کۆنفیدڕالی هاوپەیمانی دوای سەربەخۆییە

 
دوای ئەوەی کوردستان لە 25 ئەیلولی رابردوو ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد و ئەنجامی کۆتایی دەرچوو ، کوردستان کەوتە ژێر گەفی زۆری عێراق و دراوسێکان و دۆستەکانی، ئێستا بۆ دەرچوون لەم دۆخە تازە خۆڵقاوە ( کوردستانی دوای ریفڕاندۆم) چەمکێک دێتە پێشەوە ئەوێش کۆنفیدڕالییەت ، لەلایەن هەندێک دەزگا و لەسەر زاری هەندێک سیاسی و بەرپرسی کوردستانی و عێڕاقی و تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە پرۆژەیەکی ماکڕۆن بێت بۆ گەیاندنەوەی هەولێر و بەغداو کۆکردنەوەیان دووبارە .
 
جا ئەگەر ئەم بیرۆکەیە ببێتە پرۆژە و ببێتە جێگرەوەی فیدڕالییەت ئەوە راپرسی گشتی 25 ئەیلول ئامانجی خۆی دەپێکێ و کوردستان بەسەرکەوتوویی لەم وەزعە تازەیە دێتە دەرەوە و دەبێتە براوەی یەکەم کۆنفیدڕالی واتا هاوپەیمانی لە نێوان دوو وڵات یان زیاتر کە خاوەنی سەروەری تەواو و سەربەخویین ، کە بەپێی ئەم رێکەوتنە وڵاتە پێکهێنەرەکانی هەندێک لە کار و ئیشەکانیان دەسپێرن بە دەستەیەکی باڵای هاوبەش بەپشتبەستن بە رێککەوتنێکی پێشوەختە مۆرکراوی پەسندکراو ، لە بوارێک یان زیاتر ، بەبێ ئەوەی ئەم کیانە تازەیە دەوڵەتێکی تازە دەمەزرێنێت ، واتا وڵاتانی پێکهێنەرێ کۆنفدڕالی ، خۆیان دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری تەواون ، بەڵام لەنێوان خۆیان هاوپەیمانی دادەمەزرێنن بۆ بەهێزبوون لە بواری سیاسی ، ئابووری ، سەربازی و بەرگری و ئاسایش ...... هند .
 
 
بەبێ ئەوەی هەموویان ببنە دەوڵەتێکی تازە ، بەلکو هەر دەوڵەتەکان دەمێننەوە بەڵام بەشێک لە کارە سەروەرییەکانیان دەسپێرن بە دەستەیەکی باڵای هاوبەش کا حۆیان ناوی دەنێن بەپێی جۆری هاوپەیمانییەتیەکە ، کۆنفیدڕالی بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی رێز لەسەروەری وڵاتەکانی هاوپەیمان دەگرێت و پێشێلی ناکات مەگەر لە کارە هاوبەشەکاندا ، لایەنە پێکهێنەرەکانیش ناتوانن دەستکاری رێکەوتنەکە بکەن مەگەر بە کۆی دەنگی هاوبەشەکان نەبێ .
 
عورفی دەولی وابووە کە سەرەتا کۆنفیدڕالی بە رێککەوتن گرێبەستی نێوان وڵاتە پێکهێنەرەکانی دادەمەزرێت و پاشان کە سەری گرت و پێکەوت دەکرێ دەستووری هاوبەش لەنێوانیان دروست بێ . نموونەی کۆنفیدڕالییەتێک کە ئێستا هەیە و زەقە یەکێتی ئەوروپایە ، دەزانین کە پەرلەمانی هابەشیان هەیە دراوی هاوبەش و یاسای هاوبەش ... بەڵام هەموو وڵاتە پێکهێنەرەکانی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرین .
 
ئەگەر کوردستان دوای ریفڕاندۆم بچێتە هاوپەیمانی کۆنفیدڕالی لەگەڵ عێراق ، یان ئێران ، یان تورکیا ، ئەوە کورد دەگاتە ئامانجی لەمێژینەی خۆی کە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە ،رەنگە بۆ ئێستای کوردستان دامەزراندی کۆنفیدڕالی زۆر گرنگ و پێویست بێ بە رەچاوکردنی ئەوەی کە کوردستان وڵاتێکی داخراوە و لەسەر دەریا نییە ، ئاسان ناگاتە دەرەوە و چواردەوری نەیارن پێی بۆیە سەرەتا زۆر پێویستی بە یامەتی و دەسبارە تا پروسەی دەوڵەتسازی دەگوزەرێنێ . کەوابوو ئەگەر ئەنجامی ریفڕاندۆمەکە کۆنغیدڕالی بێ کوردستان دووجار سەرکەوتوو بووە ، جارێک بوون بەدەوڵەت و جارێک هێزی هاوپەیمانی .