با تورکەکان لەبیر نەکەین

  یەک شەممە, 19 تشرینی دووەم 2017 05:52

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زەمین لەرزەیەکی چاوەروان نەکراو ماڵ و گیان و دڵی گشت کوردستان و کوردستانیانی ھەژاند .زەمین لەرزین ڕوداوێکی سروشتی نامۆیە بە ناوچەکەمان ، ھەر لەبەر ئەمەشە نەبوونی ئامادە باشی و کەرەستەی گونجاو بۆ بەرەنگار بوونەوەی زەمین لەرزین گەرچی زۆر ئاساییش نەبێت زۆر چاوەروان کراو نیە .
وڵاتی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و وڵاتی عێڕاق بە گشتی لە بواری فریاگوزاری سەرەتایی و ئامادەباشی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڕووداوە سروشتیەکان بەرەو پێش چوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش بۆ ڕوودانی زنجیرە زەمین لەرزەیەکی ترسناک دەگەرێتەوە کە لەو وڵاتە ڕوویاندا و بووە ھۆی خەسارەتمەندیەکی زۆری گیانی و ماددی کە نزیکترینیان زەمین لەرزەکەی ساڵی ٢٠١١ شاری وان بوو.
دوا بە دوای ئەم ڕووداوانە وڵاتی تورکیا ھەڵمەتێکی جددی بۆ پێگەیاندن و دروستکردنی چەند ڕێخراوێکی حوکومی و نا حوکومی دەستپێکرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە سروشتیەکان کە لە دیارترینی ئەو ڕێکخراوانەش ئی ھا ھا ، ئافاد و مانگی سوری تورکین . لەگەل ھەموو ئەمانەشدا وڵاتی تورکیا تیارترین وڵانی ناوچەکەیە لە بە ھاناوە چوونی وڵاتانی دووچارەوەبوو بە ڕووداوی سروشتی.
ئەگەر چی لە چەند مانگی ڕابردوو نێوانی وڵاتی تورکیا و ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حوکومەتی ھەرێمەوە بۆ جیابونەوە لە وڵاتی عێڕاق بە ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی سیاسی و بە کشتیش لە ڕووی پەیوەندیە مرۆییەکانەوە گرژی و ئاڵۆزیەکی زۆری بە خۆیەوە بینی بەڵام سەرەڕای ھەموو ناکۆکیەکان یەکەم دەستی ھاوکاری کە گەیشتە ھانا و ھاواری لێقەوماوانی زەمین لەرزینەکەی کوردستان ڕێکخراوە حوکومی و نا حوکومیەکانی وڵاتی تورکیا بوون. وە ھەر لە سەرەتای ڕوودانی ڕووداوەکەوە سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە ئامادەیی خۆیی بۆ ھەموو جۆرە ھاوکاریرک دەربڕی
. لە دەر ئەنجامدا ڕۆژێک پاش زەمین لەرزینەکەی ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکی سەرەخۆشیدا سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆگان ڕایگەیاند کە لە شەوی ڕودانی زەمین لەرزینەکەوە زیاتر لە ٥٠ کۆنتەینەر کە بریتیبوون لە ١٠ ھەزار چادر و ١٠ ھەزار بەتانی ٣ ھەزار ئامیری گەرم کەرەوە گەیشتونەتە لەوچەکە.
ئەمە جگە لەوەی ئێمە وەک قوتابیانی کورد لە وڵاتی تورکیا دەیان نامە و تەلەفۆنی ھاوخەمی و سەرەخۆشیمان بۆ ھاتووە وە زیاتر لە مانەش زۆرێک لە ڕێکخراو و گروپ و زانکۆکانی ئەم وڵاتە ھەستان بە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیان لێکەوتوان و گەیاندنیان لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە .
ھەر بۆیەش چەندە بڕیار و ھەڵوێستە سیاسیەکان گرژ و دژ بە یەک بن ھەستی برایەتی و دڵسۆزی و ھاوخەمی ئەم دوو میللەتە گەورەتر و بەھێزترە لە ھەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیان . دوعا و خەمخۆری و دڵتەنگی کوردانی ھەرێمی کوردستان لە مەڕ کودەتا قێزەونەکەی ١٥ تەممووزی ئەو وڵاتە نمونەیەکی جوانی دیکەیە لە مێژووی برایەتیماندا.