زانکۆ لاین و ناعەدالەتی گەورە

یـەکێک لە کارە هەرە خراپەکانی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێم، وێرانکردنی کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو لاوازکردنی زانستە، لەڕێگەی پلانە سەقەتەکانی و ڕێوشوێنە بێ سەرو بەرەکانیەوە،کە ساڵانە سیستمی نوێ و ڕێنمایی نوێ دێنێتە ئاراوەو ڕۆژبەڕۆژیش ڕەوشەکە خراپتر ئەبێ.

سەیری سیستمی وەرگرتنی قوتابیان و زانکۆ لاین بکەن ،چۆن هەرساڵەو بەزمێکە ،چۆن ساڵێک دەبێتە خێر بۆ هەندێک و بەنمرەی کەمەوە بەش وکۆلیژی بەرز بەدەس دەهێنن و ساڵێکیش بۆ هەندێ دەبێتە شەڕو خراپەو بەنمرەی بەرزیشەوە ،خواستی خۆیان بەدی نایەت؟ حکومەتی بازرگانی هەرێم بەهەنگاوەکانی ڕۆژبەڕۆژ خوێندنی گشتی ـ حکومی لاوازو بچوکدەکاتەوەو هانی خوێندنی ئەهلی و پارالێل دەدات ،لەم ڕەوشە ئابوریە وێرانەدا ،هەزاران قوتابی بێبەش دەکرێن لەخوێندنی گشتی و دەرگای زانکۆ ئەهلیە بازرگانیەکانیان بەڕوداکراوەیە ، هەروەها خوێندن بەپارە لەزانکۆ حکومیەکاندا ـ پارالێل ـ ئەمساڵ سێ نمرەیان بە دەرچوانی خولی یەکەمی پۆلی 12 نەدا ،کە ئیمتیازو هاندەرێکی باش بوو بۆ قوتابیە زیرەکەکان ، لەهەمانکاتدا ژمارەی کورسییان بۆئەوان کەمکردەوەو دایان بەپارالێل، بەجۆرێک کە لەهەمان بەش و کۆلیژ قوتابییەکی زیرەک بە 97 نمرەی خولی یەکەمەوە،لەگەڵ یەکێکی تر بە89 نمرە ی خولی دوەمەوە لەسەر یەک کورسی دەخوێنن! کابرا پارەی داوەو نمرەی کڕیوە.

بێگومان بۆ زانکۆ ئەهلیەکان هەر مەپرسە ،کە بە جیاوازی 20 نمرەو بگرە زیاتریش قوتابی لەو بەشە زانستیە بەرزانە وەردەگرن، بەهەمان بڕوانامەو پسپۆڕیی تەخەڕوج دەکەن.. ناعەدالەتیەکانی ئەم دەسەڵاتە ئەوەنده زۆرو گەورەیە لەژمار نایە،بەڵام هیچیان بەئەندازەی ئەو ستەمەی لەکەرتی پەروەردەو خوێندن دەکرێ ، ترسناک و قورس و کەمەرشکێن نیە. ئەمەمشتێک بوو لەخەروارێک .