له‌ 19ئاب بۆ 16 ئۆكتۆبه‌ر ، ڕۆژوو به‌روارێكی تر به‌ڕێوه‌یه‌ !؟

  یەک شەممە, 19 تشرینی دووەم 2017 14:42

 

.. خه‌بات وتێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ماف وداخوازیه‌كی ڕه‌وایه‌و قابیلی قبوڵه‌و گه‌یشتنه‌ به‌و ڕۆژه‌ی كه‌میلله‌تی كورد هاوشێوه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ به‌ده‌وڵه‌ت وسنوورو ئاڵای خۆیه‌وه‌ شاد بێ ! وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ به‌درێژایی مێژووی شۆڕشه‌كانی ئه‌م گه‌له سته‌مدیده‌یه‌‌ جگه‌ له‌هۆكارو ململانێكانی ناوخۆ ، قه‌ده‌رو هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای كوردستانیش ‌به‌سه‌ر چوار حكومه‌ت وچوار سنووری ده‌ستكردی سته‌م و داپڵۆسێنه‌ردا دابه‌ش و كه‌رت وپه‌رتبووه‌ ! هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاتن و قۆستنه‌وه‌ی ده‌یان ده‌رفه‌ت وچانسی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌نگاونان به‌ره‌و جێابوونه‌وه‌و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ، دواجار به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزان و مامه‌ڵه‌ی دووفاقی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پرسی سه‌ربه‌خۆیی وخه‌ونی له‌مێژنه‌ی بوون به‌ده‌وڵه‌تی كوردی كراوه‌ته‌ قوربانی و هێنده‌ی تر خزمه‌ت بووه‌ به‌ عه‌قڵێتی شۆڤێنی و درێژه‌دان به‌سیاسه‌تی دوژمنانه‌ی داگیركه‌ران !

به‌داخه‌وه‌ سه‌رباری ڕووبارێكـ له‌خوێن ومێژوویه‌كی دوورو درێژ له‌قوربانیدان وفرمێسكـ وئاواره‌یی و سیاسه‌ته‌كانی به‌عه‌ره‌بكردن وقه‌ده‌غه‌كردنی زمانی دایكـ و ڕه‌ددكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ نه‌بردی و ئازایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌گژاچوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕی داعش و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانی دووساڵی ڕابووردوو ، له‌بری فشارخستنه‌ سه‌ر وه‌ڵاتانی ئیقلیمی بۆ داننان به‌ماف وداخوازیه‌ نیشتمانی ونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد ، هه‌میشه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌كـ كارتێكی فشار وبیانوویه‌كی دۆڕاوی دوور له‌هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیی و جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یی وئاینیه‌كان سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌و به‌ئاشكرا له‌پشته‌وه‌ خنجه‌ری ژه‌هراویان لێداوه‌ !

ویستم بڵێم ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كانی 16ی تۆكتۆبه‌ر ده‌ره‌نجامی كاردانه‌وه‌ی ملنه‌دانی سه‌ركردایه‌تی كورد بوو بۆ داواو پێشنیاری ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵكای نێوده‌وڵه‌تی ! كه‌واته‌ ئه‌وه‌ش ڕاستبوو له‌به‌رانبه‌ر داخستنی په‌رله‌مان وده‌ركردنی وه‌زیره‌كانی گۆڕان له‌حكومه‌ت و له‌وێشه‌وه‌ بۆ په‌كخستنی گه‌وره‌ترین ده‌زگای شه‌رعی ، ملنه‌دانی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بوو بۆ ئه‌وكاتی بڕیارو ڕاسپارده‌كانی ئه‌مریكا وكۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ئه‌نجام نه‌دانی كۆبوونه‌وه‌ی 19ی ئابی په‌رله‌مان بوو ! چونكه له‌گه‌ڵ بوونی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا و ده‌یان كونسوڵخانه‌و نوێنه‌رایه‌تی وه‌ڵاتانی دیكه‌ی جیهان به‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه‌ له‌هه‌ولێری پایته‌خت ، هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی ناڕه‌زایه‌تی و داواو بڕیارێكی هاوشێوه‌ی 16 ئۆكتۆبه‌ر نه‌بینرا له‌لایان ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ وه‌كـ كاردانه‌وه‌ په‌نای بۆ به‌رن ! یاخود به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نگیان لێ به‌رز ببێته‌وه‌و بپرسن بۆچی كوده‌تا به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا ده‌كرێت یاخود بۆچی ڕێگری ده‌كرێت له‌دووه‌م هێزی كوردستانی كه‌ به‌ماف و شایسته‌ ئیداری و په‌رله‌مانیه‌كه‌یدا به‌ئازادی موماره‌سه‌ سیاسه‌ت بكات !؟

پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئاخۆ كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێستێكی تری نه‌رێنی نایه‌ته‌پێش كه‌ جارێكی تر ئه‌مریكا وكۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ سێ داواو ڕاسپارده‌ی دیكه‌دا پاش ڕووداوه‌كانی 16 مانگـ به‌فه‌رمی داواده‌كه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان به‌به‌ره‌ی به‌ڵێ و نه‌خێریه‌وه‌ هاوكارو پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی ( نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی) بن ؟ ئه‌مه‌ش له‌ پێناو سه‌رله‌نوێ هه‌ستانه‌وه‌ی حكومه‌ت و ڕێكه‌وتن له‌گه‌ل ناوه‌ندا له‌چوار چێوه‌ی ده‌ستوور وعێراقێكی یه‌كپارچه‌ی یه‌كگرتوو ، دواتریش گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ردوولا بۆ ڕێڕه‌وی ئاسایی خۆیان و كۆتایی هێنان به‌ گرژیه‌كان و له‌شكركێشی سوپای عێراق و پێشڕه‌وی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ، چونكه دواجار‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ و ڕووده‌دات گه‌مه‌ی نێوان گه‌وره‌كانه‌و بۆ سیاسه‌ت و ویستیان خۆیان هه‌رجاره‌و لایه‌كـ به‌زه‌ویدا ئه‌ده‌ن ، هه‌روه‌كـ ئه‌و ‌گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌حزب وحكومه‌تی هه‌رێم گه‌وره‌ترو به‌ده‌ره‌ ، هه‌تا حزبۆڵكه‌و تازه‌ پێگه‌یشتووانی بواری سیاسه‌ت موزایه‌ده‌و یاری مناڵانه‌و ماڵه‌باجینه‌ی پێوه‌ بكه‌ن !!