بەداخەوە کوردستان لەهیچ کوێ ناچێ

زۆرجار نوسەرو ڕۆشنبیرانان کەباسی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، بەراوردمان لە گەڵ وڵاتانێک و گەلانێکدا دەکەن ،کە واقیعمان لەزۆرلاوە جیاوازە و لەیەک ناچێت.. ئاخر ئەوگورزەکوشندەی ڕۆژئاوا لەڕێگەی (سایکس بیکۆ)ی شومەوە لە کوردستان وکوردیان داوە،زۆر ئاستەمە برینەقووڵەکەی بەئاسانی ساڕێژ بێت..ئاخر خەڵکینە واقیعی پارچە پارچە کراوی کوردستان ،کەی لە باشوری سودان و کۆسۆڤۆو کەتەلۆنیا دەچێت ؟! خاکی ئێمە بەسەرچوار وڵاتدا دابەشکراوەو چوار داگیرکەرمان هەیە ، هەربەشێک بیەوێ ڕزگار ببێ و سەربەخۆ بێت ،چوار دەوڵەت لە دژی ئەوەستێتەوە ،چونکە کاریگەریی لەسەر کوردستانی ژێر دەستی ئەوان دەبێت ، کەوابوو هەرپارچەیەکی کوردستان چوار داگیرکەری هەیە نەک یەک داگیرکەر.. لەکاتێکدا کەتەلۆنیاو کۆسۆڤۆو باشوری سودان وهتد.. هەریەکە تەنها یەک داگیرکەرو یەک ناحەزیان هەیە .. بۆیە لەڕاستیدا ئەرکی ئێمەی کورد لەباشورو لەپارچەکانی تریش ،چەن بەرامبەر قورسە، ئەمەش دەخوازێت کە زۆر بەوردی و دانایی کاربکەین و دیبلۆماسیەت بەخەرج بدەین، ئەگینا زۆرئاستەمە (تاران و ئەنقەرە) کەهەریەکە دوو ئەوەندەو سێ چوارئەوەندە کوردیان لەبن دەستە، وابەئاسانی ڕێگەمان بدەن ماڵی خۆمان جیاکەینەوە.. ئێمە زۆر خۆشبین بوین بەرامبەر تورکیاو پێمان وابوو هاوپەیمان و برا گەورەو پاڵپشتە ، کەچی ـ مخابن ـ دەبینن چەن دڵڕەق و بێ ڕەحم و بێ ویژدانە بەرامبەرمان . هیوادارم سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەئاست ئەم تەحەددیاتە قورسانەدا بیربکاتەوەو سیاسەت بکات و بەرلەهەرشتێک نێوماڵی شێواوی خۆی ڕێکخاتەوەو زۆر بە بەڵێنی ئەملاو ئەولای دووریش، چەواشە نەبێت.