شكستی ریفراندۆم یان قەیرانی بیركردنەوەی ستراتیجی

  یەک شەممە, 29 تشرینی یەکەم 2017 13:23

زۆركەس ئەو رووداوانەی كە ئێستا لە كوردستان روو دەدەن دەگێڕێنەوە بۆ تاوانباركردنی ئەنجامدامی ریفراندۆم و وای لە قەڵەم دەدەن كە ئەگەر ئەو ریفراندۆمە ئەنجام نەدرایە ئەو دۆخە دروست نەدەبوو و بارودۆخی سیاسی كوردیش بەو جۆرە تووشی داڕمان و هەرەس نەدەبوو كە ئێستا تووشی هاتووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ریفراندۆم مافی سروشتی هەر گەلێكە وەك هۆكارێك بتوانێت پشتی پێ‌ ببەستێت بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، جا ئەوە هەر شێوازێكی حوكم ڕانی بێت لە بواری سیاسیدا. ئەگەر سەرنجێك لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی كورد بدەین، ئەمە یەكەم نسكۆ و شكست نیە كە تووشی كورد دەبێت، بەڵكو بە توێژینەوەیەكی مێژوویی ورد دەتوانین دەیان شكستی لەوجۆرە دیاری بكەین، كە هەمووی لەسەر خوێن و خەبات و نەهامەتی گەلی كورد دیاریكراوەو دەیان هەزار خوێنی بۆ رژاوەو سەدان هەزار ئاوارەی لێ‌ كەوتۆتەوەو ئەوە زیندانی و ئەشكەنجەدان و سێدارەش لەولاوە بوەستێت، خەباتی چەكداری و بێ‌ چەك هەمان ئەنجامی داوە بەدەستەوە، بەڵام لەوكاتەوە كە كورد رووی لە خەباتی چەكداری و عەقڵی شۆڕشگێڕی كردووە، نەهامەتی و سوتانی خاك و خوێن رشتنەكان زیاتر بوون.
لەم دۆخە نوێیەشدا كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە، دووبارەبوونەوەی هەمان كارەساتە بەڵام بە سوێتر و قوڵتر و پڕ لە نەهامەتی تر و مەترسیدار لەڕووی ئەو شوێنكارە خراپەی كە لە ناخی تاكی كورد و نەوە نوێیەكەیدا بەجێ‌ی دەهێڵێت، چونكە ئەم شكستە نوێیە، پاش 26 ساڵا لە تەمەنی حوكمڕانی كوردی دێت، كە هەموو سەرچاوەكانی هێز لە بواری ئابوری و سیاسی و مەعریفی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوە و خۆی ئیدارەی خۆی كردوە و دەیتوانی لە هەموو ئەو بوارانەدا ببێتە نموونەی بنیاتنانی حوكمڕانیەكی سەركەوتوو بە هەموو ئەو فاكتەرە باشانەی لەژێر دەستیدا بوو ،لە سەرچاوەی دارایی بەهێز وەك نەوت و گاز و گومرگ و داهاتە ناوخۆییەكان، فاكتەری دەرەكی بەهێز وەك پشتیوانی نێودەوڵەتی و هاوكاری بەردەوام بۆیان لەڕووی سەربازی و سیاسی و لەبارەی سێ‌ ساڵی رابردووشدا لە دوای شەڕی داعش پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان لەگەڵا سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمدا بەجۆرێك پەرەیان سەندبوو كە وەك سەرۆكی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵا مەسعود بارزانیدا دەكردو ئەمەش بوەهۆی ئەوەی كە كورد پێگەیەكی باش لەڕووی سیاسیەوە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنێت و زۆرتر كێشەی سیاسی كورد رەوایەتی پەیدا بكات بۆ پشتیوانیكردن، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە گرنگەكەیە ئەوەبوو كە ئایا بۆچی لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم كورد لەپڕ هەموو هاوكاری و پشتیوانی دۆستەكانی لەناوخۆو دەرەوەدا لەدەستدا و گەڕایەوە خاڵی سفر؟
قەیرانی سەرەكی لە هەرێمی كوردستاندا لە هەموو بوارەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی عەقڵی ستراتیجی و كارنەكردن لەسەر عەقڵ و بیركردنەوەی ستراتیجی و درێژەدانە بەو عەقڵیەتە تەقلیدیە لە سەركردایەتیدا كە لە نیوەی سەدەی رابردووەوە درێژ دەبێتەوە هەتا ئێستا، قەیرانی كورد لەم هەرێمەدا سەرەتا لە دوای راپەڕینەوە دەست پێدەكات كە هەمان سەركردە و هەمان عەقڵا لە رابەرایەتی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەكەی دەكرد ،بەهەمان شێوە هات و بوەوە بە رابەری حكومەت و كاری مەدەنی و دامەزراوە دیموكراتیەكان، هەر لەو كاتەوە كە دامەزراوەكانی حكومەت كەوتەوە ژێر دەستی ئەو عەقڵە تەقلیدیە، ئیتر لەناو حكومەت و پارتە سیاسیەكان شتێك نەهاتە ئاراوە كە پێی بوترێت پلان و بیركردنەوەی ستراتیجی و دیدوتێڕوانین بۆ ئایندە و دانانی پرۆژەی جۆراوجۆری گەشەپێدان، لە ئەنجامی ئەمەشدا حكومەتێكی گەندەڵا و شەڕی ناوخۆو وێران بوونی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە بەسەر دوو پارتی دەسەڵاتدار ئەنجامەكەی بوو ،لەپاش ئەوەش كە حكومەتی هەرێم بوە بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەِری دژی داعشدا، بەڵام بەبێ‌ مەرج و پلان بوو، سەرئەنجامیش زیاتر لە 12000 پێشمەرگە كوژراو بریندار بوون، بەڵام لەبەرئەوەی كە بێ‌ پلان چوبوە جەنگەكەوە، دواجار لە هەموو شوێنە رزگاركراوەكان كرایە دەرەوەو خرایەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیو ئەمریكاش ئەوەی بەكارێكی ئاسایی و دەستوری لە قەڵەم دا.
لەلایەكی ترەوە زاڵا بوونی خوێندنەوەی روكەش بەسەر عەقڵی سیاسی سەرۆكی هەرێم و دەوروبەرەكەی و نەبوونی خوێندنەوەی قوڵا بۆ ئەمریكا و دبلۆماسیەت و بەرژەوەندیەكان و لەهەمانكاتدا نەبوونی عەقڵی ستراتیجی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵا توركیا و ئێران و عێراق و وڵاتانی تری ناوچەكە، وایكرد كە هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی ریفراندۆم بنێن، كە لە دواییدا دەردەكەوێت بێجگە لە بڕیارێكی سیاسی مەسعود بارزانی كە دەیویست قەیران بە قەیران دابپۆشێت هیچی تر نەبوو، دواجار ئەو هەنگاوە بێ‌ پلانانە و لە ئەنجامی نەبوونی بیركردنەوەی ستراتیجی دا خۆی و گەلی كوردستانی خستە تونێلێكی تاریك و نادیارو دواجار گەلی كوردی هەمووی تووشی شەرمەزاری گەورە كرد.
لە ئێستاشدا ئەگەر گەلی كورد دەیەوێت بەرەو هەستانەوەو زیندوبوونەوە بڕوات و قۆناغێكی نوێ‌ لە زیندوكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و گەشەپێدانی هەمەلایەنە هەنگاو هەڵبگرێت، دەبێت لە ئەو سەركردە و رابەرە تەقلیدیانە رزگاریان بێت سەركردایەتیەكی نوێی خاوەن عەقڵی ستراتیجی سەركردایەتی بگرێتە دەست، كە خاوەنی دیدو بیركردنەوەی نیشتمانیانە بن و ئەو بازنە سیاسە بچوكانە بەجێبهێلن كە پارتە تەقلیدیەكان لە سەری دەڕۆیشتن ،كە ئەویش بە بازاڕكردنی سیاسەت بوو نەك خزمەتی نەتەوەو نیشتیمان.