شیكردنەوەی سیاسی لەنێوان سێ‌ چیندا

  شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2017 09:10

بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئێمە كەوتووەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوجەرگەی ڕووداوە گەرمەكان، لەمڕۆشدا جگە لە زۆربوونی كەناڵەكانی میدیا و پەیدابونی سۆشیال میدیا، دەبینین زۆرێك لە تاكەكانی هەرێمی ئێمە لە هەموو چین و توێژەكان و لەسەر هەموو ئاستەكان، بە جیاوازی پیشە و پسپۆڕێتییان شرۆڤە و پێشبینیی سیاسی دەخەنە ڕوو!

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا كە كوردستانی باشوور و تەواوی عێراق بە ڕستێك ڕووداوی سیاسیی گەرم و خێرادا تێپەڕ دەبێت و هاوكێشە سیاسییەكان لە گۆڕانكارییەكی خێرادان، هەرچی دەیبینین وەكوو چاودێر و شرۆڤەكار و شیكەرەوەی سیاسی دەردەكەوێت و خۆی نمایش دەكات، كە بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین ئەو هاووڵاتی و چاودێر و شرۆڤەكار و شیكەرەوە سیاسی و ڕۆژنامەنووسانە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن بكەین:
چینی یەكەم ئەو خاوەن ئەكاونت و بینەر و كەسە ئاساییانەن، كە نە دیراسەی پێویستی ڕووداوەكان دەكەن و نە لە سەر و بنی یارییە سیاسییەكان و لە جۆر و توخمی یارییەكان شارەزاییەكی ئەوتۆیان هەیە، بەڵكو زیاتر بە گەڕان بەنێو واڵەكانی فەیسبووك و دانیشتن بەدیار گەشتی هەواڵەكانی تیڤی و گوێگرتن لە چەند دیبەیتێك... قسە و تێگەیشتن و لێهەڵێنجانی خۆیان لەوەی دیویانە، لە چوارچێوەی چەند ڕستەیەكدا دەردەبڕن و هەندێ‌ جاریش بە نرخی شرۆڤە و شیكردنەوەیسیاسی بە خوێنەر و بینەری دەفرۆشنەوە.
چینی دووەم ئەو كادیرە حیزبی و ڕۆژنامەنووس و كارمەندی دەزگا ئیعلامییانەن، كە سروشتی كارەكەیان ئەوهایە زووتر و زێتر لە چینی یەكەم زانیاری و هەواڵی سیاسییان پێدەگات و چانسی ئەوەیان هەیە لە دەرەوەی شاشە و ئەوەی بۆ میدیا دەگوترێت، هەندێ‌ هەواڵ و زانیاریی دیكەیان لە دەمی بەرپرسە حیزبی و كاراكتەرە سیاسییەكانەوە پێبگات. ئەم چینە كە زۆر جار بەناوی هەواڵی سەت لە سەت ڕاست، زانیاریی نەگوتراو، هەبوونی سەرچاوەی هەواڵی باوەڕپێكراو و گرەوكردن لەسەر ئەوەی پێشبینی و شیكردنەوەكانی ئەوان كتومت وەكوو خۆی دەردەچێت... گوتار و تێبینییەكانیان لە بازاڕی میدیادا دەخەنە ڕوو، بارەكەڵڵا و دەستخۆشییەكانی فەیسبووكیش پتر هانیان دەدات خۆیان بە جۆرێك لە بلیمەت ببینن.
چینی سێیەم ئەوانەن كە بە فەرمی خۆیان وەكوو ئەكادیمیكار، شیكەرەوە، شرۆڤەكار، چاودێر... دەناسێنن و زێتر خۆیان یەكلا كردووەتەوە بۆ خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە ڕووداوەكان، بە هەموو حسێبێك ئەوەی دەێڵێن و دەینووسن گەرەكە لەبەرچاو بگیرێت و بڕیار و هەنگاوی سیاسی لەسەر بینا بكرێ‌.
ئەگەرچی ئاستی ڕۆشنبیری و زمانی لێكدانەوە و شێوازی خوێندنەوەی هاوكێشەكان، لەكن هەر یەك لە چینی یەكەم و دووەم و سێیەم تا ئاستێكی زۆر بەرچاو لە یەكدی جیاوازە، بەوەی چینی یەكەم زێتر وەكوو دەردەدڵ و خۆخاڵیكردنەوە و قسەی سەرە مەجلیسان دەردەكەوێ‌، گوتاری چینی دووەمیش لە ڕۆخی كەنارەكانی سیاسەت و هەواڵ و لێكدانەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ نمایش دەبێ‌. هەرچی لێكدانەوە و بەدووداچوونی چینی سێیەمە، شیكار و شرۆڤەی ڕووداو و پێشهاتەكان دەكات، بەڵام تا نها نەیتوانیوە وەكوو پێویست دیراسەی ورد و هەمەلایەنەی تەواوی هاوكێشەكان بكات و ببێتە خودان ئەو خوێندنەوە قووڵ و ستراتیژییەی كە هەنگاو و بڕیارە سیاسی و چارەنووسسازەكانی -بەڕێژەییش بێ‌- لەسەر بینا بكرێ‌ و بچێتە ئاستی ئەو لێكۆڵینەوە و دیراسە تۆكمە و نێودەوڵەتییانەی، ئیستێك بە كاراكتەرەكانی سیاسەت بكات و ناچاری گوێ‌ لێگرتن و خوێندنەوەیان بكات.
نەك هەر ئەمە، بگرە لەنێو هاوكێشە ئاڵۆزەكانی دونیای سیاسەت بەگشتی و یارییە سیاسییە تەمومژاوییەكانی ناوچەكە بەتایبەتی، گوتن و گوتارەكانی چینی دووەم و تەنانەت هی چینی یەكەمیش،زۆر جار لە هی چینی سێیەم ڕاستتر دەردەچێ‌ و جوانتر دەیپێكێ‌. ئەمەش بەكورتییەكەی جگە لەوەی پێمان دەڵێ‌ كە پێشهات و سیناریۆ سیاسییەكان،گەلێك لە جاران نادیارتر و تێكەڵ و پێكەڵتر و پڕ گرێ‌ و گۆڵترن، هەروەها ئەوەش نیشان دەدات كە تا ئێستا نە لەسەر ئاستی حیزبی و نە لەسەر ئاستی حكومەت و دەزگا ئەكادیمییەكانی، سەنتەریستراتیژی و ژووری تایبەتمەندمان بە لێكدانەوەی هەواڵ و شرۆڤەی سیاسی و پێشبینیی ڕووداوەكان نییە، بەجۆرێك بتوانێ‌ بە تێگەیشتنێكی چڕ و پاشخانێكی پڕ و بە سوود وەرگرتن لە ئامرازەكانی دونیای نوێ‌، بزانێت ئەنجامی كۆتایی یارییەكان لە بەرژەوەندیی كێ‌ تەواو دەبێ‌ و چارەنووسی یاریكەرەكان -بە یاریزان و یارینەزانەوە- دەشێ‌ بە چی بگات.