەكانی پێشودا لە (ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و كاولكاری وستەم) تێپەڕاند ئەم قۆناغەش تێپەڕدەكات و دەبێتە مێژوو.


ڕاپرسی سەربەخۆیی هەنگاوێكی چارەنوسساز و مێژویی بوو دەبوا ئەوهەنگاوە لەمێژەوە هەڵبگیرابایە مافێكی سەرەتایی و بنچینەیی گەلانە بەپێی هەموو بەڵگەنامەو ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان , ئەگەر كورد نەبێت بە بزماری پەنچەركردنی ڕەوڕەوەی كاروانەكەی دڵنیام هەموو دونیا پێشوازیمان لێدەكات دۆخەكە زۆر گونجاوە بۆ كورد لە چەندین ڕوەوە لەلایەك عێراق لەسایەی هەژموونی مەزهەبی وتایەفەگەریدا ڕێز و بەهای وەك دەوڵەت لەدەستداوە لایەكیتر (سەرانی سوننەی ناوەڕاست) هاتونەتە سەرخەت بۆ داكۆكی لە مانەوەو بوونی خۆیان لەژێر زەبری گروپەشیعیەكاندا داوای ڕیفراندۆم و جیابوونەوەدەكەن ئەمەش لێكترازانی پێكهاتەكانی عێراق دەردەخات لەولاوە شەڕی داعش و گروپە توندئاژوەكان ڕۆڵی سەرقاڵكردنی بەشێكی زۆر لە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی فیدراڵ دەگێڕێت , ئەمە وەك دەسەڵات لەبەرامبەردا كورد بە كات و ساتی زێڕیندا تێدەپەڕێت (دەیڵێمەوە ئەگەر خودی خۆمان نەبینە پاچی داڕوخانی سەروەریەكان و لەدەستدانی هەلی بەردەست) لە بەرخودانی پێشمەرگە لەڕوبەڕویوونەوەی داعش و تیرۆردا هەروەها لەخۆگرتنی ئەوژمارەزۆرەی ئاوارەكانی ناوچەكانی موصڵ و ناوەڕاست و بەرقەراری سەقامگیری ئارامی و ئاسایشی كوردستان خاڵی پرشنگدار و بەهێزن و نیشانەی ئاستی شارستانی گەلی كوردستان نمایش دەكات .

 

ئەمانە وەك فاكتەرە نێوخۆییەكان لە ڕووی ئیقلیمیەوە سوریازۆر لاوازەو حاڵی لە عێراق خراپترەو لە نێوەندە نێودەوڵەتیەكاندا نەخوازراوە بەهۆی خوێنڕێژی و ستەمەكانیەوە بۆیە هیچ مەترسیەكی بۆسەر هەرێم نیە لانیكەم لەم قۆناغەدا توركیا لەلایەك خاوەنی بەرژەوەندی گەورەو بەردەوامە لە كوردستاندا و خوازیاری سەقامگیری زیاترە لەناوچەكە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و خۆقایمكردی ئاكپارتی لە دەسەڵاتدا لەلایەكیترەوە لەهەوڵی بوون بەئەندامی یەكێتی ئەوروپادایە ئەوانیش لیستێك مەرجیان هەیە بۆ وەرگرتن هەروەها كێشەی كورد لە توركیا لە غیابی دیموكراتی و ماف و ئازادیدا برینێكە بەردەوام خوێن و سامانی دەوێت و كاریگەری هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكەی (فتح الله گولەن) هێشتا لەسەر ڕوخساریان بەدیاردەكەوێت و بڕێكی زۆر تواناو كاتی دەوێت و هەڵبژاردنیشیان زۆر دوورنیە , ئێران بەهەمان شێوە لەلایەك بەهۆی دەستوەردانەكانیەوە لە ووڵاتانی ناوچەكە لەناوەندە نێودەوڵەتیەكان جێی گومانەو خۆشەویست نیە و ئەمریكا بەسەرچاوەی شەڕەنگێزی دەزانێت و لەناو دەوڵەتانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ ناوی تۆماركردوە لایەكیترەوە زلهێزان بۆ دەستەبەركردنی زۆرترین بەرژەوەندی ئارەزوی بەهێزی ئێران ناكەن لەناوچەكە .


لەڕوی نێودەلەتیەوە وەك ووتم بەهۆی نەبەردیەكانی پێشمەرگە و لەخۆگرتنی ئاوارە و ئارامی ناوچەكانی هەرێم لەلایەك و بوونی سەرچاوەیەكی گەورەی ووزە لە كوردستان لەلایەكیترەوە و ململانێی نێوان زلهێزان بۆبەهێزكردنی پێگەی سەربازیان سەروو هەموو ئەمانە ڕەوایەتی كێشەكەمان و پەیدابوونی دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی گەلەكەمان ئەمانەو زۆریتر سۆزی هێزە نێودەوڵەتیەكانی جوڵاندوە بۆ پشتگیریمان .ئەوەتا پرسی كورد بوەتە باسی گەرمی هەموو دونیاو لە نێوەندە نێودەوڵەتیەكاندا دانیشتنی تایبەتی بۆدەكرێت و پشتیوانی پەرلەمان و ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكان و زۆربەی گەلانی بەدەستهێناوە و لە ئاستی زلهێزاندا هەوڵی نێوەندگیری و چارەسەری ئاریشەی گەلەكەمان دەدرێت .


كەواتە هەلێكی زێڕین هاتوەتە بەردەست كە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە ئەگەر بە چەند قۆناغێكیشبێت بۆیە پێویستە بە ووریایی و بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەی قۆناغەكە بكەین و خۆڕاگربین لە ژێر فشارەكانی دەسەڵاتی بەغداد و دراوسێكان لەبەرئەوەی ئاسۆی ڕۆژێكی پرشنگداری نوئ بەڕێوەیە , ئەگەر نەگەینە سەربەخۆیی تەواو ئەوابەدڵنیاییەوە ( سیستەمی كۆمفیدراڵی )مسۆگەرە كەواتای یەكگرتنی دووكیان و دوودەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەگەیەنێت ئەم هەنگاوەش بۆ ئەم قۆناغە دەستكەوتێكی مەزن دەبێت بۆیە وایدەبینم پێویستە وەفدی دانوستانكاری هەرێم وەك بژاردەی كۆتا(عێراقێكی كۆمفیدراڵی) بە چارەسەری ئەم قۆناغە قەبووڵبكەن .