بۆنێكی ناخۆش دێت بە سەرمدا


كە منداڵ بووم باوكم دەیوت
هەر وتەكەی كاكەوڵایە
كورد هەر وایە
لە سەركردە بەختی ڕەشە
بۆیە باری ڕاسە نایە
كۆڵەكەی ماڵ كرمی تیایە 


بەندە هەمیشە قەناعەتم وا بوە و بەردەوامیش ئەو قەناعەتەم هەیە كە خوای گەورە چ لە سەر ئاستی تاك یان كۆمەڵگە زەمینە سازیی ئەكات بۆ قۆستنەوەی هەلی ژیان ، تا ئەو كەسە یان ئەو كۆمەڵگەیە گلەیی لە بەختی خۆیان نەكەن كە هەلیان بۆ نەڕەخساوە ، گەلی كوردیش بە سەركردەكانیشیەوە لە دوای ساڵی 1991 باشترین هەلی بۆ ڕێك كەوت كە بتوانێ جوانترین ژیان بەرێتە سەر ، جوانترین ژیان بنیات بنێت ، خزمەتێكی باش بە كەرامەتی مرۆڤەكان بكات ، بەڵام مەخابن نیوەی ئەم كاتەی بە شەڕو ماڵ وێرانی و ناشتنی ڕق و كینەوە بردە سەر و بە سەدان كورد بە دەستی برا كوردەكەی كوژرا و مناڵەكانی بێ باوك كران .


نیوەكەی تریشی بە گەندەڵی و دزی و گزی و تاڵان كردنی سەروەت و سامانی ئەم میللەتەوە بردە سەر و ، كە بە تایبەتی لە قۆناغی دوەمدا ئەیتوانی جوانترین ژیان دروست بكات ، بەڵام بە پێچەوانەوە دزی وای پێ گەیاندوە لە فەرهەنگی هیچ میللەتێكدا نیە .


ئێستەش ئەم میللەتە لە بەردەم هەڵدێرێكدایە كە ئەگەر عاقڵ و ژیرەكان هاواریان لێ هەڵنەستێ و دەنگ بەرز نەكەنەوە لە یەك كاتدا هەم خوێنمان بەهەدەر ئەچێت هەم ماڵمان بە تاڵانی ئەچێت ، با كەس نەڵێ تۆ پێاوێكی بێ هیوایی ئەبەخشیتەوە ، من بۆنی شەڕێكی تر ئەكەم ، بۆنی دابەش بونی كوردستان ئەكەم ، بۆنی بەتاڵان بردنی سەروەتی ئەم میللەتە ئەكەم ، نەوتمان لی َدەستێنن بە چەند درهەمێكی كەم و لە سەر یاسای ( كاڵا بە كاڵا ) نەوت بەرامبەر باروت و تەقەمەنی بۆ بەردەوامیی شەڕێكی چەند ساڵەی تر و لەم پێناوەشدا ئەوەی كە ئەبێ بۆ نەوەكانی داهاتوش لە بیرمان بچێتەوە دۆزی ڕەوای ئەم گەلەیە كە هەزاران خوێنی گەش و پاكی ڕۆڵەی ئەم میللەتەی لە پێناودا ڕژاوە .
بۆیە وەك كوردێكی دڵسۆز داوام وایە :


1- تكایە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن سویچی كەناڵەكانتان وون بكەن باشترە لەوەی ڕۆژانە بە گوێی ئێمەدا ئەدەن ، عەقڵتان تێك داوین ، لاشەمان داهێزراوە ، بەرچاومان تاریك بوە ، كەمێك رەحممان پێ بكەن .


2- سیاسیەكان تا كەی لە پێناوی ئەم میللەتەدا دان بە شكستەكانتاندا نانێن ، مرۆڤ بە هەڵە بچوك نابێتەوە ، بە پێ داگرتنی لە سەر هەڵە و پاساو هێنانەوە بۆی ناشیرین ئەبێت و بچوك ئەبێتەوە .


3- گەنجەكان ئازا بن لە شوێنێكا بۆنی شەڕی ناوخۆتان كرد تفەنگەكانتان لە سەر بەردێ دانێن و بەردێكی تری پیا بدەن یان دەرزی تفەنگەكان وون بكەن و بە دوایدا مەگەڕێن .
4- ڕۆشنبیران قەڵەمەكانتان تیژ كەنەوە بیكەن بە چاوی ئەوەی ئەبێتە نوسەری شەڕی ناوخۆ .


5- مامۆستایانی ئاینی هەستن بە ڕۆڵی خۆتان ، ئێمە ووتمان دەوڵەت دروست ئەكەین نەك خۆمان بخۆین .


6- هەرچی دام و دەزگای هەرێمە لە گەورەوە بۆ بچوك بە فیدا ی خوێنی لاوێكی ئەم گەلە بێت .


بەڕێزان دەركەوت كە كورد دڵسۆزی نیەو بۆشی پەیدا نابێت ( دەست مەكەن بە نەم ووت ؟ نەم ووت ) برادەریكی هاوڕێم شتێكی جوانی نوسیبو كە ووتبوی زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی ( نەم ووتەكەی ؟) ئەو سەر بگرێ حەز ئەكات ئاڵای ئەم میللەتە لە دورترین خاڵی سنوری كوردستان دانەوێ و بسوتێنرێ ، من ئەزانم كەرامەتی مرۆڤ لە ئاڵا گەرەترە ، بەڵام زۆر جار ئیهانە بە ئاڵا بە شێكە لە ئیهانە ی كەرامەتی مرۆڤ .ئەوەی وا بیر ئەكاتەوە كە سەر هەڵدانی شەڕی ناوخۆ جۆرێكە لە وەهم ئەوە بەڕای من خۆی لە وەهمدا ئەژی ، تەواوی شەڕەكان لە مێژوودا لە سەر بەرژەوەندی بوون ئێستاش كوردستان پڕ بوە لە بەرژەوەندی لە بەر ئەوە ووڵاتان گوێ بە خوێنی تۆ نادەن گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی ئەو پارێزراو بێت ، دەركەوت تەنها لە سەر گشت پرسیەك چ جۆرە گەلەكۆمەكێك لە سەرمانە ، لە هەر سێ لاوە كە بە ئیسلامیی تەنراوە .


كورد ئەڵێ پشتی خۆت خۆت باش ئەزانی بیخورێنی ، بۆیە سیاسیەكان ئازا بن بە دوای بەرژەوەندی خۆتانەوە مەبن ، بەستانە ، كەمێك بیر بكەنەوە ، وەرن پەیماننامەیەكی شەرەف لە بەردەم میللەتەكەتان مۆر بكەن كە نەچن بە لای شەڕی نەگریسی ناوخۆدا ، زۆر لێتان ئەترسین ، پێشینەتان هەیە .


ئەگەر ئەزانن ئەم هەنگاوەتان بۆ ناچێتە سەر وەرن لە گەڵ شەریكەكەتان لە عیراق رێك بكەون بە جۆرێك كە هەمووتان براوە بن نەك لایەك دۆڕاو ئەوی تر براوە ، ئەگەر رێك نەكەون وا پێ ئەچێت بتان دەن بە شەڕ ، ئێوەش بۆ ئەوەی شەڕ نەكەن وەرن ئەگەر قازانجی كەمیشتان دەست بكەوێ رێ بكەون لە سەر بنەمای شەریكێكی هەموو لا براوە