یەكەم وتووێژ !

  دوو شەممە, 09 تشرینی یەکەم 2017 19:25

 

... ئەگەر بۆ یەكەم جار بۆ شوێن و جێگایەكـ بەژوور كەوتی ، شوێنی كارەكەت بە نمونە ، زانكۆ یان قوتابخانە یان هەرشوێنێكی تر ، تەنانەت ئەو كاتەی تۆ وەكـ كەسێكی تازەی شوێنەكە سۆراخی پەنجەرەی بڕینی بلیت ئەكەی ، دەبینی ئەندازەیەكی كەم دڵەخورپه و‌هەستی دڵەڕواكێ ئەتگرێ ، چونكە هەموو جێگایەكی تازە جۆرێكـ له ترس و ‌سەرسامی پێوه ‌دیارە ، یان كە دەچیتە شوێنیكەوە بەلای ڕاست و چەپدا لا ئەكەیتەوە بەڵكو كەسێكـ پێشوازیت لێ بكا و پرسیاری پێویستی و گەڕانەكەت بكا ، یان چاوەكانت لەسەر نزیكترین كورسیە بۆ ئەوەی چاودێری ‌شوێنەكە بكەی ، دەبینی هەمووان بەئیش و ئەركی خۆیانەوە سەرقاڵن ،كەسێكـ بەپەلەیە ئەویتر بەساردو سڕیەوە خزمەت ئەكا ، دوورتر بۆ ‌دواكاریەكت بەخێرهاتنت ئەكا و ئەركەكەت جێبەجێ ئەكا ، تۆش لەناخەوە نزای خێری بۆ دەكەی چونكە ئەركی خۆی ڕایی دە‌كا .


خەڵكی لەدەرەوەی ماڵەوە لەگەڵ هامۆشۆ‌كارانی تازە مامەڵەیان جێاوازە، دەبینی كەسێكـ بەئاسانی هەست و ئاگایی خۆی لەدەست ئەداو هەر زوو لەبەردەم خەڵكیدا توڕە ئەبێ ، جنێو و وتەی ناشیرین فڕی ئەدا و هاوار ئەكا ! چونكە خزمەتگوزارەكە وەكـ ئەوەی پێویستە خزمەتی نەكردوە ، هەر بۆیە دڵت بەم شوێنە دائەگیرێ و هەست بەترسناكی ئەكەی ! بەجێاوازی ئەویتر لاوازەكان زۆر بێ دەنگن ، یاخود خاوەن ئەتەكێتەكان لەسەرخۆ وهێمنن !


هەموو ئەو كەسایەتیانە ڕەنگە لەناو ‌بازنەی لەبیرچوونەوەدابن ، چونكە ئێمە هەمیشە له شەقام و لە ‌ڕێگای كاروباری ڕۆژانەی ژیانی خەڵكیەوە كارلێكـ دەكەین ، ئەمەش بۆ هەموو شوێنێكـ هەر ڕاستە ، بیرەوەری و ئاوەزی ئێمە ئەوەندە فراوان نیە هەتا هەركەسێكـ بەبەردەماندا گوەزەریكرد تۆماری بكات و لەیادمان بمێنێتەوە .


وەلێ كەسێكـ لەنێوان هەموو ئەوانەی كە لەژیانتدا تێپەڕێ هەرگیز لەیادت ناچێت ، ئەو كەسەی كە بۆ یەكەمجار بەگەرمی پێشوازی لێكردی لەو‌ كاتەی كە تۆ وەكـ كەسێكی غەریب و ناشارەزا بەشوێنەكە چوویتە‌ ژوورەوە خێرا كەوتە قسەكردن و گرنگی پێدای ‌ ، هەرگیز ئەو كەسە بەدرێژایی ژیانت لەیادەوەریەكانت ناسڕێتەوە ، با زەمەن ئەوی لەتۆ دوورخستبێتەوە‌ هەتا ئەوەی یەكەم وكۆتا دیداریش بووبێ ، چونكە دیواری ترس و دڵەڕاوكێی بۆ شكاندنی ، تەنانەت هەمیشە تەواوی وشەكانی بزەو پێكەنینە جوانەكانی لەبیرناكرێ ! بەپێچەوانەی یەكتر ناسینی ئەوانیتر كە بە چەند سەعاتێكـ یان ڕۆژانی دواتر پاش ئەوەی ترس و بیمی شوێنەكە نەما‌ .

 

لەناو شەمەنەفەر یان میترۆ چەندین كەسم بینی و بەلامدا تێپەڕی و ڕۆشتن ، بەڵام بەخێرهاتن و بزەو خەندە جوانەكانیان خزمەت و بەدەمەوەبوونیان ، یەكترناسین و باسكردن لەخۆی یان ناساندنی وەڵاتەكەی ، وتووێژە كەم و جوانەكانیان هەرگیز لەیادم ناچن ، لە‌ڕاستیدا بەئاواتەوە بووم دەرفەتی ئەوەم لەدەست نەدابا‌ بۆ ئەوەی بەهەمیشەیی بیاناسم ، بەڵام ئەوان بەڕیگا و كاریان خۆیانەوە ڕۆشتن و منیش پەشیمانم .


دیداری یەكەم گێڕانەوەی بەسەرهاتی له ‌خۆئەگرتنی ئەوەی كە گرنگی و بایەخی ئەوانیترە ، ئەو شوێن و جێگایانەی كە بەهاناوە چوونی ئەوانیترمان تیا بینیەوە ، هەندێجار خودی شوێنەكە ئەوەندە جوان و سەرنج ڕاكێش نیە بەقەد ئەوەی جوانی دیدارو بەدەمەوەبوونی كەسەكانیەوه بەلامانەوە جوان وخۆشەویستی كردوون ! شوێنەكان پەیوەستن‌ بەكەسەكانەوە جوانی شوێنەكان و خۆشەویستی ئێمە بۆیان مانەوەی یادەوەریەكانە بەجوانی خەڵكەكەی كە بەهۆی ئەوانەوە شوێنەكەش ئەخەنەوە یادمان ، كەواتە ئێمە بەتەنها شوێنەكەمان خۆش ناوێ بەڵكو خۆشەویستی ئێمە لە خۆشەوستی دانیشتوانەكەیەوە سەرچاوە دەگرێ !


هەر بۆیە یەكەم دیدار و یەكەمین وتوێژ ئەگەر بەبایەخ وپێكەنینەوە بوو ، بێگومان كاریگەری لەسەر دەروون هەیە وشوێنەواری ناسڕێتەوە ، لێرەوە جەخت دەكەمەوە كە تۆ یەكەم كەس بە پێشوازی لە تازەهاتووانی شوێن و جێگا قەرەباڵغەكان بكەی‌ ، بەڕوخسارێكی كراوەی دەم بەخەندە دەستی بگرەو چی لەتواناتدا هەیە لە ناساندن و كارئاسانی ڕیگا و بەجێهێنانی ئەركەكەی ڕێنمایی بكەو كەمتەرخەم مەبە ، چونكە ئەو ڕێكارە بۆ ئەو گرنگە وهەرگیز بەدرێژایی تەمەنی لەیادی ناچێتەوە‌ هەروەكـ پیشانی ئەدەی كە ئەركـ و كارەكەی تۆ جوان و خۆشەویستە‌ و ئەویش لای خۆیەوە ئەیهڵێتەوە وپارێزگاری لێدەكات ، چوزانی بۆ هەتا هەتایە نابێتە هاوڕێی تەمەن !


:
... ئەم وتارە بەهەندێ دەسكاریەوە لەعەرەبیەوە وەرمگێڕاوە بەناوی (الحدیث الاول) ی نوسەری سعودی ( ریم علی ) كە لە ماڵپەڕی - الوئام – بڵاوكراوەتەوە‌‌ .