مێژوو بۆچی خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟

  چوار شەممە, 01 تشرینی دووەم 2017 14:00

 


ئەم دەستەواژە لە فەرهەنگی زۆربەی گەلاندا هەیە ، بۆچی مێژوو دوبارە ئەبێتەوە ؟ مێژوو بریتیە لە ئاوێنەیەك ڕابردوی گەلێكی تێدا ئەبینی ، ئەم ئاوێنەیە بە پێی ئەو تایبەتمەندیەی هەیەتی كاریگەری ئەبێت لە سەر وێنای ڕوداوەكان بە گەورە كردنی یان بچوك كردنەوەی یان شێواندنی وێنەكان ، یاخود وەك خۆی نیشان دانی وێنەكان .


زۆرێك لە گەلانی جیهان كاتێ ڕابردوی خۆیان دەخوێننەوە كەڵكیان لە ڕوداوەكانی وەرگرتوە بۆ دروست كردنی ئایندەی خۆیان ، بۆ یە ئەو جۆرە گەلانە هەمیشە مێژویان وەك كانگایەكی بەنرخ سەیر كردوە و قۆناغ بە قۆناغ خزمەتی كردوون ، و لەم نێوەندەشدا ئەبینی خوێندنی مێژوو ئەكادیمیاكانی پلەو پایەیەكی بە نرخی هەیە لایان و بە بەردەوامی كەڵە پیاوی مێژووناسیان تێدا هەڵئەكەوێت و هیچ ئایندەیەكیان بە بێ ئامادە بونی مێژوو و ڕابردویان دروست ناكەن و كاتێ خوێنەر مێژووی ئەو جۆرە گەلانە دەخوێنێتەوە و بەراوردی ئەكات بە ئێستای ئەو گەلە ئەبینێ ڕێگایەكی دوورو درێژ لە پێش كەوتن بەدی دەكات .


مێژووی گەلان نیە خوێن و ماڵ وێرانی تێدا نەبێت ، نسكۆو هەڵدێرو نوشوستی تێدا نەبێت ، بەڵام كە هەستاوەتەوە سەر پێ جارێكی تر هەڵەی پێشوی دوبارە نەكردوەتەوە .
بەڵام ئەو پرسیارەی كە هەمیشە لە زیهن و بیر و هۆشی مندا دێت و دەچێت ئەوەیە كە كاتێ مێژوی سیاسی كورد لە سەردەمانێكی پێشوو ئەخوێنیتەوە و بەراوردی ئەكەی بە ڕوداوەكانی ئێستای گەلی كورد تەنها جیاوازی ئەوەیە كە ئەوەی پێشوو بە ڕەش و سپی ئەبینی و ئەوەی ئێستا بە ڕەنگا و ڕەنگ ئەبینی و كارەكتەرەكان بە حوكمی ژیان ناوەكانیان گۆڕاون ئەگینا لەوانەیە لە یەك سولالە و بنەماڵەش بن .


پێكدادانی مێژووی ئەمارەتەكان باشترین نمونەن بۆ ئەم كورتە باسەی ئێمە بەندەش لە هۆنراوەیەكی دورو درێژدا لە پارچەیەكیدا وتومە :


دۆڵێ نیە وانەیەكی خیانەتی تیا نەبێ

شارێ نیە خەنجەری تیا نەوەشابێ

ئێمە تاكەی لە مێژوودا بخولێینەوە ؟
لە چوار یەكی كوردستاندا

چەند ئیمارەت بكەینەوە ؟
وانەكانی دوبەرەكی و خۆ فرۆشی

لە بەرگی پۆست و مۆدێرنە

بۆً نەوەی نوێ و بە نەوەی نوێ

بڵێینەوە 


پرسیارەكە ئەمەیە بۆچی ئەم قسە باوە بە سەر گەلی كوردا دوبارە ئەبێتەوە ؟ بۆچی هەمیشە لە مێژودا ئەژین ؟ بۆچی وانەی مێژوو بەشی مێژوو لە زانكوكانیشدا ئەرزشیكی نیە ؟ بۆچی هەمیشە گرفتمان لە سەركردەكانماندا هەیە ؟ بۆچی سەركردە كانمان وەك بەرزی بانان بۆی دەر ئەچن ؟ئایا ئەم بابەتە پەیوەستە بە هۆكارە دەرەكەیەكان ؟ یان هۆكاری خودین ؟ ناكرێ ئەم قۆناغە تێ پەڕێنین ؟ تاكەی بازنە داخراوەكەی مێژوو تێ ناپەڕێنین ؟ ئەم بۆچیانەو دەیان بۆچی تر لە ڕێگان چاوەڕێی وەڵامن ؟


بریا دەزگایەكی رۆشنبیری یان زانكۆیەك لێكۆڵینەوەیەكی ئەگرتە ئەستۆ و بۆ دیاری كردنی هۆكارەكانی دوبارە بونەوەی مێژوو لە ناو گەلی كوردا و پاشان ئاماژە بە پێداویستی دەرچون لەم بازنە جەهەنمیە چ لە ڕووی ئابوری یان كۆمەڵایەتی یان سیاسی و هەروەها فەرهەنگیشەوە پێویستە ئەم دیاردەیە بە قوڵی لێكۆلینەوەی لە سەر بكرێت تا یارمەتی نەوەكانی داهاتو بدەین ئەوانیش وەك ئێمە نەناڵێنن بە دەست مێژویەك كە ئێمە بۆیان دروست ئەكەین و ئەوان بتوانن بازنە داخراوەكە بكەنەوە و راستە ژیانێكی لێ دروست بكەن و هەمیشە بۆ پێشەوە بچن نەك بە دوای خۆیان و بە دەوری خۆیاندا بخولێنەوە .