كۆنفدراڵی مەرجدار خاڵی سەنتەر بۆ چارەسەری ئەم قۆناغە

  شەممە, 07 تشرینی یەکەم 2017 11:58

 

ئاشكرایە كوردستان بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەسەروبەندی كۆتایی شەڕی جیهانی یەكەمدا بە پێی رێكەوتن نامە شومەكەی سایكس بیكۆ Sykes–Picot Agreement لە مانگی نیسان/1916 لەنێوان دبلۆماتكاری فەرەنسی فرانسوا جورج بیكو و مارك سایكس دبلۆماسی بریتانی بەسەر دەوڵەتە داگیركەرەكانی ئێستای كوردستان (عێراق _ئێران _توركیا _سوریا) وەك گۆشتی قوربانی دابەشكرا . ئیدی لەو زەمەنەی سەرهەڵدانی(دەوڵەتی نەتەوەیی) ئێمەی كورد چەوساندنەوەو ستەم بووە بۆیە هەمیشە چیاكان لانكەی تروسكایی شۆڕشی ڕزگاریخواز و پەناگەی كوردبوون لەڕۆژانی سەختی خەباتدا.ئەم چواردێڕە كورتكراوەی خەبات و خوێنی سەدساڵی تەواو لە ژێردەستی و داگیركاریە بەهەمووجۆرە نەهامەتیەكانیەوە .

شایانی ووتنە لەم سەدساڵەی ڕابووردودا ڕێگەنەما كورد تاقبنەكاتەوە بۆگەشتن بە مافەكانی و بەدەستهێنانی سەربەستی ئازادی خاكەكەی بەڵام نابەرابەری تەرازوی هێزی چەك وجبەخانە و بێڕەحمی داگیركەرانی لەلایەك و دڵسافی و خۆخۆری باڵەخەباتگێڕەكانی ناوخۆ لەلایەكیترەوە فاكتەری سەرنەكەوتن و شكستی تەواوی شۆڕشە یەكلەدوای یەكەكان بوون .


ئەم پێشەكیەم بۆ ئەوەبوو لێیەوە بڕۆمە نێو واقعی ئەمڕۆی نەتەوەكەم كەئەتوانم بڵێم ئێستە لەهەمووكات نزیكترین لە بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی , دیسان دەڵێم ئەگەر بە دڵسافی وخۆشباوەری لەلایەك و خۆخۆری و بەرژەوەندی خوازی تەسكی حیزبی و شەخصی لەلایەكیترەوە نەبنەهۆی لەدەستدانی ئەم هەلەمێژوییە. دوای سەركەوتنی ڕیفراندۆم چەند قۆناغێك لە ئامانجە سەرەكیەكەمان(دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان) نزیك بووینەتەوە . ڕاپرسی مافێكی یاسایی و بنەڕەتیە بۆ تەواوی گەلان بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی نەتوە یەكگرتوەكان كەدەڵێن بۆ بەرپاكردنی ئاشتی و سەقامگیری هەموو گەلێك بۆی هەیە بڕیار لەچارەنوسی خۆی بدات . ئێمەی كورد هاوشێوەی گەلانی ئازادیخواز تەنها جارێك ئەم یاسایەمان بەرجەستەكردوە ئیدی بۆ دەبێت هەموو دونیا لێمان بێنەدەنگ و جارێك بڵێن كاتی نیەو جارێك بڵێن كاریگەری لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆردەكات !!! جارێكیتر دەڵێن سەقامگیری ناوچەكە دەشێوێنێت ...هتد. سەركەوتنی ڕیفراندۆم دەریخست كات لەباربوو ڕووی لولەی تفەنگی پێشمەرگەش لە سنگی تیرۆریستانی داعش نەترازاوە و سەركردایەتی كوردیش هەموو دونیای دڵنیاكردوەتەوە نە چاومان بڕیوەتە بستێ خاكی هیچكەس و ووڵاتێك و نابینە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانمان و لەبری شەڕخوازی و ئاژاوەگێڕی ئاشتیخوازین كەوابوو بەهانەكان هەموویان درۆی شاخدار و ناواقعی بوون. هەریەك لە بەهانەكان ئەجێندای پلان و بەرژەوەندی لایەنێك یان زیاتری داگیركەر ونەیارانی كوردە .


لێرەوە داواكارم لە بڕیاربەدەستان و هێزە شۆڕشگێڕەكان و تەواوی هاووڵاتیانی هەرێم ئارامگربن و نەشڵەژێن و مامەڵەی دروست بەدەنگی (بەڵێ بۆ كوردوستانێكی سەربەخۆ) وە بكەن. تەنها ژیرانە و لەسەرخۆ هەنگاوبنێن بە پشتیوانی خوا ئەم هەورازەش دەبڕین و دەگەینە مەنزڵ . تاكە لەمپەر و ئاستەنگی قورس و گەورەی بەردەم گەشتنمان بە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان ئەم ناكۆكی و دووبەرەكی و یەكتر نەخوێندنەوەو یەكدی قەبوڵنەكردن و پاوانخوازی و ووڕك و بیانوگرتنەی نێوماڵی كوردە . بۆیە داواكارم لە سەرۆك و سەركردە قەدرگرانەكانمان بەدەم داوای هاووڵاتیانەوە وەرن و هەموو كێشەلاوەكیەكان وەلانێن و لاپەڕەیەكی نوێ لە برایەتی و پێكەوەژیان و شەراكەتی ڕاستەقینەو یاساسەروەری و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و شەفافی داهات و خەرجیەكان .....هتد هەڵدەنەوە با ئەم میلەتە لەسەردەستی ئم پۆلە خەباتكارە بە مافی ڕەوای خۆی بگات , ئەگەر وانەكەن و خوانەخواستە هەلەكە لەكیس هەموومان بڕوات ئەوا بەدڵنیاییەوە نەوەكانی داهاتوو ناتانبوورن و مێژووش ڕەحمتان پێناكات .دڵنیابن ئەو فشارانەی دژی ئیرادەی میلەتەكەمان دەكرێن كاتین و تەنها شەڕی داچۆڕینی(استنزاف)ی وورەو كاتە ئاسۆ ڕوونە ئەگەر یەكدەنگ و یەك هەڵوێستبن ئەوا گەمارۆی هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت میلەتەكەمان برسی بكات و جبەخانەو چەتەی هیچ هێزێك ناتوانێت چۆك بە میلەت دابدات و هێزی پێشمەرگە ببەزێنێت و فشارەكان ناتوانن بەردەوامبن كورد خاڵی هێزی زۆری لەدەستە لەوانە


یەك / ئەو زەمەنانە بەسەرچوون لەگەڵ ستەم و هەوڵی پاكتاوكردنماندا دەگمان بەكەس نەدەگەشت یان كەس گوێی بۆنەدەگرتین , بەڵكو ئەمڕۆ لەلایەكەوە كورد خۆی خاوەن دەنگی زوڵاڵ و بوونی بەرچاوە (لە ئازایی پێشمەرگەو بەهاناوەچوونی لێقەوماوو پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەو ئاینە جیاوازەكان لەكوردستان ...هتد) بۆیە كەس ناتوانێت نكولیمان لێبكات


دوو / بەهۆی بەربڵاوی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و بوونی میدیای ئازاد و ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندی دبلۆماسی حیزبەكوردستانیەكان و حكومەتی هەرێم لەگەڵ كەسایەتی و حیزب و زۆرێك لەحكومەتەكانی دونیاوە بەووردی هەموو ڕوداوەكانمان دەگەن بەجیهانی دەرەوە وتوانیویانە ژمارەیەكی باش دۆست و لایەنگر بۆ كێشە ڕەواكەمان دروستبكەن .


سێ/ بوونی نەوت و كانزاكان لە كوردوستان و ئارامی و سەقامگیری دۆخی ئەمی هەرێمی كوردستان متمانەی كۆمپانیاكان وەبەرهێنەرانی مسۆگەر كردوە ئەوەتا دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی جیهان لەبواری نەوت و ووزەدا وەبەرهێنان دەكەن ولەئێستادا نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوت بەرهەمدێنن هەروەها سەدان كۆمپانیای بازرگانی ڕویان لەهەرێمكردوە ئەمانە بوون بە سەرچاوەی داهات بۆ هەرێم و دراوسێكان وحكومەتەكان ئێستە كوردوستان لە بواری نەوت و ووزەدا لەئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەدەكات ئەمانەش هەموو لۆبی فشارن لەهەر ئەگەرێكدا.


چوار / ئەگەر بۆئیستەش نەبێت لە داهاتودا ئاو كارتێكی بەهێزە لەدەستی كورد لەبەرئەوەی هەڵكەوتە جیۆگرافیەكەی ئەم خاڵی هێزەی پێبەخشیوە سەرچاوە ئاویەكانی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی دراوسئ لەكوردوستانەوە هەڵدەقوڵێت و لەداهاتوو دەتوانین وەك كارتێكی كاریگەر مامەڵەی پێوەبكەین .


ئەمانەو زۆریترهەن پشتیوانیمان لێدەكەن ئەگەر كورد بزانێت ژیرانە بەكاریانبهێنێت . بەڕای من كۆنفیدراڵی مەرجداریشبێت بۆ ئەم قۆناغە ئەساس و بناغەیەكی گونجاوو باشە بۆ دانوستان و مامەڵە پێوەكردن لەبەرئەوەی ئەم هۆكارانە :


سەرەتا ئەوە ڕوونە كۆنفدراڵی واتە : یەكگرتنی ئارەزوومەندانەو بێمەرجی دوو دەوڵەت یان زیاتری خاوەن سەروەری و دەسەڵات .


1-هەموو جیهانی ئازادیخواز دەزانن مافی دەوڵەتی سەربەخۆمان هەیە ڕازیبوونمان بە كەمتر لەدەوڵەتی سەربەخۆ و لەسەر پێشنیاری سەركردایەتی كورد و لەزمانی دانوستانكارانیەوە هاوسۆزی جیهان و هاوكاری زلهێزانمان بۆ مسۆگەر و دەستەبەردەكات .


2-دەوڵەتی عێراق هێندەبەهێزنیە هەژموونی بسەپێنێت و دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی لە كوردستان و ناوچەكە بوار بەشەڕێكیتر نادەن بۆیە فشار لە دەسەڵاتی بەغدا دەكەن بۆ ڕازیبوون بە (كۆنفدراڵی مەرجدار).گرەنتی مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی پێنج ساڵ یان زیاتر.


3-كۆنفیدراڵی دڵنیایی زیاتردەداتە دەوڵەتانی دراوسێ كە كوردوستان نابێتە سەرچاوەی كێشەو نابێتە بەشێك لە خەباتی كوردانی داگیركراوو و بندەستی دەوڵەتەكانیان.
ئەگەر تەمەن بواریدا لەوتارێكی تایبەتدا باس لە سودەكانی دەوڵەتی كۆنفدراڵی بۆ كورد دەكەین .


بەو هیوایەی ئەم پەیڤەم بگاتە بەرچاووگوێی بڕیاربەدەستان