هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر عەقڵیەتیاندا نەهاتوە

  شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2017 09:50

 


پیش حەوت ساڵ لەمەوبەر بەندە لە سایتی كوردیو ،لەسەر عەقڵیەتی ئەو كەسانەی پێكەوە لە یەك وڵاتدا لەگەڵیان دەژین وتارێكمان نوسیبوو، كە تیایدا ئاماژەمان بەو گەشبینیە بێ بنەمایە كردبوو كە ئێمە بەرامبەر بە سیاسیەكانی عێراق هەمانبوو،


لێرەدا بە دروستی دەزانم سەر لەنوێ ئاماژەی پێ بكەمەوە.
....


لە سەرو بەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەغدا بەرپرس و نوێنەرانی پارتە بڕیار بەدەست و دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لە راگەیاندنەكانیاندا كەوتنە بانگەشەی ئەوەی كە گوایە مالكی رازیبوە لەسەر 19 خاڵەكەی ئیئتیلافی لیستە كوردستانیەكان و ئیمزای لە سەركردوە و تەنانەت ئەندامێكی ئەنجومەنی نووێنەران لە سەر لیستی (ی. ن.ك) بانگەشەی ئەوە دەكات كە گوایە لە دوو ساڵی یەكەمی حكومەتە نوێیەكەی مالكیدا مادەی 140 بەتەوای جێبەجێ دەبێت .


ئاخۆ ئەو قەناعەتەی بۆ سەركردایەتی كورد و نوێنەرانی ئێمە دروست بوە لەخۆشباوەڕیمانەوەیە یان هەربەڕاستی گەیشتونە تە ئەو بڕوایەی كەتوانیویانە گۆرانكاری ئیجابیانە لە هزر و بیری سەرانی هاوپەیمانەكانی بەغدا دروستبكەن، تۆ بڵێی توانیبێتیان ئەوەیان بۆ ئەوان سەلماندبێت كە نەبونی كورد لەبەغدا واتە پارچە پارچە بونی عێراق .
ئاخر ئەگەر هێزێكی نوێ و كەسایەتیەكی نوێ پۆستی سەرەك وەزیرانی وەرگرتایە ئەوا حەق بو باوەڕ بەو بۆچونانە بكەین كە گوایە بەغدا رازی بون كە هەمو خواستەكانمان بۆ جێبەجێ بكەن ،بەڵام شێوەی دەموچاو و هەڵوێستی كەسایەتیەكان نەك هەر ئەوانەی حەوت ساڵی ڕابردون بەڵكو خەڵكانی شۆڤێنیتر ئەمڕۆ لەهەرە پۆستە باڵاكانی دەسەڵاتدان ، ئەوانە هەرگیز چاویان بە سەروەریەكانی گەلی كورد هەڵنەهاتووە و لە ڕابردوشدا باوەڕیان بە خەبات و خوێن و نەهامەتیەكانی گەلی كورد نەبووە، ئەی ئەبێت بۆ داهاتو چەند جێی باوەڕبێت كە ئەو كەسانە كار بەئاراستەی خواستەكانی ئێمە بكەن ؟ ئایا ئەگەر لەماوەی ئەم سێ چوار ساڵەی كابینە نوێكەی مالكیدا هەمو خواست و داواكاریەكانمان كە خۆی لە 19 خاڵەكەدا دەبینێتەوە جێبەجێ نەكرا بەتایبەت مادەی 140 ئاخۆ هەڵوێستی سەركردایەتی كورد و نوێنەرانی ئێمە لە بەغدا و پەرلەمانی كوردستان چی دەبێت ؟ ئاخۆ دەتوانن هەڵوێستی جدی وەربگرن پەنا بۆ كارتی فشار و هەڕەشەی ئیفلیجكردنی حكومەت بكەن ؟ لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردودا سەركردایەتی سیاسی كورد نەی توانیوە ئەو بڕوایە بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانان و وڵاتانی ئیقلیمی و لیست و پارتە عەرەبیەكان درۆوست بكات كەئەگەر بەدەم خواست و داواكاریەكانی گەلی كوردەوە نەیەن ئەوا لە هەمو دەزگا و دامەزراوە كانی حكومەت دەكشێینەوە .


لە نێو هەمو لیست و لایەنەكانی حكومەتی ئەمڕۆی بەغدا سەرانی كورد ولیستی كوردستانی نەرمترین لایەن بون لە بەرامبەر خواست و داواكاری و فشارەكانی ئەمریكادا ، بۆ یەك جاریش نەمانتوانی وشەی نەخێر لە بەرامبەریاندا بەكار بهێنیین ، ئەوەش لە پەرتەوازەیی و نایەكگرتویی و بێ ئیرادەییمانە ، ئەوە ئێمەین هەندێ جار بە بێ هەڵوێستی و هەندێ جاریش بە دوو هەڵوێستی و چەند هەڵوێستی خۆمان نیشان داوە.


لە كۆتایدا گەرەكمە بێژم ئەگەر لە ماوەی دووساڵی سەرەتای دەستبەكاربونی كابینە نوێ كەی مالكیدا خواست و داواكاریەكانمان لە ژێر ناوی مادەی 142ی دەستور و هەمواركردنەوەی دەستوردا وەك هەمو جارێك دیزە بە دەرخونە كرا ئەوكاتە هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی كورد و نوێنەرانمان لە بەغدا چی دەبێت ؟ یان بە دەست خەڕەی دوساڵی كۆتای هەر بەردەوام دەبن ! یان ئیتر دەگەنە ئەو بڕوایەی كە بەراستی هەمو ئەو بەڵێنانەی كە ئەوان و ئەمیركاش بە ئێمەی دەدەن تەنها بۆ كات كوشتنە تا ئەو كاتەی كە حكومەتێكی بەهێزی مەركەزی دروست دەبێتەوە و ئەوانیش دەگەنە ئەو ئەنجامەی كە ئیتر پێویستیان بە كورد نامێنێت ، هەمو لاش دەزانن لە ڕابردودا هەم ئەوان ئەزمونی سەركەوتو وهەم ئێمەش ئەزمونی تاڵمان بینیوە .
خۆزگە ئەو گەشبینیەی سەرانی ئێمە بە راست و رەشبینیەكەی منیش بە هەڵە دەردەچوو .