پارتە ئیسلامیە عێراقییەكان بازنەی ئیسلامی سیاسی جێدەهێڵن

  پێنج شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2017 07:42

لەپاش روخانی رژێمی بەعس لە 2003 دا، پارتە ئیسلامیە عێراقیەكان هەلێكی زێڕینیان دەستكەوت و تەواوی جومگەكانی دەوڵەتیان كەوتە دەست، بۆ ئەم مەبەستەش لە یەكەمین هەڵبژاردندا سوننەكان بە رابەرایەتی حیزبی ئیسلامی عێراقی و شیعەكانیش دەوڵەتی یاسا بە رابەرابەتی حیزبی دەعوەو هەروەها ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و دوایش رەوتی سەدر و حیزبی فەزیلە، كە هەموویان كۆمەڵە حیزبێكی ئیسلامین جەماوەر متمانەیان پێ‌ دان و هەموو دەسەڵاتە باڵاكانیان لە حكومەتدا كەوتە دەست، جەماوەری عێراق لەو بڕوایەدا بوون كە ئەم حیزبانە بەهۆی باكگراوندە ئاینیەكەیان و ئەو سەركردە ناسراوانەی كە هەیانبوو بەتایبەتیش بنەماڵەكانی سەدر و ئەلحەكیم و هەروەها سەركردە ناسراوەكانی حیزبی دەعوە كە هەموویان كەسایەتی ناسراوی ئاینی بوون، لەو بڕوایەدا بوون كە ئەمانە دەتوانن بۆ هەمیشە لە دەست ستەم و چەوسانەوە رزگاریان بكەن و ئەو دەوڵەتە عەدالەتەی كە بەردەوام بانگخواز و سەركردە ئیسلامیە سیاسیەكان بانگەشەیان بۆ دەكرد بهێنێتە دی، بەڵام پاش ئەوەی كە ئەم پارتە ئیسلامیانە گەیشتنە كورسی دەسەڵات و پارە و پلە و پۆستیان كەوتە دەست، تەواو پێچەوانەی ئەو ویست و خواستانەی جەماوەر مامەڵەیان كرد و وڵاتیان یەكپارچە كرد بە گەندەڵی و دزی و وێرانی و بەرپاكردنی شەڕی مەزهەبی و لەم پێناوەشدا سەدان هەزار كەس لە هاوڵاتیانی عێراقی بوونە سوتەمەنی ئەو ناخە پڕ لە بوغز و قینەی كە ئەم سەركردە ئیسلامیانە لە واقیعدا چەسپاندیان. پاش 14 ساڵا لە ئەزموونی ئەو پارتە ئیسلامیانە لە دەسەڵاتدا دەوڵەتێكی دواكەوتوو قەرزار و پڕ لە كوشتن و تیرۆر و تۆقاندنیان بەرهەم هێنا و ئەو وێنەیەی كە دروستیان كرد هیچی لە وێنەی دەوڵەتە بەعسیەكە كەمتر نەبوو، پاش ئەوەش كە داعش سەری هەڵدا و ناوچەیەكی زۆری عێراقیان كەوتە دەست و بەناوی دەوڵەتی خەلافەتەوە حوكمی ئەو ناوچانەیان كرد، ناشیرینترین وێنەیان بۆ ئیسلام و مسوڵمان و مەزهەب دروست كرد، كە ئەمەش بوە مایەی ئەوەی كە باسكردن لە جێبەجێكردنی شەریعەت ببێتە وێنەیەكی زۆر ناشیرین و دزێو لە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خودی هاوڵاتیانی عێراقیش. بەهۆی ئەم بارودۆخە ناهەموارەوە كە ئیسلامیە سیاسیەكان لە عێراق لەلایەك و داعش لەلایەكی تر دروستیان كرد، ئێستا هاوڵاتیانی عێراق كاتێك باسی حیزبی ئیسلامی و خەلافەت و چەسپاندنی شەریعەتی لادەكرێت بەوپەڕی توڕەییەوە وەڵام دەداتەوەو دژیان دەوەستێت. بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەوە، لە ئێستا پارتە ئیسلامیە عێراقیەكان دەیانەوێت فۆڕمی خۆیان بگۆڕن و بەشێواز و ئالیەتێكی تر سیاسەت بكەن.
لە سەرەتای ئەمساڵدا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە نوێنەرایەتی حیزبی ئیسلامی عێراقی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بزوتنەوەیەكی سیاسی نوێی راگەیاند بەناوی (التجمع المدنی للاصلاح) ئەم بزوتنەوە نوێیە هیچ پاشگرێكی ئیسلامی پێوە نیە، جبوری لەو بڕوایەدایە كە ئیسلامیەكان دەبێت خەبات بكەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی نەك ئاینی، ئەو لەو بڕوایەدایە بەم رێگەیە دەتوانرێت خزمەت بە كۆمەڵگەی عێراقی بكرێت نەك لە رێگەی حیزبی ئاینی و تائیفیەوە، لەدوای ئەمیش رەوتی سەدر لە رێگەی ئەو خۆپیشاندانانەنی كە رابەرایەتیان دەكردن دروشمی دەوڵەتی مەدەنیان بەزر كردەوەو داوای رزگاركردنی ئاینیان دەكرد لە دەست ئەوانەی كە بازرگانی بە ئاینەوە دەكەن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش داوای دروستكردنی حكومەتی تەكنۆكراتیان دەكرد نەك حكومەتی تائیفی. بەلای سەدریەكانەوە دەبێت شێوازی حوكم لە عێراقدا بگۆڕێت و ئەم دۆخە تێ‌ بپەڕێنن و كار بكەن لەپێناو دروستكردنی حكومەتی مەدەنی و هاوڵاتیدا.
لەلایەكی ترەوە دەوڵەتی یاساش كە گەورەترین كوتلەی سیاسیە لە عێراقدا و حیزبی دەعوە رابەرایەتی دەكات لە ئێستادا دروشمی دەوڵەتی مەدەنی بەرزكردۆتەوە هەرچەند ئەم حیزبانە لە روكەشدا دەیانەوێت گۆڕانكاری لە خۆیاندا دروست بكەن و وا لە جەماوەر بگەیەنن كە دید و تێڕوانینیان بۆ سیاسەت و حوكم و بەڕێوەبردنی دەوڵەت گۆڕاوە، بەڵام لە راستیدا ئەم گۆڕانكاریە روكەشانە هەرگیز نابێتە مایەی رازی بوونی خەڵك و پێدانەوەی ئەو متمانە زۆرەی كە لە رابردوودا هەیانبووە. بەپێی بۆچوونی هەندێك لە توێژەرانی سیاسی، شەڕی دوای داعش بریتی دەبێت لە روبەڕوبوونەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لەگەڵا ئەو پارتە ئیسلامیانەی كە ماوەی 14 ساڵە لە عێراقدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، لەبەرئەوە ئەم حیزبانە یان دەبێت گۆڕانكاری گەورە لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا بكەن و گەشە بە دیموكراسی بدەن و ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی ئەنجام بدەن یان ئاستی توندوتیژیەكان پەرەدەسەنێت و ئەمجارەیان ئەو ناڕەزایەتیانە شارەكانی ناوەڕاست و باشوریش دەگرێتەوەو لە ئەنجامیشدا كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم پارتە سیاسیانە دێت كە ئێستا لە حوكمدان.