کە باران دەبارێ، لەبیرمان بێت خەم نەبارێ!

بەگشتى باران ڕەمزى ڕەحمەت و سومبولى بەزەیى و میهرەبانى خوا و ئاشتبوونەوەى زەوى و ئاسمانە، کە دەخوازین ببێتە مایەى ئاشتبوونەوەى بەندەکان لەگەڵ خواى باراندا.

بەڵام زۆر جار پێویستە کە (باران) یان بەفر و تەرزە دەبارێ، لەبیرمان بێت کە خەم نەبارێ، خەفەت یەخەمان نەگرێ، حەسرەتى بێ پەنایان گڕمان لێ بەرنەدات و دڵمان نەسوتێنێ...

لەبیرمان بێت ڕەنگە لەو کاتەى باران دەبارێ مناڵێکى دەرۆزەکەرى سەرجادە و شەقامەکان پاڵتۆى لەبەردا نەبێ...

لەبیرمان بێت ڕەنگە دایکێکى بە حیشمەتى هەتیووبار لە کەنار شەقام و لە سەر شۆستەیەک لفکە یان گیاى خۆماڵى بفرۆشێ و تەنانەت چەترێکیشى پێ نەبێ...

لەبیرمان بێت ئەو کاتەى باران دەبارێ ڕەنگە پیاوێکى ڕیش سپى و پشت چەماوە پاڵ بە عەرەبانەیەکەوە بنێ...
بیرمان نەچێت ڕەنگە کیژۆڵەیەکى شەرمن لەسەر شەقامەکان پێڵاوى خەڵکى بۆیاخ بکات و بنێشت بفرۆشێ...

هەقە ئەو لەحزەیەى باران دەبارێ بیرمان لاى ئەو ماڵانە بێت وەختە دەڕمێن بەسەر ماڵ و مناڵدا و دارەکانى ڕزیوون و دیوارەکانى شەق بوون و پەنجەرەکانى لەبرى شوشە نایلۆنیان پێوەیە و دەرگانیشى بەتانى و گوێنى....

کاتى باران و بەفر و تەرزە و سەرما و سۆڵە، پێویستە بیرمان بێت هەنێ ماڵ نە سۆبا و نە هیتەر و نە بۆیلەر و تەنانەت عەلادین و تەباخێکى نەوت و ئاگردانێکیشیان نییە تا خۆیانى پێ گەرم بکەنەوە یان خۆراکێکى پێ ساز بکەن...

لەبیرمان بێت کە باران بە خوڕ دێتە خوار، کەسانێک هەن بێ پەنا و بێ لانە و حاڵ و ماڵ و ئاوارەن و لە ژێر خێوەتتدان... ترس و سەرما و نەخۆشى وەک دێوەزمەیەک وا بەسەر سەریانەوە، دەسەڵاتدارانیش مێشێک میوانیان نییە و لە عەیش و نۆشى خۆیان ناکەون...

دواجار زۆر پێویستە کاتێک کە باران دەبارێ لەبیرمان بێت کە دوعا و نزا بکەین و بڵێین: (خوایەگیان! بارانى ڕەحمەت بێت... خوایەگیان بە سود و بێ زیان بێت... خوایەگیان بەزەیى و میهرو خۆشى و شادى لەگەڵ ببارێنە) (ڕللهم ێیبا نافعا.)

مودریک عەلى عارف (22-11-2017) لە لەحزەى بارانێکى بەخوڕدا، کە هیوامە بارانى ڕەحمەت بێت.

* تێبینى: یەکێک لە جوانترین نیعمەتەکانى ژیان و دونیا بە لامەوە باران و بەفر و تەرزە و لەحزەى دابارینیانە، بەڵام ئەو خەمەشى هەیە.
 
 
 
 
هونه‌ر بانه‌گوڵانی