پێویستە سەرجەم ناكۆكیەكان بەلاوە بنرێن

 


دارا سێكانیانی


ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی بە قۆناغێكی نە خوازراودا گوزەر ئەكات، جارێكیتریش ململانێی زلهێزان و بەرژەوەندیەكانیان وكێشە ئاڵۆزەكانی ناوچەكە سەریان هەڵدایەوە.
نەخشەو پلان و پیلانی دراوسێكانمان بەرانبەر بەگەلی كوردو دۆزەكەی لە قۆناغێكی هەستیاردایە وەك چۆن لە ڕابردوودا بەهەموو شێوەیەك و ئەوەی لەدەستیان هاتبێت درێغیان نەكردوە لە دژایەكی كوردو كوردستان، تەنانەت زۆر جار نەك مافی كورد بوون بەڵكو مافی ژیانیشیان پێ ڕەوانەبینیوین .


ئەوەی كە لەئێستا دا هەستی پێ ئەكرێت نەك هەر ووڵاتانی دراوسێ بەڵكو ووڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتداری جیهان، وە لەسەرووی هەموشیانەوە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمرێكا نەك هەر پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كورد نەبوون بەڵكو بێلایەنیش نەبوون، بە ئاشكرا بێدەنگ بوون لە هێرش و پەلامارەكانی سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان وە بەردەوام ئەیان ووت ئێمە لەگەڵ یەكپارچەی خاكی عێراقداین بەجۆرێكی تر واتە دژایەتی كوردستان و لەباربردنی ئەزموون و دەسكەوتەكانی ئەكەین.


ئەوە جگە لەوەی كە دراوسێ و نەیارەكانمانن كەهەمیشە مافی بوون و ئازادی و ژیانیان پێ ڕەوا نەبینیوین، بەڵام ناكرێت ئەوەش نادیدە بگرین كە كوردیش لەناو خۆی خۆیدا بەدرێژای مێژوو گرفتی دروستكردوە بۆ دەسكەوتەكان و پشكی هەبوە لەباربردنی ئەزموونو دەستكەوتەكان .


ئەوەی كەئێستا پێویستە لەسەر هەموان چ وەك تا وەچ وەك لایەن و چ وەك ڕێكخراو دەستەو تاقمەكان ئەوەیە كە دەست بكرێت بە هەڵمەتی ئاشتەوای ناو خۆیی و وەلانانی تەواوی ناكۆكیەكان و جیاوازیەكان و ئاڕاستەكردنی تەواوی وزەو تواناكان و ئاڕاستەكردنیان بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخەنەخوازراوە، وەیان ئەگەر نەشتواندرئەم شكستە چارەسەربكرێت بەڵام ڕێگا لە قەیرانی ترو دروست بوونی كێشەی ترو بگیرێت، چونكە ئەگەر بەدڵنیاییەوە بەم پەرتەوازەییە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببینەوە نەیارەكانمان تەواوی مەرجەكانیان بەسەر كوردا ئەسەپینن بۆئەوەی كورد بگێڕنەوە بۆ ڕۆژەتاریكەكانی.
كارەساتەكە لەوەدایە لەبری ئەوەوی هەموولایەنەكان بەگیانی بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارەدا بكەن، كەوتەنەتە تۆمەت بەخشینەوەو هەریەكە ئەوەی تر تۆمەتبارئەكات و كەوتونەتە هەڵدانەوەی لاپەرەكانی خیانەتی یەكتری، ئەمەش باشترین هۆكارە بۆ مامەڵەكردنی بەغدا بەجیا لەگەڵ لایەنەكوردوستانیەكان و، وەڵام نەدانەوەی داواكاریە دەستوری و ڕەواكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و سەپاندنی سزابەسەر هەرێم و داخستنی فرۆكەخانەكان و نەناردنی شایستە داراییەكان بۆ هاووڵاتیان و موچە خۆرانی هەرێم.


ڕۆژ بەڕۆژ ئاسۆی خۆری كوردان لە ئاوابوندایە كێشەكان ئاڵۆز ئەبن نەك هەر كوردستان بەڵكو ناوچەكەشیان تێپەڕاندوەو چوونەتە بازنەی نێو دەوڵەتیەوە خەریكە یەكپارچە ناوچەكە ئەبێت بەمەیدانی یەكلای كردنەوەی ململانێ نیو دەولەتیەكان ئەگەر سەیر بكەین هەموو ووڵاتان بون بەمەیدانی شەڕو ئاژاوە بۆنمونە سوریا عێراق توركیا یەمەن لیبیا وە خەریكە له لو‌بنان و ئێران و سعودیه كە دواجار ئەم شەڕە چاوەڕوانكراوەی كە چاودێرانی سیاسی باسی ئەكەن دوورنیە ناوچەكە یەكپارچە ببێت بەشەڕو ئاگرو وەدواجار زلهێزان بیانەوێت نەخشەیەكی نوێ بۆ ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژن بۆ ئەوەی بۆسەدەیەكی تریش هەژموونی خۆیان بەسەر ناو چەكەدا بسەپینن، وە خێرو بێری ئەو ووڵاتانه ‌بەرن و، وە شەڕو چه كی خۆیان لێرە ساغ كەنەوە، ئەوكات ئەوەی زیاندمەندی یەكەم ئەبێت دوورنیە كوردوكوردستان بێت چۆن لەڕابردوودا لەكاتی پەیمانامەی سایكس بیكۆدا هەروابوو چونكە كورد كیانی نیەو ئەو كاتیش بۆ یان دروست نەكرد ئەوەبو براوەكانی شەڕی دووەمی جیهانی لەنێوان ئەو ووڵاتانەی كەئەیان ویست دابەشیانكرد وەتائێستاش ئێمە باجی ئە و ڕێكەوتنە ئەدەین.


نووسرا لەبەرواری 15/ 11/ 2017 لە سلێمانی