هەرگیز!

  دوو شەممە, 30 تشرینی یەکەم 2017 08:12
دۆخی هەرێمی كوردستان لە دوای راپەڕینەوە تەنانەت لە كاتی شەڕی ناوخۆشدا هەرگیز هێندە خراپ و نا لەبار نەبووە،لەوانەیە بوترێ‌ ئاخر چۆن راستە ئێستا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆش خراپترە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا، لە رووی سیاسی و دارایی و دبلۆماسی و سەربازی و جوگرافی خاوەنی شتێكی ئەوتۆ نەبوین تا لە دەستی بدەین. بەڵام ئەمڕۆ پێش رووداوەكانی (كەركوك) خاوەنی هەموو ئەوانە بوین، بەڵام ئێستا بەدەستی بەتاڵ گەڕینەوە چوارگۆشەی یەكەم. لەم دۆخەدا تەنها دەنگی زاڵ بریتیە لە زمانی تەخوین و ئابڕوو بردنی یەكتر، بێ‌ رەچاوكردنی كەمترین مۆڕاڵ وئەخلاقی سیاسی لەناو زۆرینەی هێزە سیاسیەكاندا.
سوكایەتی بە كورد و كوردستان و ئاڵا و پیرۆزیەكانی كورد، لە لایەن حەشدی شیعی ئەوە لە لایەك،لە لایەكی ترەوە زمانی زبر و توند و تەخوین و هەموو جۆرە سوكایەتێك بەیەكتری بەتەواوی فەزای سیاسی قێزەون و ناخۆشكردوە و مانا و پیرۆزی بۆ هیچ شتێك نەماوەتەوە.
ئاشكرایە كورد شكستی خواردوە،بەڵام هەرگیز بەم حاڵ و وەزعەوە ناگەین بە هیچ، تا ئەوكاتەی ئامادەبین لە پێناو سڕینەوەی یەكتر دەستی تورك و عەجەم بگرین، هەرگیز بەتەمای بەیەكەوە ژیان و هاوكاری یەكتر مەبن. تا ئەوە حاڵمان بێت و كەللە رەقی و عینادی و بوغرایی لەپێش عەقڵ و مەنتیق و واقیعی بوەنەوە بێت هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن.
تا ئەوە رۆژەی نەگبەتی موزایەدەی سیاسی و شەڕی مەسڵەحەت و، ململانێی ناشەریف و رەچاو نەكردنی بچوكترین بەشی ئەخلاقی سیاسی لەم وڵاتەدا مابێت هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن.
ئا ئەو رۆژەی لەبری ناحەز و دوژمن جامی غەزەبی خۆمان بەسەر یەكترا بڕێژین هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن. تا ئەو رۆژەی خاك و خۆڵی ژێر پێی ئەوی تر بسوتێنن، بۆئەوی خۆمان وەك پاڵەوان دەركەوین هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن.
تا ئەو رۆژەی لەبری كورد بوون، كورت بوون هەڵبژێرین هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن، تا ئەو رۆژەی هەموو خەبات و جوڵەی سیاسیمان بۆ كوشتن و ئیبادەكردنی ئەو تربێ‌ هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن، تا ئەو رۆژەی دوژمن بە دۆست بزانین و هاونەتەوەكەمان بە دوژمن بزانین هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن.
ئا ئەو رۆژەی خەونی سیاسی و ئامانجی سیاسیمان لەنابردن و سڕینەوی ئەوی تربێ‌ هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن. ئاخر ئێستا تەنها چەند ساتێك سەیری راگەیاندنەكانی خۆمان بكەین، بەهەموو پێوەرێك لەگەرمەی شەڕی ناوخۆین.
ئینجا باسی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و شەڕی (نەوەوی) فەیسبوك هەرمەكە،چونكە لەوێ‌ چەكی تەقلیدی باوی نیە و،ئەسڵەن لە موشەكی (سكۆد) بچوكتر هەر عەیبە بیتەقێنی.
دەی باشە شەڕ و دوو بەرەكی چۆن دروست ئەبێ‌؟ خۆ دیارە سەرەتا لە رێگای راگەیاندنەكانەوە خەڵك پڕ ئەكرێ‌ و ئامادە ئەكرێ‌، ئینجا لەپڕ بارو دۆخەكە ئەتەقێتەوە. ئێستا سوكایەتی و بەجاشكردن و بە خائین كردن و بێ‌ حورمەتی كردن و هەرچی بیری لێ ئەكەیتەوە، وەك سەردەمی شەڕی ناوخۆ لە راگەیاندنەكانەوە ئەوترێ‌ بەیەكتری.
بۆیە هەرگیز بەتامای ئەوە نەبن خوا لە ئاسمانەوە كەسێك بنێرێ‌ و ئەم وەزعەمان بۆ چاكات.
ئیسَتا لەم هەرێمە شبرزەیە بانگەشە بۆ سێ‌ جۆرە بەرە و دەسەڵات و حكومەت ئەكرێ‌ ،حكومەتی پارتی و بەشێكی یەكێتی، حكومەتی گۆڕان و كۆمەڵ ،حكومەتی عێراقی عەرەبی!!! باشە هەرێمێك كە تەنها بەقەد یەك گەڕەكی شاری (شەنگەهای) وڵاتی چین ئەبێ‌، كە دانیشتوانەكەی 10 ملیۆن كەسە، ئاخۆ ئەم هەریمَە جێگای ئەم هەموو حكومەتەی تیا ئەبێتەوە؟ بەداخەوە لە دوای ئەم كارەساتەی بەسەرمانداهات توزقاڵێك عەقڵیەتی سیاسیمان نەگۆڕاوە، تۆزقاڵێك لەخەمی خەڵك و خاك نین، توزقاڵێك بەخۆماندا ناچینەوە،بەڵكو هەر قەوانە كۆنەكان دووبارە ئەكەینەوە بەڵام خۆشكراو بەتامی تەخوین بە بۆنی جنێو و بە شەرتی موزایەدە.
باشە ئەگەر رۆژگارێك حیزبە باڵادەستەكانی ئەمڕۆ كلتوری بارەگا سوتان و گرتن و كوشتنی ئەوانی تریان پەیرەوكرد، ئاخۆ زەمانەت چیە و كی ئەڵێ‌ ئەگەر بەیانی،هەنێ‌ بێ‌ دەسەڵاتی ئەمڕۆ بگەنە دەسەڵات لەوان چاكتر و باشتر ئەكەن؟ بۆیە بەداخەوە هەرگیز بەتەمای هیچ مەبن.
لەوانەیە كۆی ئەم بابەتە وەك رەشبینی لێك بدرێتەوە، بەڵام ئەمە رێك واقیعی كۆمەڵگا و وڵاتی ئێمەیە، بە خۆدزینەوە و ئیعتیراف نەكردن هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ‌،تەنها هیوایەك كە هەبێ‌ ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان واز لەم كلتورە ناشیرینەی خۆمان بێنین و لانی كەم وەك مرۆڤ مامەڵە لەگەل یەكتردا بكەین، تا ئەو رۆژەش خوا ئەزانێ‌ چەندمان مردوین و چەندیش زیندوو!!!
 
سۆران هەستیار

سۆران عبدالله، لە دایك بووی 1973.ئەندامی كارای  سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.ئەندامی یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەڵەتی.بەشداربووی چەندین خولی جۆراو جۆری بواری رۆژنامەوانی،وەرگێر و شاعیر و پەخشان نووس.شرۆڤەكاری سیاسی،موحەریری هەواڵ لە كەناڵی سپێدە لە ساڵانی پێشوو، نوسەری  بەردەوامی رۆژنامەی یەكگرتوو پێش وەستانی رۆژنامەكە.