چی بكەین؟

  شەممە, 18 تشرینی دووەم 2017 13:09

 

وەكو دەبینین ئابوری كوردستان لە دوای 2014 تاوەكو ئێستا بە دۆخێكی خراپ و ناخۆش و پڕ لە گرفت و هەوراز و ئاریشە تێدەپەرێت، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش ئاستەنگ و كێشەكانی ئاوبوریمان زیاتر بوونە،

ئەوەی ئێستا پرسیارێكە زۆر خۆی دووبارە دەكاتەوە ئەوەیە پێویستە چی بكەین؟.

بێگومان كێشەی زۆر سەرەكی ئابوری كوردستان ئەوەیە پشت بە یەك سەرچاوە دەبەستێت ئەویش سەرچاوەی داهاتی نەوتە، چونكە مووچەی مووچەخۆران و پارەی پڕۆژەكان چاوی لە دەستی داهاتی نەوتە و نەوتیش ئەوە دۆخەكەی بووە بەردەوام نرخەكەی بە ناجێگیری ماوەتەوە هەروەكو رووداوەكانی كوردستان و عێراقیش وای كردووە كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دروست بكات، بێگومان ئەوانەش وای كردووە گیرفانی خەڵك ساردبێت و بازاڕ و پڕۆژەكانیش كز و ساردبن.

كاتێك نابەرامبەری هەیە لە داهاتی نەوت و خەرجیەكان و مووچەی مووچەخۆران بێگومان تووشی كێشەی گەورەمان دەكاتەوە وەكو پێشووتر و ئێستاش دەیبینین، حكوومەت ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆری هەیە و وێرای بڕیاری پاشەكەوتی مووچەش كە بارێكی قورسی بۆ فەرمانبەران دروست كردووە و ئیلتیزامێكی دارایی گەورەشی بۆ حكوومەت دروست كردووە چونكە ئێستا حكوومەت 8 ملیار دۆلاری پاشەوتی مووچە قەرزارە و ناشتوانێت مووچە بە باشی بدات.

كاتێك كەرتی تایبەتێكی لاواز و چاو لە دەستی حكوومەتمان هەیە بێگومان دووچاری ئەو كێشانە دەبینەوە، كاتێك حكوومەت گیرفانی گەرمە ئەوە گیرفانی كەرتی تایبەتیش گەرمە، بەڵام كاتێك گیرفانی حكوومەت بە تاڵ دەبێت گیرفانی كەرتی تایبەتیش بە تاڵ دەبێت، بێگومان ئەو هاوكێشەیەش وای كردووە ئابووری كوردستان زیانی زۆری بەربكەوێت چونكە كەرتی تایبەت نەیتوانیووە ئەو رۆڵە گەورە بگێرێت كە حكوومەت نەیتوانیووە بیگێڕێت.

بۆ ئەوەش پێویستە حكوومەت سەرچاوەكانی داهاتی فراوانتر بكات و كەرتی تایبەتیش لە ژێر سێبەری حكوومەت بێتە دەرەوە. دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا پەرلەمانی كوردستان هەندێك یاسای تایبەت دەربكات بۆ ئەوەی كێشەی فەرمانبەران و گواستنەویان بۆ كەرتی تایبەت چارەسەر بكات، هاوكات دەبێت بەپێی یاسا پشتیوانی زیاتر بۆ كەرتی تایبەت و كارگەكان وپڕۆژە خۆماڵیەكان دەستەبەر بكرێت، هاوكات دەبێت تیمێكی تایبەتیش هەبێت لەگەڵ پەرلەمانی عێراقی ئەو كێشە ئابوریانەی كوردستان چارەسەر بكات كە حكوومەتی ناوەندی زۆرجار لە دژی كوردستان بە بیانووی سیاسی بەكاری هێناون.

لایەنێكی گرنگی چارەسەری ئەوەیە رۆڵی زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوەی ئابوری گۆڕانكاریان تێدا بكرێت و چیدی شتەكان لەچوارچێوەی نوسین نەمێنەوە و تۆزیان لەسەر نەنیشێت بەڵكو بێنە بواری كرداری، هەروەكو دەبێت ناوەندەكانی چاكسازی لە حكوومەت و دامەزراوە سەربەخۆكان بە جدی بیر لە داهاتووی ئابوری كوردستان بكەنەوە، بە جۆرێك یەكسانی لە هەلی كار هەبێت و دەرگای جۆراوجۆر بكرێتەوە لە پێناوی گەڕاندنەوەی سامانە فەوتاوەكان یان دەستبەرگیراوەكان بۆ ئەوەی لە بڕی قازانج بۆ چەند كەسێك قازانجەكانەكان دابەشی سەر هەموولایەك بكرێنەوە، ئەویش لە پێناوی داهاتوویەكی باشتر بۆ كوردستان و نەوەكانی ئێستا و ئایندە.

 

شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی ساڵی 1983 لە گوندی سماقوڵی گرتك كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی لە هەولێر لە دایكبووە. لە هەولێر دادەنیشێت و خەریكی كاری رۆژنامەوانیە و زۆربەی وتار و بابەتەكانی ئابورین.

لە ساڵی 2004 یەكەم بابەتی لە رۆژتامەكانی كوردستان بڵاو كردۆتەوە و ئێستاش گۆشەی تایبەت و وتار و ڕاپۆرتی لە رۆژنامەو سایتەكاندا هەیە .