قەیرانی كوردوستان فاكتەرەكانی شكست و ڕێگای هەستانەوە

  سێ شەممە, 31 تشرینی یەکەم 2017 11:50

 

ئاشكرایە پرۆسەی سیاسی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵو حەقیقیدایەو شكستی پرۆسەی سیاسی لایەنەكان هەرێمی دووچاری داگیركردن و كاولكاری كردوەتەوە بۆیە دڵنیام هەموومان لەئازارو حەسرەتێكی زۆردا كاتەكانمان بەسەردەبەین , بەڵام نابێت دەستەئەژنۆ تەسلیم بەنائومێدی ببین بەڵكو پێویستە پەنجەلەسەر برینەكان وخاڵەلاوازەكانی قۆناغی پێشو دابنێین بۆئەوەی سەرەتا (نەزیفی) نێوخۆیی ڕاگرین و دواترچارەسەریان بۆدیاری بكەین و هەوڵبدەین لە قۆناغەكانی داهاتودا بەشوێن ڕێگەچارەی گۆڕینی شكستەكان بۆ هەستانەوە و سەركەوتن بگەڕێین.

منیش لەسۆنگەی هەستكردنم بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی هەوڵدەدەم لەسنووری تواناكانمدا بەم بابەتە بەشداربم لە خەرمانی هەوڵی دڵسۆزان بەئاراستەی ئاشناكردن و هۆشیاركردنەوەی جەماوەری گەلەكەم لە خاڵە سەلبی و لاوازەكان بەئامانجی بنبڕكردن و دووبارەنەبوونەوەیان لەداهاتودا.

پێویستە لەسەرەتادا راِشكاوانە بەرلە پەنجەخستنەسەر هۆكارە زانستیەكانی شكستی كورد لەم قۆناغەدا دەمەوێت ئاماژە بەهۆكارێكی زاتی قوڵ و ئەزەلی نسكۆو قەیرانەكانی هەرێم بكەم بەكورتی كەبریتیەلە گرێیەكی نەفسی و دابەشبوونی كورد بەسەر دووبەرە وبنەمالەدا هەرقۆناغەو بە بەرگێكی جیاوازەوە ئیتر حیزبەكانیتریش لەو نێوەندەدا بێلایەن نەبوون بەجۆرێك لەجۆرەكان لەنێو یەكێك لەو دووبەرەیەدابوون . نەیارانی كورد لەو درزەوە نەك زیانیان بە سەرانی ئەودووبەرەیە گەیاندبێت بەڵكو گورزی كەمەرشكێنیان لە خواستی ڕەوا و خەونی لەمێژینەی گەلی كوردداوە.

دیارترین ئەو هۆكارە خودی و بابەتیانەی ڕێخۆشكەربوون بۆ ترازانی سیاسی و قوڵبوونەوەی قەیرانەكان و گەیاندنیان بەئاستی لەدەستدانی هەلی بەدیهاتنی خەونی سەدساڵ خەباتی نەتەوەكەمان دەتوانین بڵێین دووبەشە : سێكتەرە نێوخۆییەكان و هۆكارە دەرەكیەكان

ئەتوانین هۆكارە نێوخۆییەكان ووردبكەینەوە بۆدوو سێكتەر :
أ- ئەو هۆكارانەی پەیوەندیان خودی مرۆڤەوەهەیە (هۆكارە مرۆییەكان :
ب- هۆكارە كارگێڕی و دامودەزگاییەكان .
مرۆیی واتە كاریگەری هەڵوێست و هێز و هزر و جوڵەی مرۆڤەكان لە شوێن و پێگە هەستیارەكاندا و بڕی ڕەنگدانەوەیان لەسەر هاووڵاتیان ودەوروبەر, یان ئەتوانین بڵێین كۆمەڵە هەڵسوكەوت و بزاوتێكە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە كەسێك یان چەند كەسانێكەوە هەیە و خراپبەكارهێنانی دەبێتە هۆكاری كەڵكەبوونی كێشەو سەرهەڵدانی قەیران لە دەزگاو ڕێكخراو یان حیزب و دەوڵەت دا دیارترین هۆكارە بەشەریەكان ئەمانەن :

1-لێكنەگەشتن یان خراپ حاڵیبوون لە یەكتر لەئەنجامی بوونی بیرو ئایدیاو بەرژەوەندی جیاواز و بڕیاردانی سەرپێی لە پرسە هەستیارەكان دا ئەمەش زۆربەی كات سەرچاوەی قەیران بوە و بەردەوام وەك برین نەزیفی تواناكان و خولانەوەبوە لە بازنەیەكی داخراودا

2- ئیستیعابنەكردنی زانیاریەكان بە ووردەكاریەكانیانەوە ئەمەش دەبێتە هۆی دەركردنی بڕیاری هەڵەو كاڵوكرچ ئاشكرایە هەڵوێستی دروست و بڕیاری بەجئ پێویستی بە بانكێكی ووردی زانیاری و تێگەشتنی دروست لەزانیاریەكان و داڕشتنەوەی زانیاریەكان بەپێی هەلومەرج و كاتی گونجاو هەیە بەداخەوە بەهەڵە لێكدانەوەو تێكەڵكردنی تێڕوانینەكان بەهۆی بەحیزبیكردنی دەزگاهەستیارەكان وبەڕێوەبردنیان لەلایەن كەسانی لاواز لەڕووی زانستی و فكریەوە بوەبەهۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی ترسناكی بێمتمانەیی و لاوازی ئینتمای نیشتمانی و لەمپەربوە لەبەردەم هەر پرۆژەیەكدا و بڕیاری نادروستی لێكەوتوەتەوە وترازانەكانی زیادكردوە

3- هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی هەڵەو نادروست : زۆرترین قەیرانەكان لەم سێكتەرەوە سەرچاوەدەگرن بەتایبەت لە متمانەبەخۆبوونی نا واقعی و خۆخەڵەتاندن بە سەركەوتنی وەهمی ,ئەمانە سەرەڕای بەكەم سەیركردن و حسابنەكردن بۆ هێزی فشارو توانای بەرامبەر بەهەردوو لایەنە ناهاوسەنگەكەی هاوكێشەكە (نەتواناكانی هەرێم لەئاستی توانای نەیارەكاندادەبێت وەنە كارتی فشاری هەرێم هاوهێزە لەگەڵ نەیارەكاندا) هەربۆیە ئەم هەڵە لێكدانەوانە هەڵوێستێكی نادروستی بەرهەمهێنا و دۆخەكەی بەیەكجاری ئاڵۆزكرد , ئەگەر لایەنی سێیەم یان لایەنی بەرامبەر پلانێكی بەهێزی هەبێت دەبێتە ناكاوێك (المفاجئە) وەك لەم ڕۆژانەدابینیمان بەمەش هاوسەنگی تێكدەچێت و لایەنی یەكەم كە هێزە نیشتمانیەكانە لەبەر شڵەژان و شپرزەبوون و شكستخواردن ناچاردەبێت بەپاشەكشەو لەدەستدانی زۆربەی دەستكەوتەكان

4- دەستەمۆكردنی بڕیاربەدەستان : واتە دروستكردنی فشاری ماددی و نەفسی لەسەر بڕیاربەدەستە لاوازو چاوچنۆكەكان كەپێشتر بەناشایستەیی وتەزكیەی حیزبی پێگەوپلەكانیان بەدەستهێناوە بەسودوەرگرتن لە دیكۆمینتكردنی هەڵەشاراوەكان بەپلانی پێشوەختە و بەكارهێنانی وەك كارتی فشار بۆ ناچاركردنیان بەئەنجامدانی كاری هەڵەو دەركردنی بڕیاری هەڵەو نابەجئ ودەبێتە سەرچاوەی گەندەڵی و نادادی وهەڵچوون و لانیكەم لەدەستدانی سۆزی انتما لای كەس و لایەنە بەشخوراوو دڵسۆزەكان .ئەتوانم بڵێم قۆرخكاری پێگەهەستیارەكان لەلایەن چەندكەسێك لەنێو حیزبە دەستڕۆشتوەكاندا فاكتەرێكی بەهێزبوون لە خولقاندن و سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا ئەم كارەش بەپلان لەلایەن دەسەڵاتخواز وخاوەن لۆبیەكانەوە وەك چەكێكی كوشندە بەچەندین ڕێگەی جیواز ئەنجامدراوە بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی هێزە بچووكەكان و لاوازكردنی هەڵوێستەكانیان و قۆرخكردنی زیاتری پێگە و جومگە هەستیارەكان.

5- نائومێدی یان ڕەشبینی دڵسۆزان بەپرۆژەی چاكسازی و چارەسەر: نائومێدی ئاكارو هەستێكی ناوخۆییە بە بێهودەیی هەوڵو ماندوبونەكان و نەگەشتن بە چارەسەر و ...هتد ئەم هەستە داڕوخان و لەدەستدانی هێزی كاركردن و داهێنانكاری بەرهەمهێناوەو قۆناغەكانی سەرهەڵدانی بە بێزاری و ڕۆتینی كار دەستپێدەكات و دواتر هەنگاو بەرەو دابڕانی یەكجاری لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی شەخصی و تاكەكەسیدا هەڵدەگرێت ئەمەبویە هۆی خۆدزینەوەی خاوەن پلان و بیریارەكان لەپرۆسەی سیاسی و سەرهەلگرتنیان و بەجێهێشتنی بۆشاییەكی گەورە لە جومگەهەستیارەكاندا كە ئیفلیجی بیرو گەشەی وڵاتی لێكەوتەوە. بۆبنبڕكردنی دیاردەی نائومێدی و ڕەشبینی پێویستە كەشوهەوای لەبار بۆ هەموان سازبكرێت و گەندەڵی و قۆرخكاری بنبڕبكرێت و سەرپێچیكاران سزابدرێن و هەموو كارەكان بەسیستەم ڕێكبخرێنەوە و دۆخی كاركردن چاكتربكرێت و متمانەی تەواو بە پلان و بەرنامەكان لای هەموان دروستبكرێت و كارەكان بەپێی یاساو بە دادپەروەرانە دابەشبكرێنەوە سیستەمێكی دارایی و ئابووری شەفاف پەیڕەوبكرێت و دادپەروەری لە مووچەو داهاتدابكرێت .

6- هەڵەی بەشەری : ئاكاری نادروست و سلبی بەگشتی و بەتایبەت مامەڵەی نەشیاوی بەرپرسان و بڕیاربەدەستان كەلە نەزانین و ناشایستەییەوە سەرچاوەدەگرێت سەرچاوەبوون بۆكەڵەكەبوونی قەیران وەك (نەبوونی متمانە بەیەكتر نەبونی هاوكاری و پشتیوانی نەكردن ئەنانیەت و خۆپەسەندی نائومێدی ونەبوونی بڕوابە چاكسازی و بەشداری پێنەكردن لە دروستكردنی بڕیاردا بوونی ناكۆكی وپیلانداڕشتن دژبەیەكدی سووربوون لەسەر هەڵویست و ڕای تایبەت و داننەنان بە هەڵەدا...ئەمانەوزۆریتر ,فاكتەربوون بۆ هەڵوەشانی نێوماڵی كورد و لاوازبوونی گیانی بەرپرسیارێتی بەڵام بەبوونی پلانی هەمەلایەن و گشتگیرو تۆكمە بۆ ڕێكخستنی كارەكان بەپێی یاسایەكی دادپەروەرانەو سازدانی كەشی پڕخۆشەویستی و ئومێدبەخش و بنبڕكردنی نادادی و گەندەڵی ئەتوانرێت لەقۆناغەكانی داهاتودا ئەم ئاكارانە بنبڕبكرێن .
زامنكەری سەقامگیری ژینگەی سیاسی و گەشەی ئابووری و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی كۆمەڵایەتی بوونی سیستەمێكی سیاسی دیموكراتی تەندروست و بوونی دەزگایەكی چاودێری و بەدواداچونی سەردەمیانەیە بۆ هەموو داواكاری و پێشنیارەكان و ئەنجامدانی گۆرانكاری بەپێی دەستوور و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بەپێی لائیحەو دەستوری پەسەندكراو .
.....................................................................................................................................
ب: فاكتەرە ئیداری و كارگێڕیەكانی شكست:
لەهەرێمی كوردستان كەموكورتی زۆری ئیداری ودامودەزگاییمان هەیە بەداخەوە ئەگەر نەڵیم هەموو ئەوادڵنیام زۆربەیان لە ئەنجامی قۆرخكاری دەسەڵات و زاڵبوونی گیانی حیزبی و ناوچەیی و بەرژەوەندی خوازی حیزبی و شەخصیەوە سەرچاوەیانگرتوە لەوانە

1-لاوازی و كەموكورتی لەڕووی توانای بەشەری و تەرخانكردنی مادیەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتەكاندا بەهۆی محاصصەی حیزبی وبێمتمانەیی بەرامبەر یەكدی و بایخنەدان بە پلانی وبڕیاردانی سەرپێیی دوورلە پشتبەستن بە زانستەكانی ئیدارەو ڕامیاری و...هتد.

2-پشتگوێخستن و حسابنەكردن بۆ زەنگی هۆشیاری (سكاڵای هاووڵاتیان و بڵاوبوونەوەی ستەم ونادادی و سەرهەڵدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەتی نیشتمانی لەبەرژەوەندی حیزبی و شەخصیدا) ئەم دردو نەخۆشیانە ڕوی لەهەركۆمەڵگەودامودەزگایەك كرد دەبێتەهۆی بڵاوبونەوەی توندوتیژی و تۆڵەسەندن و ناكۆكۆكی كۆمەڵایەتی بەهۆی دروستبونی ململانێی چینایەتی كە لەدەرئەنجامی دزینی سەروەت و سامانی ووڵات كەمینەیەكی دەبن سەردەستە هەوڵی چەپاندن و بندەستكردنی زۆرینەی كۆمەڵگەی بێبەش دەدەن .

3-نازانستی بوون لە بەڕێوەبردن دا و دەركردنی بڕیاری هەڵەشەو سەرپێیی ئەم كارە نەك سەرەتابوو بۆ سەرهەڵدانی قەیران بەڵكو هەموو جوانیەكانی شێواندوەو یەكڕیزی نیشتمانی لەبەریەك هەڵوەشاندوەتەوە و هەموو هێزەكانی ترازاندوە وتواناكانی پەرتەوازەكرد.بەهۆی ئەو گەندەڵی و نایەكسانیەی لە دامەزراندن و دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای حیزبی و باڵباڵێن كەبەئاشكرا لەتەواوی جومگەسادەكانیشدا تائاستی پاككەرەوەو بلیتبڕو پاسەوانیش دابەزیوەتە نێو كۆمەڵگە ئەمەش سستی و گوێڕایەڵنەبوون و ن بێئیلتیزامی لە دامودەزگاكاندا بەرهەمهێناوە

زۆربەی كات ئەم جۆرە كەموكورتیانە لەئەنجامی بڕیاردان بوە بە لۆجیكی هێز و خۆسەپاندن نەك گەڕانەوە بۆ مەنیق و هێزی لۆجیك و عەقڵ كەلە بێپلانی و نەبوونی تێڕوانینی زانستیانە و ناڕوونی ستراتیج و لادان و پشتگوێخستنی زەنگەكانی هۆشیاركردنەوەوە سەرچاوەی گرتوە ئەمەش بوەبە هۆكار بۆ هەڵئاوسانی تاكڕەوی و ناكۆكی وململانێی ناتەندروست دژبە خواست و بەرژەوەندی گشتی هەنگاوبنێن و قەیران لەدوای قەیران بۆ پرۆسەی سیاسی و ئیداری وڵات بخولقێنن .

4- دانانی كەسانی نەشیاوو ناشایستە لە پێگە هەستیارەكاندا بە محاصصەی حیزبی ونزیكی بەرپرسان باڵ و لقی زۆری لەهەرێمدا دروستكردوە و كاریگەری لەسەر كارایی دەزگاكان كردوە ئەم هەنگاوە ئاماژەیەكی ترسناكی سەرهەڵدانی قەیران بوو وە سەرەتایەكبوو بۆ پاشكۆبوون و بێدەنگبوون لە ئاستی زۆر ڕاستیدا بۆدەستگرتن بە پێگەو مانەوە لە پۆست و وەزیفەدا كە لاوازی پەیوەندی نێوخۆیی ونەبوون یان كەمی جورئەتی بڕیار و بەشداریپێنەكردنی ئەندامان لە چارەسەری كێشەو پێشهاتەكانی بەرهەمهێناوە ,سەرجەم ئەم دیاردانە نیشانەن بۆ واڵابوونی دەرگای كێشەو قەیران بەڕووی هەمواندا.

دووهەم: كاریگەری فاكتەرە دەرەكیەكان:
كۆمەڵێك هۆكارو فاكتەری بەهێز و كاریگەری دەرەكی لەسەر قوڵبوونەوە و گەشەی قەیرانەكانی هەرێم بوونیان هەیە و پەیوەندیان بەهێزو توانا مرۆییەكانی هەرێم و شێوازی بەڕێوەبردنی دامودەزگا نێوخۆییەكانەوە نیە بەڵكو سەرچاوەیان دەرەوەی ویست و تواناو ئیرادە نێوخۆییەكانە وەك:

1-پڕوپاگەندەو پیلان و هێرشی ڕاگەیاندنی دەرەكی : زۆربەیكات دەبێتە هۆكاری نائارامی و لەدەستدانی متمانە لای جەماوەر و سەردەكێشێت بۆ پشێوی و دروستبوونی بێمتمانەیی و شڵەژان و لەدەستدانی هاوسەنگی بەتایبەت ئەگەر هێرشەكە بەهێز وپلانبۆداڕێژراوبێت و كار لەسەرجومگەو سێكتەری هەستیارەكانبكات و پشتبەستوبێت بەكۆمەڵێك داتا و زانیاری كەلەواقعی نێوخۆدا بوونیان هەبێت وەك ئەو پڕوپاگەندانەی لەم ماوەیەی پێشودا دەربارەی داخستنی مەرزەكان و گرانبوونی خواردن لەبازاڕەكانی كوردوستاندا بەهۆی دژایەتی (ڕیفراندۆمی 25/9وە لەلایەن هەندێك ڕاگەیاندنەكانەوە كاری لەسەر دەكراو ئەو هەڕەشانەی دەوڵەتانی دراوسێ دەربارەی داخستنی ئاسمان و مەرزەكان و هەندێكجار ئاماژەكردن بۆ هێزی سەربازی وەك بژاردەی كۆتایی پشێویەكی دروستكرد لەبەرئەوەی ئەو لۆب وفشار و پیلانانەی دراوسێكان لەدژی هەرێم حساب بۆكراونەبوون ئەوەتا ئاوی زوڵاڵیان لە گەروماندا كردوە بە زەهری مار و هەڕشەی لەدەستدانی تەواوی دەستكەوتەكانمان لێدەكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەو پوچەڵكردنەوەی هەر جۆرە هێرشێكی ڕاگەیاندن و میدیایی و هەر فشارێكی دەرەكی پێویست بە یەكڕیزی ولەسەرخۆیی و مامەڵەی ووردو جدی هەمو پێشهاتەكان دەكات و پێویستە ئاشتەواویی نیشتمانی ئەنجامبدرێت و شەفافیەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ڕابگەیەنرێت هەتا چارەسەری سەرجەم كێشەنێوخۆییەكان بە دیالۆگ و ئاشتیانە بكرێن بۆئەوەی نەیارە ئیقلیمی و دەرەكیەكان نەتوانن جارێكیتر درزو كەلێنە نێوخۆییەكان بقۆزرێنەوە و بەتەواوی مایەپووچنەبینەوە.

2-ڕوبەڕوبوونەوەی پێكدادانی بەرژەوەندیەكان:
هەرچەندە بوونی كانزاو سەرچاوەكانی ووزە و ستراتیجی جێۆپۆلەتیكی پێگەی جوگرافی بۆ هەر وڵاتێك بە خاڵی هێز هەژماردەكرێن بەڵام ئێمەی كورد نەك نەبوونەتە فاكنەری هێز و مایەی خۆشگوزەرانی بەڵكو كوردوستانیان كردوە بە گۆڕەپانێكی گەرمی ململانێ ئیقلیمی و نێودەڵەتیەكان و هەریەك لەهێزەكان هەوڵی بەدەستهێنانی زیاتر و شوێنپێ قایمكردنی زیاتردەدەن لەسەر حسابی كوردو كێشە ڕەواكەی

ئەمەش بەوهۆیەوەیە كورد لەنێوخۆدا پەرش و بڵاوە و سەرقاڵی بانگەشەی حیزبین بۆ زیادكردنی چەند دەنگێك تا فشاری زیاتر دروستبكات بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی زیاتر لەسەر حسابی كۆی پرسە نیشتمانیەكە ئەمەش ڕێگربوە لەبەردەم گەڵاڵەبوونی یەكگووتاری و یەكخستنی هێزەكان هەتا بتوانن یاریزانێكی كارامەی گۆڕپانی سیاسیبن ئەوەتا بەبەرچاوی هەموو دونیاوە میلەت و خاكمان بوەبەژێرپێ و بەبێ بەرامبەر دەستكەوتەنیشتمانیەكان وسەروەریەكانمان و ڕۆڵەكانمان دەبنە قوربانی جێبەجێكردنی ئەجیندای هێزە دەرەكیەكان . مەخابن ئەو هەموو ساڵەی شۆڕش و ئەو هەموو تاڵی وتفتیەی لە شەڕەكانی نێوخۆدا بەگەروماندا كرا نەبونە ئەزموون بۆ دوبارەنەبوونەوەی شكستەكان لەبری یەكخستنی هێزەكان و سڕینەوەی شوێنەوارە دزێوەكانی دووئیدارەیی و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی و نادادی هەندێك بەناو خەمخۆر و ڕۆشنبیر و نەوەی نوێ ی ئەم گەلە كارلەسەر دابەشبونێكیتر و شكست و هەرەسێكیتر دەكەن .